مستەفا كازمی فەرماندەی پاراستنی ناوچەی سەوز لە پۆستەكەی لادەبات

عێراق

29/09/2020     ژمارەی بینراو 312

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق

راچڵەكین –

سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەرماندەی پاراستنی ناوچەی سەوزی بەغدا لە كارەكەی دووردەخاتەوەو فەرماندەیەكی دیكە لە شوێنەكەی دادەنێت.

میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ 29-9-2020، بە فەرمانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لیوا روكن شەهاب ناسڕ لە بەرپرسیارێتی پاراستنی ناوچەی سەوزی بەغدا لەكارەكەی دوورخرایەوە.

كازمی بڕیاریشیدا ئەركی پاراستنی ناوچەی سەوز، كە دەزگا گرنگەكانی حكومەتی عێراق و نێردە دیبلۆماسییەكانی وڵاتانی بیانی لێیە، بە لیوا روكن حامد ئەلزوهێری بسپێرێت و فەرمانیدا بكرێتە فەرماندەی ئەو هێزەی كە ئەركی پاراستنی ناوچەكەی لە ئەستۆیە.

لابردنی فەرماندەی هێزی پاراستنی ناوچەی سەوز لە كارەكەی، لەدوای هێرشە مووشەكییەكانی ئەم دواییە دێت بۆسەر ناوچەی سەوزو باڵیۆزخانەی ئەمریكا، كە دوایین هێرشی مووشەكی، ئێوارەی دوێنێ 28-9-2020 بوو، كە لەئەنجامی كەوتنەخوارەوەی مووشەكێكی جۆری كاتیۆشا بەسەر ماڵێكدا، پێنج هاوولاتی مەدەنی كوژران و دوو كەسی دیكەش بریندار بوون، كە سەرجەمیان ژن و منداڵ بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن