عێراق و چەند وڵاتێكی كەنداو لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت رێكدەكەون

ئابوری

07/08/2020     ژمارەی بینراو 202

راچڵەكین AA

وەزارەتی نەوت عێراق لەگەڵ چەند وڵاتێكی كەنداو رێككەوتن لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی رێكخراوی ئۆپیك و پابەندبوون بە كەمكردنەوەی ئەو رێژە نەوتەی كە بۆیان دیاریكراوەو لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
 
بەگوێرەی راگەیاندراوێكی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەو رێككەوتنە لەمیانەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی هاوبەشدا هات لەنێوان وەزیرانی نەوتی عێراق، سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، كوێت و عومان، ئەوەش لەپێناو سەقامگیركردنی بازاڕی نەوتی جیهانی و رێگریكردن لە دابەزینی نرخەكەی.

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكدا هاتووە، هەر شەش وڵاتە ئەندامەكەی ئۆپیك، پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەكانی رێكخراوەكە تایبەت بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت نیشاندا، كە لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ هەر وڵاتەو بەڕێژەیەكی دیاریكراو بەرهەمهێنانی نەوت كەمدەكەنەوە.

راگەیاندراوەكە دوای رۆژێك دێت لە بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بە كەمكردنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی دیكە لە رۆژێكدا، ئەمەش دوای كەمكردنەوەی رێژەیەكی دیكەی بەرهەمهێنان لەماوەی رابردوودا.

بەگوێرەی بڕیارەكەی رێكخراوی ئۆپیك، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، قۆناغی دووەمی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێدەكات.   

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن