چیرۆكی ئەو خوشك و برا ئێزدیەی خێزانێكی داعش هەوڵیاندا وەك منداڵی خۆیان تۆماریان بكەن

ڕاپۆرت

07/09/2020     ژمارەی بینراو 1022

راچڵەكین-AA

ئەمیرو ئەمیرە، ئەو خوشك و برا ئێزدیەی لەچەند رۆژی رابردوودا لەتوركیاوە گەڕێندرانەوە هەرێمی كوردستان، سەردانی دڵی ئێزدییەكان، "لالش"یان كرد و وەك پابەندبوونێك بە رێوڕەسمی ئایینی ئێزدی لەناو لالشدا، ئاوی كانی سپیی كە لەلای ئێزدییەكان پیرۆزە، خواردەوە.

لە پەلامارە تیرۆریستییەكەی 3ی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش كۆمەڵكوژیان دژبە ئێزدییەكان ئەنجام دا و لەو كاتەشدا برا و خوشكێك بەناوەكانی ئەمیر، تەمەن چوار ساڵ و ئەمیرە تەمەن پێنج ساڵ، بە زیندوویی براونەتە تەلەعفەر و مووسڵ و لەوێ زیندانی كراون و دواتر براونەتە سووریا و لەوێ فرۆشراون.

دوای چەندین ساڵ دابڕان لە خێزان و كەسوكاریان، رۆژی شەممەی رابردوو، ئەمیری تەمەن ١٠ ساڵ و ئەمیرەی تەمەن ١١ ساڵ، لەگەڵ شاندی یاوەری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەكەیاندا بۆ ئەنقەرە، گەڕێندرانەوە ھەرێمی كوردستان و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رادەستی كەسوكاریان كرا‌نەوە و دوێنێش یەكشەممە لەلایەن كەسوكاریانەوە بردرانە لالش و لەوێ جارێكی دیكە لە كانی سپی ئاوی زەمزەمیان خواردەوە و رێوڕەسمی تایبەتیان بۆ كرا.

میر جەوھەر عەلی بەگ- بریكاری میری ئێزدیان، رایگەیاند: "ئەمڕۆ، ھەردوو منداڵەكە، ئەمیر و ئەمیرە لەسەر دەستی بریكاری میر و میرحاج-ی ئێزدیخان پێشوازییان لێ كرا و لە كانی سپی لالشی نورانی ئاوی زمزمیان حەڵاڵ كرد و بە كەسوكاریان شادبوونەوە."

وتیشی: "لەبەر بابەتی كۆرۆنا ھیچ كەسمان ئاگادار نەكردووەتەوە كە بێنە لالش، هەربۆیە رێوڕەسمەكە تەنها بە ئامادەبوونی ئێمە و خێزانەكەی بووە، جگە لەوەی كە خۆشحاڵین بە گەڕانەوەیان، ھاوكات بەداخەوەین كە زمانی دایكی خۆیان لەبیر كردووە و ناتوانن قسەی پێ بكەن، چونكە ئەو منداڵانە سەرەتا لە تەلەعفەر و مووسڵ لە زینداندا بوون و دواتر گواستراونەتەوە بۆ سووریا و دواتر خێزانێكی داعش لەگەڵ خۆی بردوونی بۆ توركیا".

ئەمیر ١٠ ساڵە و ئەمیرە تەمەنی ١١ ساڵە، خەڵكی گوندی گرعوزێر رۆژئاوای شنگالن و لەدوای شەش ساڵ گەڕێندراونەتەوە لای خوشك و مامێكیان، ئەوان تا ئێستاش سێ برا، خوشكێك و دایك و باوكیان چارەنووسیان نادیارە. 

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا، خێزانێكی داعش، ھەردوو منداڵەكە 'ئەمیر و ئەمیرە' لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ توركیا و لەوێ داوایەك پێشكەش بە دادگا دەكەن بۆ ئەوەی ھەردوو منداڵەكە بە ئەندامانی خێزانەكەیان تۆمار بكرێن، بەڵام بەھۆی بوونی گومانەوە، داواكەیان لەلایەن دادگا رەتدەكرێتەوە و حكوومەتی توركیا ئەركی بەخێوكردنی منداڵەكان دەگرێتە ئەستۆ و دەیانخاتە ژێر چاودێرییەوە. 

لە ئاداری ٢٠١٧دا، خوشكێكی ئەو دوو منداڵە زانیاری پێ دەگات كە ئەمیر و ئەمیرە لە توركیا نیشتەجێن و بۆ بەدواداچوونی بابەتەكە سەردانی توركیا دەكات و لەوێ دەیاندۆزێتەوە و دواتر پشكنینی دی ئێن ئەی ئەنجام دەدەن و دەردەچێت كە ئەمیر و ئەمیرە، خوشك و برای ئەون.

ھەدیە خودێدا- خوشكی دوو منداڵەكە، دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵم كە خوشك و برای من گەڕانەوە لە 3ی ئابی ٢٠١٤دا كاتێك لەلایەن تیرۆریستانی داعش پەلاماردراین، ھەموو لەیەكتر دابڕاین، دایك و باوكم لەلایەن تیرۆریستانی داعش كوژران، من بەردەوام بەدوای ئەندامانی خێزانەكەمدا دەگەڕام و سێ ساڵ لەمەوبەر زانیمان كە ئەمیر و ئەمیرە لە توركیان و سەردانی ئەوێم كرد و دۆزیمنەوە، دواتر پشكنینمان بۆ كرا و دەرچوو كە خوشك و برای منن، بەڵام بەهۆی رێكارەكانی دادگا نەمانتوانی بیانگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی كوردستان".  

ھەدیە خودێدا وتیشی: "ئەو خوشك و برایەم پێشتر لەدەست داعش بوون و كڕین و فرۆشتنیان پێكرا بوو، دواتر لەلایەن خێزانێكی داعش براونەتە توركیا لەوێ ویستبوویان ھەردوو منداڵەكە لەسەر ناوی خۆیان تۆمار بكەن، بەڵام بەھۆی جیاوازی زمانیان لە قسەكردن، بۆیە داواكارییەكەیان رەتكرابووەوە و حكوومەتی توركیا ھەردوو منداڵەكەی گرتبووە ئەستۆ و خستبوونیە بەر خوێندن تا دۆسیەكەیان لە دادگا تەواو بوو، بەخۆشحاڵییەوە رۆژی شەممە لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی گەڕانەوە ھەولێر و ئەمڕۆش ئێمە بە دیداریان شادبووینەوە".

بەپێی ئامارەكانی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، شەش ھەزار و ٤١٧ كوردی ئێزدی ونبوون و تا ئێستا، سێ ھەزار و ٥٣٧ كەس دۆزراونەتەوە و دوو ھەزار و ٨٨٠ كەسیش بێسەروشوێنن.    

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن