شەش هۆکار بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری ئیفلیجی مێشک

تەندروستی

21/10/2020     ژمارەی بینراو 2500

شەش هۆکار بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری ئیفلیجی مێشک

ڕاچڵه‌كین-

توشبوونی منداڵ به‌ ئیفلیجی مێشك حاڵه‌تێكی مه‌ترسیداره‌ و زۆر گرنگه‌ پێش وه‌خته‌ دایكان كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ هه‌موو ڕێگه‌یه‌گ بگرنه‌ به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌، دكتۆر سۆران پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان له‌م بابه‌ته‌دا شه‌ش هۆكار باس ده‌كات كه‌ ئه‌گه‌ری ئیفلیجی مێشك كه‌مده‌كاته‌وه‌:
یەکەم/
پێویستە دایکان سەردانی پزیشکی پسپۆری ئافرەتان بکەن کاتێک بڕیاری دووگیانی دەدەن و دوای ئەوەش کە دووگیان دەبن بۆ وەرگرتنی ڕینمایی و چارەسەری پێویست وەکو وەرگرتنی پێکوتە و فۆلیک ئەسید و هتد..


دووەم/
چارەسەرکردنی هەر حالەتێکی نەخوازراو وەکو بونی هەوکردن یان هەر نەخۆشیەکی تری وەکو فشاری خوێن و شەکرە و نەخۆشی ڕژێنی دەرەقی(غوددە) لە کاتی سکپڕی.

سێیەم/
منداڵ بون پێویستە لە نەخۆشخانە بێت و لەژێر چاودێری پزیشکی ئافرەتان و بەئامادەبونی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان نەوەک لە ماڵ، چونکە منداڵ بون لە ماڵ ئەگەری ئیفلیجی زیاتر دەکات.

چوارەم/
هەر کات منداڵ زەردوویی هەبو پێویستە پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بیبینێت بۆ دڵنیابوونەوە لەجۆری زەردووییەکە و چارەسەری پێویست چونکە زەرتک هۆکارێکە بۆ ئیفلیجی مێشک ئەگەر بە دروستی چارەسەر وەرنەگرێت.

پێنجەم/
پابەندبون بە کوتانی منداڵ و چارەسەرکردنی منداڵەکەت بەدروستی کاتێک نەخۆش دەبێت بۆ دوور بون لە هەوکردنی مێشک و پەردەی مێشک کە هۆکارێکی گرنگی ئیفلیجی مێشکە.

شەشەم/
پاراستنی منداڵ لە کەوتن و بەربوونەوە و بەرکەوتنی سەری بەچاودێری کردن و دوورخستنەوەی لە شوین و ڕەفتاری مەترسیدار و ڕانەهەژاندنی منداڵی بچوک کە زۆر جار دەبێتە هۆی خوێن بەربونی مێشک و ئیفلیجی.

تێبینی/ ڕەچاوکردنی ئەو خاڵانە ئەگەری توش بون کەم دەکاتەوە نەک بنەبڕی بکات چونکە هۆکاری نەزانراو هەن کە ناتوانرێ بەری لێبگیرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن