٣٢٠ ملیار دینارەکەی بەغدا دەگاتە هەرێم و دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات

ئابوری

27/09/2020     ژمارەی بینراو 2568

راچڵەكین-

وابڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە 27-9-2020 حكومەتی عیراق ئەو 320 ملیار دینارە رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات كەپێشتر لەنێوان بەغداو هەولێردا رێکكەوتنی لەسەركراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی راچڵەکین، بڕیارە ئەمڕۆ 320 ملیار دینارەکەی بەغدا بگاتە هەرێمی کوردستان و ئەمڕۆ یان سبەینێ خشتەیەکی نوێی مووچە رابگەیەنرێت.

بە گوێرەی رێكکەوتنەكەی نێوان هەولێرو بەغدا بێت، تاكۆتایی ئەمساڵ و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2021، حكومەتی ناوەند مانگانە بڕی 320 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات و لەبەرامبەردا 50% داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێم وەردەگرێت.

پێشتر سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، حكومەتی هەرێم بەردەوامە لەگفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتی ناوەندو لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانانی نێوان هەردوو حكومەت، لەكۆبوونەوەی هەفتانەی خۆیان بەردەوامن بۆ داڕشتنی ستراتیژییەتی دارایی عیراق بۆ ساڵانی 2021-2022 و 2023.

وتیشی، ئەو هەنگاوەش بنەمایەكی سەرەكی دەبێت بۆ پرۆژەیاسای بودجەی 2021 و چەسپاندنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەپرۆژە یاساكەدا، پێش ئەوەی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بكرێت بۆ پەسەندكردنی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن