راچڵەكین-
وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە راگرتنی، بڕیاری سڕكردنی كاروچالاكییەكانی گروپی "ئەستێرەكان" لە كەلار.
حەمەی حەمەسەعید، ئەمڕۆ سێشەممە 25-2-2020، بە فەرمانێكی وزاری بڕیاریدا بەڕاگرتنی فەرمانی كارگێڕی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و رۆشنبیری و هونەری گەرمیان تایبەت بەسڕكردنی كاروچالاكییەكانی گروپی هونەری ئەستێرەكان لە كەلار.
رۆژانی 22 و 23-02-2020 لە كار و چالاكییەكانی "وەرزی شانۆ لە گەرمیان" بەڕێوەچوون و تێیاندا شانۆگەرییەك بە ناوی "وەرن ببین بە سەگ" نمایشكرا كە هاوكات كاردانەوەی لێكەوتەوە.
لەكاردانەوەیەكیشدا یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلام رایگەیاندووە، لەو شانۆگەرییەدا "زۆرترین سووكایەتی و قسەی بێڕێزی بەرامبەر بە مینبەر و مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی و ئەحكامە شەرعییەكانی ئیسلام كرا".
لەلایەن خۆشییەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان لەبارەی شانۆگەریی "وەرن ببین بەسەگ" لە فەرمانێكی كارگێڕیدا ئاماژە بەوە دەكات، دوابەدوای بەدواداچوونیان بۆ ئەو شانۆگەرییە بڕیاردراوە، "گرووپی هونەریی ئەستێرەكان" بۆ ماوەی ساڵێك لە سەرجەم كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان سڕبكەن.
هەروەها لە فەرمانە كارگێڕییەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو، هەر گرووپ یان كەسێك لە سنووری دەسەڵاتیاندا سووكایەتی بەرامبەر پیرۆزییەكانی هاونیشتمانییان بكات، هەمان رێكاری لەگەڵدا دەگیرێتەبەر و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەیدا رێكارەكان تووندتر دەبن.