نیشانه‌كانی توشبوونی منداڵ به‌ ئۆتیزم

تەندروستی

29/02/2020     ژمارەی بینراو 1871

ئۆتیزم

ڕاچڵه‌كین-

ئۆتیزم نەخۆشییەکی ئاڵۆزی مێشکە و بەهۆی کێشە لە کۆئەندامی دەمار دەردەکەوێت واتا بریتیە لە تێكچوونی باری گەشەكردنی ئەقڵ، كە كاریگەری لەسەر مێشك دەبێت لەڕووی چالاكی كۆمەڵایەتی و پەیوەندییەكانی بەدەوروبەرەوە لە سێ ساڵی یەکەمی تەمەنی مرۆڤدا دەرەکەوێت.

- تووشبووانی ئۆتیزم لە قسەكردن تێناگەن یاخود بەگران توانای تێگەیشتنی وشەكانیان هەیەو ناتوانن گوێ لەوانیتر بگرن و لە ئاماژەكانی جەستەی بەرامبەر بگەن و كۆنترۆڵی چینەكانی دەنگ و ریتمیەكەی بكەن و هەندێك جاریش وشەی كەسەكانی تر چەند بارەدەكەنەوە و بێتواناشن لەوەی بتوانن پەیوەندی بەوانیترە بكەن لەرووی كۆمەڵایەتیەوە.

- پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناخێکی سەرەتایی تووشبوونیاندا دەستنیشاندەکرێن و دەست بەچارەسەریان دەکرێت، مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە رووی رەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان باشتردەبن.

- دەستنیشانكردنی نەخۆشی ئۆتیزم لەرێگەی چاودێریكردنی راستەوخۆی رەفتاری ئەو منداڵانەوە دەبێت لەلایەن كەسانی پسپۆڕەوە بەتایبەتیش بەر لەتەمەنی سێ ساڵی و كۆكردنەوەی زیاتر زانیاری لەباری ئەو منداڵانە لەرێگەی دایك و باوك و كەسە نزیكەكانیانەوە.

 - دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە بەسێ قۆناغدا تێدەپەڕێت پاشان بڕیاری كۆتایی دەدرێت لەوەی كە ئەو منداڵە ئۆتیزمی هەیە یاخود نا و ئەو قۆناغانەش بریتین لەوەی كە منداڵەكە لەلایەن پزیشكی منداڵان-پسپۆڕی مێشك-پزیشكی دەروونییەوە دەبینرێت تا پشكنینی وردو و وێنەی تیشكی بۆبگیرێت ودڵنیاببنەوە لەوەی كە منداڵەكە ئۆتیزمی هەیە.

 نیشانەكانی ئۆتیزم
بەر لەوەی باس لە نیشانەکان بکەین دەبێت بزانین بوونی نیشانەیەک یان دوان یان سێ مانای ئەوە نیە کە منداڵه‌کەمان ئۆتیزمی هەیە واتا وەک گوتمان دەبێت کەسانی پسپۆر و پزیشکان دەریخەن کە منداڵەکە ئۆتیزمی هەیە یاخود نا.

نیشانەکان
1-بەگران تێكەڵاو بەكەسانی تر دەبێت واتا پەیوەندی کۆمەڵایەتیان زۆر لاوازە
2-وەك منداڵێكی لاڵ هەڵسوكەوت دەكات.
3-حەزی بەفێربوون نییەو دژی دەوەستێتەوە. هەندێك کاتیش زوو فێر دەبێت
4-جمودۆڵی زۆرە
5-پێكەنین و قاقا بەبێ هۆ، یاخود گریانی نا ئاسایی
6-زیاد لە پێویست هەستیارن بۆ دەنگ یاخود بە پێچەوانەوە .
7- حەزی بەدەستلەملان نییە.
8-سەرنج دانیان نیە.
9-زۆر دووبارەکردنەوەی ڕەفتارەکان.
10-هۆگربوونی بەشتەكان و یاریكردن لەگەڵ ئەو شتانەدا.
11-گۆشەگیرەوحەزدەكات بەتەنیا بمێنێتەوە.


هۆکارەکانی ئۆتیزم

تاکو ئێستا هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکە دیارنییە، بەڵام هەندێ کات هۆکارەکان ژینگەیین وە هەندێك کات بۆماوەیی
کاتێک تاکێکی منداڵی دووانە تووشی ئۆتیزم دەبێت، ئەگەری تووشبوونی منداڵەکەی دیکە 70-90% دەبێت، ئەمەش ئاشکرایدەکات کە نەخۆشییەکی بۆماوەییە و کۆمەڵێک بۆهێڵ بەرپرسن لە گواستنەوەی نەخۆشییەکە.

هۆکاری ژینگەیی وەک تووشبوونی دایک بە نەخۆشی ڤایرۆسی و ژەهراوی بوون لەکاتی دووگیانی ئەگەری تووش بوونی کۆرپەلە بە ئۆتیزم زیاد دەکەن.

چۆنیه‌تی چارەسەری ئۆتیزم:
توێژینەوەكان سەلماندویانە باشتر وایه‌ پێشوەختە لە پێش تەمەنی سێ ساڵی منداڵەكەوە دەبێت چاره‌سه‌ر بكرێت، کۆمەڵێک چارەسەر هەن بۆ تووشبووانی ئۆتیزم، کە زۆربەیان پەیوەستن بە چارەسەری رەفتار و گەشەی منداڵان
تاکو ئێستا دەرمانێکی تایبەت بۆ نەخۆشییەکە نەدۆزراوەتەوە.

هەندێکجار منداڵان راهێنانیانی تایبەتیان پێدەکرێت، تاکو بتوانن خۆیان خواردن بخۆن و خۆیان پاکبکەنەوە، هەروەها فێری گفتوگۆکردن و چالاکی جەستەیی دەکرێن، هەروەک لە زۆر وڵات قوتابخانە و فێرگەی تایبەت هەن بۆ خوێندنی منداڵانی ئۆتیزم کە پێویستە لەلایەن ڕاهێنەران و شارەزایانی ئەو بوارەوە چاودێری بکرێن و چارەسەرەکان لای ئەوان بکرێت .

س: ڕێكخراوی ڕێنمایی دەروونی و خێزانی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن