هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ڕه‌بۆ

تەندروستی

15/10/2020     ژمارەی بینراو 775

هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی ڕه‌بۆ


ڕاچڵه‌كین-
نه‌خۆشی ڕه‌بۆ بریتیە لە تەسکبوونەوەو هەڵئاوسانی بۆریەکانی هەوا دەرئەنجامی هەوکردنێکی درێژخایەن و دەردانی رژێنەکان بۆ ناو بۆری هەوا زیاد لە پێویست، کە دەبێتە هۆی کۆکە و هەناسە تەنگی لە کەسی توشبوودا، دكتۆره‌ نیگا پسپۆری نەخۆشیەکانی مناڵان و تازە لەدایک بووان و گەشە له‌م بابه‌ته‌دا هۆكار و نیشانه‌ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر ڕونده‌كاته‌وه‌.

نیشانەکانی:
نیشانەکانی نەخۆشیەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر و لە هەمان کەسیشدا لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر جیاوازە. بەڵام گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

1-کۆکە
2- هەناسە تەنگی
3-کەم خەوی لە شەودا
4- کەمی چالاکی لە رۆژدا
5- شینبونەوەی لێوو سەرپەنجەکان
6.-خیزەی سنگ

هۆکارەکانی:
تا ئێستا بە تەواوەتی دیار نیە بۆچی هەندێ کەس توشی رەبوو دەبن و هەندێکی تر نا، بەڵام ئەوەی رونە ئەوەیە کە دەرەنجامی پێکگەیشتنی کۆمەڵێ هۆکاری بۆماوەیی و ژینگەییە، بۆیە ئەوەی والە منداڵ دەکات کە زیاتر توشی رەبوو ببیت بریتیە لە:

1-ئەگەر یەکێ لە ئەندامەکانی خێزانەکە نەخۆشی رەبووی هەبێت.
2- ئەگەر نەخۆشیەکی تری هەستیاری هەبێت، وەکو هەستیاری پێست، یان هەستیاری وەرزی.
3- کێشی زیاد بێت.
4- لە ژینگەکەیا جگەرەکێش، وە یا هەر پیسبونێکی تری ژینگەی هەبێت بە شێوەی بەردەوام.

لەو کە سانەی کە نەخۆشی رەبوویان هەیە ئەم هۆکارانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی نەخۆشیەکەو خراپبونی باری تەندروستی منداڵەکە:

1- هەڵامەت و هەوکردنی بۆریەکانی هەواو سیەکان.
2- ماندوبوونو وەرزشی زۆر.
3- پیسبونی هەواو تەپوتۆزو دوکەڵو بۆنی تیژ و هەبونی ئاژەڵ لە ماڵەوە وەک باڵندەو سەگ و پشیلە.
4- هە ندێ دەرمانی وەک ئەسپرین و دژە پەستان وهتد.
5- پەستانی دەرونی زۆر.
6- هەندێ مادەی پارێزەر کە لە خواردنی قوتو وشککراودا بەکاردێت وەک سەلفایتەکان.
7- لەو کە سانەی کە کێشەی گەرانەوەی ترشەڵۆکی گەدەیان هەیە، چونکە رەنگە هەندێکی بچێتە بۆری هەواوە و ببێتە هۆی هەستیاری.

لە کاتێکدا کە نە خۆشی رەبوو نەخۆشیەکی درێژخایەنە و رەنگە ببێتە کێشەیەک بۆ خێزانەکە ئەگەر بەوردی چاودێری نەکرێت ئەگەری هەیە بگاتە ئەو رادەیەی ژیانی منداڵەکە بکەوێتە مەترسیەوە، وە یا توشی هەناسە تەنگی بەردەوام و کەم خەوی و کەمی گەشە و پابەند نەبون بە خوێندن و چالاکیەکانی بکات، بە ڵام خۆشبەختانە دایک و باوک ئەگەر رەچاوی ئەم خاڵانە بکەن دەتوانن خۆیان لە زۆربەی ئەو کێشانە بە دوور بگرن:

1- پابەندبوون بە وتەکانی پزیشک و ئەو رێکارانەی بۆی دانراوە، کە تێیدا دیاری کراوە منداڵەکە لە چ ئاستێکی نەخۆشیەکەدایەو پێویستەکا ئەگەر خراپتربوو چیبکا، کە ئەمەش لە کە سێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆرێت و پێویستە لەلایەن کەسی پسپۆر و شارەزاوە دابنرێت.

2- وەرگرتنی کوتان دژی هەڵامەت و هەوکردنی سیەکان.

3. بزانی منداڵەکە بەچی خراپتر دەبێت و لەو شتانە بەدووری بگریت.

4- چاودێری وردی هەناسەدان و چالاکی منداڵەکە، بۆئەوەی لە کاتی خراپبوندا زوو فریای منداڵەکە بکەویت.

5. بەوردی دەرمانەکانی بە کاربهێنێت وە پێویستە دایک و باوک وریابن دوو جۆر دەرمان هەیە، جۆرێکیان ئەو دەرمانەن کە پێیان دەوترێت(releiver) وەک ئەو هەڵمەی کەلە نەخۆشخانە بۆ منداڵان دەکرێت وەیا خۆیان بەکاری دێنن بە شێوەی بخاخ، وە جۆرێکی تریان(controller) ئەمە ئەو دەرمانەن کە بۆکۆنترۆڵکردنی نە خۆشیەکە بەکاردێت، بۆیە ئەگەر نەخۆشەکە بەرێژەیەکی زۆر پشت بە جۆری یەکەم ببەستێت، یاوەک زۆر دەیبینین کە گوێ بە منداڵەکە نادرێت و تەنها کە هەناسەی زۆر توند دەبێت دەبرێتە نەخۆشخانەو دەڵێن دکتۆر گیان هەڵمەکەی بۆ بکەو تەواو، ئەمە مانای وایە نەخۆشیەکە لەژێر کۆنترڵدا نیەو دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆری پێبکرێتەوە بۆ ئەوەی دەرمانەکانی بۆ رێکبخاتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن