گەورە تیرۆریستێكی داعش دەستگیركرا

عێراق

07/08/2020     ژمارەی بینراو 289

راچڵەكین AA

هێزەكانی عێراق تیرۆریستێكی داعشیان لە باشووری بەغدا دەستگیركرد، كە لەساڵی 2008 لەرێگەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلێكی بۆكبڕێژكراو، 150 هاووڵاتی مەدەنی كوشتبوو.
 
ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، تیرۆریستێكی داعش ناسراو بە (ئەبو خەتاب) كە لە بەناو مەفرەزەكانی كەرتی بەلەدروز رۆژهەڵاتی دیالە كاری كردووە، دەستگیركراوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، تیرۆریستە دەستگیركراوەكە تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە بازاڕی ناحیەی خان بەنی سەعد باشووری رۆژئاوای دیالە لە ساڵی ٢٠٠٨، كە بەهۆیەوە ١٥٠ كەس كوژراون.

ئاماژە بەوەشدراوە، تیرۆریستەكە دوای چاودێریكردنی لە دیالە و گەیشتنی بۆ ناوچەی دۆرە لە باشووری بەغدا، لەلایەن هێزەكانی ئاژانسی هەواڵگریی لە وەزارەتی ناوخۆ دەستگیركراوە.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا باس لەوەشكراوە، تیرۆریستە دەستگیركراوەكە دانی بەو تاوانانەدا ناوە كە ئەنجامیداون و دوای وەرگرتنی وتەكانی، بەمەبەستی تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان، رەوانەی دادگا كراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن