راچڵەكین
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان، پێشوازی لە بڕیارەكەی لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی كوردستان بۆ رەتكردنەوەی پرۆژەی یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی دەكات و ناوی ئەو دوو راوێژكارەش ئاشكرا دەكات كە پرۆژەیاساكەیان نوسیبوو.
سەنتەرەكە لە راگەیاندراوێكدا كە ئەمڕۆ 17-8-2020 بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە ئەوان لە (28ی تەموزی 2020) رەخنەیان لەخوێندنەوەی یەكەمی پێشنیازی یاسای (رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لەهەرێمی كوردستان-عیراق) گرت، كە رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی دەبێت لە ژینگەیەكی سیاسی سەقامگیر گفتوگۆی لەسەر بكرێت و نەكەوێتە نێو ململانێی سیاسی و حزبییەوە، هەروەها ناكۆك نەبێت لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەمافی ئازادی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەگەری.
ئاشكراشیكردووە، درافتی یەكەمی پرۆژەكە لەلایەن هەردوو راوێژكاری پەرلەمان ( مەجید ساڵح و تاریق جەوهەر) نوسراوە بە ئیمزای 53 پەرلەمانتاری حزبەكانی بەشدار لە حكومەت و دەرەوەی حكومەت پێشكەش كراوە بە سەرۆكایەتی پەرلەمان، بەڵام لە ناوەراستی ئابەوە چەند ئەندامێكی پەرلەمان پاكانەیان لەو ئیمزایانە كردو ئیمزاكانیان كشاندەوە.
سەنتەری میترۆ لە راگەیاندراوەكەیدا باسی لەوەكردووە، لە كۆتایی مانگی تەمووز پرۆژە یاساكەی لە لایەن (سەلما فاتیح) سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان بە دەستگەیشت و ئەوانیش لە (6ی ئابی 2020) سەرنجەكانی سەبارەت بە پرۆژەی یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی خستەڕوو، كە رەخنەی زۆرو هەندێك جاریش هەڵسەنگاندنی باشی لەسەر نوسراو و بڵاوكرایەوە، كە زۆرترین رەخنەكان لەسەر مادەی 12ی پرۆژەیاساكە بوو.
راگەیاندراوەكەی سەنتەری میترۆ ئاشكراشیكردووە، دوێنێ 16-8-2020، سەلما فاتیح سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان راگەیاندووە كە مادەی 12 لە پرۆژە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی لادەبەن.
لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا هاتووە،" سەرباری سەرنجەكان لەسەر پرۆژە یاساكە، شێوازی ئیمزاكردن لەسەر پرۆژەكە بۆ پەرلەمانی كوردستان هەندێ حەقیقەتی ترسناكی خستەروو وەك ئەوەی هەندێ پەرلەمانتار بە "بێ ئەوەی پرۆژكە بخوێننەوە ئیمزایان لەسەر كردووە"، پەرلەمانتارێكیش "شوفێرەكەی ئیمزای بۆ كردووە" یان "تەزویری ئیمزای پەلەمانتار كراوە".
سەنتەری میترۆ دواشیكردووە لە هەر پێشنیازە یاسایەكی نوێدا رەچاوی پرنسیپیەكانی ئازادی بیروراو رۆژنامەگەری بكرێت.