سەرۆكایەتیی یەكێتی راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

23/09/2020     ژمارەی بینراو 1783

راچڵەكین -

سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەیادی 19 ساڵەی كارەساتی خێڵی حەمە، راگەیاندراوێك بڵاودەكاتەوەو تیایدا رایدەگەیەنێت، ناكرێت سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و خۆڕێكخستنەوەیان لەبەرچاو نەگیرێت، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریش بەبێ یەكڕیزی نابێت و تا كۆتاییھێنان بە رەگ و ریشەی بیری توندڕەویی، تیرۆر بەردەوام دەبێت.

سەرۆكایەتی یەكێتی  راشیگەیاندووە، ھەموولایەك دڵنیا دەكەینەوە كە گوزەرانی خانەوادەی شەھیدان بە ئەولەویەتی كارەكانمان دادەنێین و بەردەوام دەبین لە ھەوڵەكانمان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانیان و خزمەتكردنی زیاتریان.
 
دەقی پەیامەكە:
 
نۆزدە ساڵ بەسەر كارەساتی خێڵی حەمە تێپەڕدەبێت و لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا لە 23ی ئەیلولی ساڵی 2001 دا دووژمنانی رووناكی و ئارامی و ئاسایش بێ گوێدانە بەھاكانی مرۆڤایەتی، تیرۆریستانی جندالاسلام و انصار الاسلام دەستی رەشی تیرۆریان گەیاندە گوندی خێڵی حەمە و بەشێوەیەكی دڕندانە و نامرۆڤانە 43 پێشمەرگەی ی.ن.ك-یان لە ناوچەی شارەزوور بەدیلی شەهیدكرد‌ و دواتر تەرمەكانیان شێواندن".
 
لەكاتێكدا یادی ئەو كارەساتە دەكەینەوە وەك سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆمان بە قەرزاری خوێنی شەھیدان دەزانین و سەری رێز لە ئاست گەورەیی ئەو شەھیدانە و شەھیدانی شەڕی تیرۆر و سەرجەم شەھیدانی كوردستان دادەنەوێنین.
 
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان !
 
یەكێتی وەك لایەنی سەرەكی و یەكەمی قوربانی دەستی تیرۆر و شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ھەمیشە لەبەرەی پێشەوەی دژ بە تاریك پەرستان و دوژمنانی ئازادی بووە، یەكێتی یەكەم ھێزی كوردستان و عێراق-یش بوو لەدژی تیرۆر وەستایەوە لە خانەقین تا مەخمور و لە رۆژئاوا و كۆبانیش هێزی پێشمەرگەو دژەتیرۆر و ھێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ رووبەڕووی داعش بونەوە و بەسەریاندا زاڵبوون و سەدان شەھیدیشمان بەخشی بەكوردستان، لەداھاتووشدا بەردەوام دەبین و ھەموو ھەوڵێكمان بۆ سەقامگیری سیاسی و ئارامی و پاراستنی ھەرێمەكەمانە.
 
چونكە ناكرێت مەترسی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر و خۆڕێكخستنەوەیان لەبەرچاو نەگیرێت چونكە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەبێ یەكڕیزی نابێت و تا كۆتاییھێنان بە رەگ و ریشەی بیری توندڕەویی، تیرۆر بەردەوام دەبێت.
 
بۆئەوەش پێویستی بەردەوامی و ھەماھەنگی زیاتری ھەمەلایەنەی نێوان ھێزەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق و ھاوپەیمانان دووپاتدەكەینەوە و بەپشتیوانی خەڵكی خۆمان كوردستانەكەمان دەپارێزین و مەرامی ناحەزان و تیرۆریستان لەگۆڕدەنێین و كار بۆ كوردستانێكی ئاوەدانتر و ئارامتر دەكەین.
 
لەمڕۆژەدا بە پێویستیشی دەزانین ھەموولایەك دڵنیابكەینەوە كە گوزەرانی خانەوادەی شەھیدان بە ئەولەویەتی كارەكانمان دادەنێین و بەردەوام دەبین لە ھەوڵەكانمان بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانیان و خزمەتكردنی زیاتریان.
 
دووبارە سەری رێز و نەوازش لەسەر كێلی سەربەرزی شەھیدانی كارەساتی خێڵی حەمە و شەھیدانی كوردستان دادەنەوێنین و رێزی بێ پایانمان بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان.
 
سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن