سێ سیناریۆ بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و دەنگدان بە كابینەكەی عەللاوی

ڕاپۆرت

01/03/2020     ژمارەی بینراو 1031

محەمەد تۆفیق عەللاوی

راچڵەكین-

 لە كۆبوونەوەیەكی نائاسایی دا ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق چارەنوسی محەمەد تۆفیق عەللاوی یەكلا دەكاتەوە كە ئایا ڕادەسپێردرێت بۆ حكومەتی نوێ یاخود ڕەتدەكرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێكی سكای نیوز، چەند كاتكۆیەك پێش دانیشتنە چاوەڕوانكراوەكەی پەرلەمانی عێراق، هێزە سەرەكییە شیعەكانی عێراق ڕەتیانكردووەتەوە متمانە بە حكومەتەكەی عەلاوی بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش هێزە شیعەكان داوایان لە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون كردووە عەلاوی بگۆڕن بە كەسایەتیەكی دیكە.

لەسەر ئاستی مەیدانیش، وەك ڕەچاوكردنی ئەگەری دەستنیشانكردنی عەلاوی بۆ سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق و دروستبوونی ناڕەزایی، دەسەڵاتدارانی عێراق پردی سنك و ناوچەی سەوزیان لە بەغدا داخستووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ رێگری لە خۆپیشاندانی هاوڵاتیان بەتایبەت كە داوا كراوە هاوڵاتیان لە پارێزگاكانی دیكەوە بێنە بەغدا بۆ ناڕەزایی دەربڕین.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش بڕیاربوو لە دانیشتنێكی نائاساییدا متمانە بدرێتە محەمەد تۆفیق عەلاوی وەك سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاسایی و ناكۆكی سیاسی دانیشتنەكە دواخرا بۆ شەممە، ڕۆژی شەممەش بە هەمانشێوە دواخرا بۆ یەكشەممە.

سێ سیناریۆ بۆ دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق

بەپێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی حوڕرەی عێراقی، چاودێران سێ سیناریۆ بۆ دۆخی عێراق چاوەڕوان دەكەن،  یەكەمیان متمانەدانە بە حكومەتەكەی عەلاوی و ڕێككەوتنی لایەنەكان، ئەگەر ئەوەش ڕوونەدات بەرهەم ساڵح نزیك دەبێتەوە لەوەی بەپێی دەستور هەردوو پۆستی سەرۆك كۆمار و سەرۆكوەزیرانیش بەڕێوەببات.

بەڵام هەندێك لە لایەنە سیاسیە عێراقییەكان لەم سیناریۆیە دەترسن، هەرچەندە كاتییە، چونكە نایانەوێت كەسێك پۆستی سەرۆكوەزیران بەڕێوەببات نزیك نەبێت لە ئێرانەوە، بەتایبەت لایەنە سەرەكییەكانی شیعە كە دۆستی ئێرانن.

سیناریۆی دووەم ئەوەیە، كە بتوانرێت بەشێوەیەك لە شێوەكان حكومەتەكەی عەلاوی متمانەی پێبدرێت هەرچەندە هەموو پۆستە وەزاریەكان پڕنەكراونەتەوە و پاشان دانوستانەكان درێژەیان پێبدرێت.

سیناریۆی سێیەم كە بە وتەی چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق ئەگەری ڕوودانی دوورە، درێژكردنەوەی ماوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراقە كە ئەمەش ناڕەزایی زۆری جەماوەری بەدوای خۆیدا دەهێنێـت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن