راچڵەکین-
سەرۆکی ئەنجومەنی راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، پێشنیار کراوە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ١٧٥ ئەندام کەمبکرێتەوە.
عەلی شوکری، ئەمڕۆ هەینی راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:" لە هەموارکردنەوەی دەستووردا پێشنیار کراوە بۆ هەر ١٠٠ هەزار دەنگدەرێک یەک ئەندام پەرلەمان جێگر بێت، بەوەش ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ٣٢٩ ئەندامەوە بۆ ١٧٥ ئەندام کەمدەکرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد:"پێشنیارێکی دیکە کراوە کە بۆ هەر ٢٥٠ هەزار کەسێک یەک ئەندام پەرلەمان جێگیر ببێت و هاوکات نابێت تەمەنی ئەندامی پەرلەمان لە ٢٥ ساڵ کەمتر بێت".
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت وتیشی:" پێشنیاز کراوە کە ئەو کوتلەیەی زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە سەرۆکوەزیران پێشکەش بکات، بەڵام بە تەنها رێگەی پێ نادرێت حکومەت پێکبهێنرێت، بەڵکو دەبێت لە رێگەی هاوپەیمانێتییەکەوە حکومەت پێکبهێنێت".