سەرۆكایەتی كۆماری عیراق: بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان جێی قبوڵكردن نییە

کوردستان

17/10/2020     ژمارەی بینراو 250

راچڵەكین-

سەرۆكایەتی كۆماری عیراق رایدەگەیەنێت، بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان، كە خاوەن رەمزیەت و پێگەی مێژووییە، قابیلی قبوڵ نییە. 

وتەبێژێك بەناوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا پەلاماردانی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستانی لە بەغدا ئیدانە كردوو رایگەیاند:" سووتاندنی بارەگا و شوێنە گشتییەكان ناچێتە خزمەت بەرژەوەندی وڵات، بەڵكو ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەخاتە مەترسییەوە، هاوكات جەختیش دەكاتەوە كە بێڕێزی بە ئاڵای كوردستان، كە خاوەن رەمزیەت و پێگەی مێژووییە، قابیلی قبوڵ نییە."

لە راگەیەندراوەكەی وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماردا داوا لە حكومەتی عێراق كراوە كە لێكۆڵینەوەیەكی خێرا دەست پێ بكرێت و ئەوانەی كەمتەرخەمن سزا بدرێن، لەهەمان كاتیشدا داوا له ‌هەموو لایەنەكان دەكات دان بەخۆیاندا بگرن.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" هاریكاری و یەكڕیزی نێوان سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزەكانی دیكە سەركەوتنیان بەسەر تیرۆر بەدەست هێنا، بۆیە رێگەپێدراو نییە ئەو قوربانیانە تێكەڵ بەشتی لاوەكی و هەڵچوون و ئاژاوەگێری بكرێن كە ئەمڕۆ ئەوانە بەسوتاندنی ئاڵای كوردستان گوزارشتیان لێكرد، ئەو ئاڵایەی پێگه ‌و رەمزیەت و دەلالەتی مێژوویی لای عێراقییەكان هەیە و بەشێكە لە پێكهاتەی دەستووری عێراق".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن