راچڵەکین-
وەکو چۆن کەمی عنصری زینک لە لەشدا کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی بەدوای خۆیدا ئەھێنێت وەکو نزم بوونەوەی سیستەمی بەرگری لەش و دواکەوتنی گەشەو پێگەیشتن و قژ وەرین و باریك بوونی تاڵەكانی قژ و نەمانی ئارەزووی خواردن و دابەزینی کێشی لەش و سکچوون و درەنگ ساڕێژبوونی برین و چەندین نیشانەی تر.
بە ھەمان شێوە زیاد بەکارھێنانی عنصری زینک کۆمەڵێک کێشە بەدوای خۆیدا ئەھێنێ وەکو ھێڵنج و ڕشانەوە و کاریگەری خراپ لەسەر مەعیدە و گورچیلەکان.
وە ھەروەھا زیاد بەکارھێنانی زینک دەگۆڕێت بۆ toxin واتا ژەھر لە لەشدا ، جگە لەوەی ئەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی کۆلیسترۆڵە سود بەخشەکەی خوێن کە بە HDL ناسراوە، کە ئەم جۆرە کۆلیسترۆڵە ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گیرانی بۆرییەکانی دڵ ئەکات.
جگە لە ھەموو ئەمانەش زۆر بەکارھێنانی زینک ئەبێتە ھۆی کەم خوێنی چونکە کاریگەری لە سەر کەمتر ھەڵمژینی ئاسن و مس ئەکات لە لەشدا.
بۆ مرۆڤێکی پێگەیشتوو ئەکرێ بوترێت لە ڕۆژێکدا نزیکەی ١٠ میلی گرام لە زینکی پێویستە لەڕێگەی خۆراکەوە.
لە کوردستاندا بەکارھێنانی زینک بووە بە باو و تەنانەت پزیشەکانیش زینک بۆ نەخۆش ئەنووسن، ئەکرێت سوودی لێ ببینرێت بۆ بەھێز کردنی سیستەمی بەرگری لەش بەڵام لە ھەمان کاتدا پێویستە ئاگاداری زۆر بەکارھێنانی بن، چونکە کۆمەڵێک خەڵک ھەن ھێشتا تووشی پەتای کۆرۆنا نەبوون، ماوەیەکی زۆرە زینک بەکار ئەھێنن، وە ھەروەھا کۆمەڵێکی تریش ھەن کاتێک تووشی پەتای کۆرۆنا بوون دەستیان کردووە بە بەکارھێنانی زینک و بۆ ماوەیەکی زۆر دوای تێپەڕاندنی پەتاکەیش ھێشتا بەردەوامن لە بەکارھێنانی، بێ ئاگا لەوەی ئەکرێ کێشەی تەندروستی تر بە دوای خۆیدا بھێنێت.
بۆیە بۆ بەکارھێنانی زینک دوو خاڵ ڕەچاو بکە:
یەکەم: باشترە پێش بەکارھێنانی پشکنین بکەی بۆ زانینی بڕی عنصری زینک لە خوێنتدا
دووەم: کە بەکارت ھێنا لە کاتی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا دوای ئەوەی پەتاکەت تێپەڕاند بەردەوام مەبە لە بەکارھێنانی زینک.
دکتۆر چالاک محێدین، پزیشکی پسپۆڕی زانستی دی ئێن ئەی