وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت دێتە دەنگ

کوردستان

24/09/2020     ژمارەی بینراو 326

راچڵەكین -

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لێدوانەكانی وەزیری دارایی عێراق لەسەر بەقاچاخبردنی نەوت رەتدەكاتەوەو پڕوپاگەندانە بێ بنەما و بێ بەڵگە وەسفی دەكات.

وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا، سەرلەبەری لێدوانەكانی وەزیری دارایی عێراقی لە بارەی بەقاچاغبردنی نەوت رەتكردووەتەوەو رایگەیاندووە، ژمارەكانی تایبەت بە هەناردە و بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن دامەزراوەی دیلۆیت وردبینیان بۆ دەكرێت و بۆ رای گشتی دەخرێتەڕوو.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوەشكردووە كە راستتر ئەوەیە دەسەڵاتی فیدراڵی هەمان رێكاری حكومەتی هەرێم بگرێتەبەر، بە واتای ئەوەی كە رێگە بدات بەوردبینی و بڵاوكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەمەش لەپێناو شەفافیەت و بەر‌پرسیارێتی زیاتر لە كەرتی نەوت لەسەر ئاستی تەواوی عێراقدا.

وەزارەتەكە جەختی لەوەشكردووەتەوە كە روونكردنەوەكەیان لە چوارچێوەی گفتوگۆیەكی گشتگیری نێوان هەردوولایە، كە هەوڵ بۆ بەدەستخستنی راستگۆیی لە پەیوەندییەكانی نێوانیان دەدات، و هەروەها زامنكردن و رێزگرتن لە ئەرك و مافەكانی هەردوولا بە گوێرەی دەستوور.

روونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەدوای لێدوانەكەی عەلی عەللاوی وەزیری دارایی عێراق دێت، كە رایگەیاندبوو، هەرێمی كوردستان رۆژانە 450 بۆ 470 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، بەڵام ئەو بڕە نەوتە دیار نییە كە بە تانكەرو بەرێگەی قاچاخ دەفرۆشرێت.

وەزیری دارایی عێراق، هەرێمی كوردستانی بەوە تۆمەتبار كردبوو، كە بووەتە سەرچاوەی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن