لەم وڵاتە ماوەی سەد رۆژە هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار نەکراوە

جیهان

09/08/2020     ژمارەی بینراو 666

راچڵەکین-

سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند، رایگەیاند، لە یەکی ئایارەوە تاکو ئێستا کە سەد رۆژ دەکات هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی تۆمارنەکراوە.

جاسیندا ئاردێرن، رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی ئەو سەرکەوتنەی وڵاتەکەی دژ بە پەتای کۆرۆنا بەدەستی هێناوە هیچ وڵاتێک تۆماری نەکردووە، بەڵام پێویستە خەڵکی رێوشوێنەکانی دژ بە ڤایرۆسەکە پشتگوێ نەخەن، بەڵام ئەو رەوشە هیچ مەترسییەک کەم ناکاتەوە کە مەترسییەکی رۆژانەیە، بۆیە بەدڵنیایییەوە مەترسیی بەردەوامە''.

سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو حاڵەتانەی کە ئێستا لە وڵاتەکەیدا هەیە هەمووی سەرچاوەی تووشبوونیان دەرەوەی وڵات بووە، لەبەرئەوە نیوزلاند هێشتا سنوورەکانی زۆر بەوریاییەوە بەڕێوەدەبات، بەڵام پێویستە گەل هۆشیار بن".

هاوکات ئاشلی بلومفیڵد، بەڕێوەبەری تەندروستیی گەلی نیوزلاند، باسی لەوە کردووە کە چوار رۆژی رابردوودا، پشکنینی کۆرۆنا بۆ نزیکەی ١٦ هەزار کەس کراوە و هیچ حاڵەتێکی تووشبوون تۆمار نەکراوە.

ژمارەی دانیشتووانی نیوزلاند پێنج ملیۆن و ١١ هەزار کەس دەبێت و دوا حاڵەتی تووشبوونیش کە لەو وڵاتە تۆمارکراوە یەکی ئایاری رابردوو بوو کە ١٠٠ رۆژ لەمەوبەر بووە.

یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە نیوزلاند لە ٢٨ی شوباتدا تۆمارکرا، بەپێی ئەنجامی ٤٩٤ هەزار و ٤٨١ پشکنین کە لەسەرتاسەری ئەو وڵاتدا ئەنجامدراوە لە کۆی هەزار و ٥٦٩ تووشبوو هەزار و ٥٢٤ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٢٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن