تیك توك پەیوەندییەكانی چین و ئەمریكا ئاڵۆزتر دەكات

جیهان

07/08/2020     ژمارەی بینراو 316

راچڵەكین

حكومەتی چین بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ قەدەغەكردنی مامەڵەی دارایی لەگەڵ تیك توك و ویچات و بەكارهێنانیان لە وڵاتەكەی ئیدانە دەكات و بڕیارەكەش بە داپڵۆساندنی سیاسی وەسفدەكات.

هەڵوێستەكەی چین لەكاردانەوەی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ دێت كە تەنها 45 رۆژ مۆڵەتی داوە بۆ داخستنی تیك توك و ویچات لەسەرانسەری ئەمریكا، بە تۆمەتی بەكارهێنانی ئەو دوو تۆڕە كۆمەڵایەتییە لە سیخوڕیكردن بۆ بەرژەوەندی چین.

ئەمەش لەكاتێكدایە ناكۆكی و ململانێكانی نێوان چین و ئەمریكا تادێت روو لە پەرەسەندنی زیاتر دەكات.

دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەم سەرۆكی ئیدارەی ئەمریكا واژۆی لەسەر دوو بڕیار كرد بۆ قەدەغەكردنی مامەڵەی دارایی لەدوای 45 رۆژ لەگەڵ خاوەنەكانی هەردوو پێگەی كۆمەڵایەتی تیك توك و ویچات، ئەوەش بەتۆمەتی كاركردنیان لە بەرژەوەندی حكومەتی چین و پارتی كۆمۆنیستی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە، كە دەبێتە مایەی دروستكردنی هەڕەشەی گەورە لەسەر ئەمریكا.

ترەمپ لەدوای واژۆكردنی هەردوو بڕیارەكە، رایگەیاند: چین دەیەوێ لەرێگەی بەكارهێنانی تیك توك، زانیاری لەسەر هاووڵاتیان ئەمریكا كۆبكاتەوە، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر ئاستی نەتەوەیی وڵاتەكەمان و رێگەی پێنادەین.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن