بەڵێنی یارمەتییەكانی ئەوروپا بۆ كازمی.. دەتوانێ عێراق لە "قەیران" رزگار بكات

ڕاپۆرت

26/10/2020     ژمارەی بینراو 547

راچڵەكین-

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بە سەرۆكایەتی شاندێك گەشتێكی بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامدا كە لە میانیدا سەردانی هەریەك لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیای كرد.

ئەم سەردانەی مستەفا كازمی بۆ ئەوروپا، بەیەكەم سەردانی بۆ ئەو سێ وڵاتە دادەنرێت لەوەتەی دەستبەكاربوونی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوودا.

مستەفا كازمی كە خۆی چەندینجار باسی ئەوەی كردووە كە هاتووەتە سەر خەزێنەیەكی خاڵی و لەوكاتەی كە بووەتە سەرۆكوەزیران، عێراق گیرۆدەی چەندین قەیرانی قوڵ بووە، بۆیە ئەركی حكوومەتەكەی زۆر سەخت بووە، ئەگەر چی ئەركی حكوومەتەكەی كازمی ئامادەكارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام بەبێ هەنگاونان بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانانەی كە رووبەڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە لەگەڵ جێبەجێكیردنی داواكاری خۆپیشاندەران بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە ئاستەم دەزانرێت.

مستەفا كازمی لە داوای دەستبەكاربوونی، یەكەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئێران بوو. ئاشكرایە كە هەژموونی ئێران لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسیی و حوكمڕانی لە عێراق كاریگەری روون و ئاشكرای هەبووە، لە بەرامبەردا ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی هەژموون و كاریگەری ئێران لە عێراق بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لە مستەفا كازمی و حكوومەتەكەی دەكات.

ئەگەر چی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی چەندینجار جەختی لەوە كردووەتەوە كە عێراق ئەوە ناخوازێت كە وڵاتەكەی ببێت بە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی دیكە، بەڵام ئەوە بەڕوون و ئاشكرا دیارە كە ئێران و ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق ململانێكانیان دەكەن. دیارترینیان كوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریكاوە لەسەر خاكی عێراق، لە بەرامبەردا گرووپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران هێزەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی و تەنانەت باڵیۆزخانەكەیشی لە بەغدا دەكەنە ئامانجی هێرشەكانیان.

مستەفا كازمی لە كاتێكدا پشتیوانی هێزە سیاسییەكانی بەدەستهێنا بۆ بوون بە سەرۆكوەزیران، عێراق لە قەیرانێكی قوڵی سیاسیی و ئەمنییدا بوو، بەو پێیەی حكوومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی تشرینی یەكەمی ساڵی ٢٠١٩دا ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا و داوی شكستهێنانی دوو راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت بوو بە سەرۆكوەزیران.

 مستەفا كازمی لە دوای بوونی بە سەرۆكوەزیران، لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، هەرێمیی و نێودەوڵەتیی پشتیوانی خۆیان بۆ دووپات كردەوە.

وێڕای ئەوەی كە وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش ئەوەیان دووپات كردووەتەوە كە ئەوان لەگەڵ بەهێزبوونی عێراقدان لە هەموو بوارەكاندا، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت كازمی لەئێستادا، لەژێر كاریگەری كۆمەڵێك قەیراندایە كە دەكرێت لە دوو رەهەندەوە لێی بڕوانرێت؛ لەسەر ئاستی ناوخۆیی، قەیرانی دارایی و ئەمنیی گەورەترین قەیرانی بەردەم كازمی-ین، لەڕووی ئابوورییەوە، وەك ئاماژەمان پێدا، بەوپێیەی عێراق وەك سەرچاوەی سەرەكی داهات پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێت، لەئێستادا داهاتەكەی بەشی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش ناكات، ئەمەش وا دەكات حكوومەتەكەی لەڕووی خزمەتگوازرییەوە نەتوانێت هیچ پرۆژەیەك ئەنجام بدات، لەسەر ئاستی ئەمنیش رۆژانە كردەی تیرۆریستیی و جموجۆڵەكانی داعش لەلایەك و بەردەوام كردنەئامانجی هێزەكانی ئەمریكا لەلایەكی دیكەوە كازمی خستووەتە بەر ئاڵنگارییەكەی گەورە كە لەم قۆناغەدا ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی بە ئەستەم دەزانرێت.

لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوخۆییش، ئێران لە رێگەی گرووپە چەكداریی و هێزە سیاسییەكانی نزیك لە خۆی فشار لە كازمی دەكەن بۆ پابەندكردنی بە جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی بیانی لە عێراق، لەلایەكی دیكەش فشاری ئەمریكا بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری و هەژموونی ئێران لە عێراق.

بەردەوامی ململانێكی ئەمریكا و ئێران لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێك هەردوولا باڵیۆزی ئەوی دیكە بخاتە لیستی سزاكانییەوە، ئەمەش دووبارە كازمی خستووتە بەردەم رووشكان.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی وڵاتانی ئەورووپا، هەفتەی رابردوو گەشتێكی بۆ هەریەك لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەنجامدا.

ئامانجی گەشتەكەی بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەو وڵاتانەیە لەڕووی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاندانی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتانەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە عێراق.

مستەفا كازمی كە لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا چووە فەڕەنسا، لە میانیدا لەگەڵ سەركۆماری ئەو وڵاتە، ئیمانوێل ماكرۆن كۆبووەوە و سەبارەت بە پتەوتركردنی پەپوەندیی دووقۆڵیی و هاوكارییە هاوبەشەكانی نێوان بەغدا و پاریس لە بوارە جیاجیاكاندا گفتوگۆ كرا.

فەڕەنسا كە ئەندامێكی كارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعشە، بەردەوامی پشتیوانییەكانی بۆ عێراق دووپاتكردووەتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا، سەرەتای مانگی ئەیلوولی رابردوو، ماكرۆن بە سەردانێكی یەك رۆژە هاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

سەردانەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی بۆ پاریس، بۆ تەواوكردنی ئەو گفتوگۆیانە بوو كە ئەو كات بەهۆی كەمی كاتی سەردانەكەی ماكرۆن بۆ بەغدا نەتوانرا بە درێژی باسیان لێوەبكرێت بەتایبەت پرسی كڕینی چەك بەپێی پێداویستییەكانی سوپای عێراق لە فەڕەنسا. 

ئامانجێكی دیكەی سەردانەكەی كازمی بۆ پاریس، داواكردنی ناردنی چەند چاودێرێك بوو بۆ كاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

مستەفا كازمی لە میانی سەردانەكەیدا بۆ فەڕەنسا، بەغدا و پاریس سێ یاداشتنامەیان لە بوارەكانی گواستنەوە، كشتوكاڵ و فێركردن واژوو كرد.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە دووەم وێستگەی سەردانەكەیدا، چووە ئەڵمانیا و لە بەرلین لەگەڵ راوێژكاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێركڵ كۆبووەوە.

كازمی لە سەردانەكەی بۆ بەرلین، سوپاسی پشتیوانییەكانی ئەڵمانیای كرد بۆ عێراق لە شەڕی دژبە داعش و خواستی وڵاتەكەی بۆ پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ ئەڵمانیا لە بواری ئەمنی و سەربازیی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە تایبەتیش لە بواری مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق دووپات كردەوە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی ئێوارەی رۆژی ٢٠ی تشرینی یەكەم، گەیشتە لەندەن و رۆژی ٢٢ی تشرینی یەكەم دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەریتانیا دەست پێكرد.

ئەوەی بووە مایەی پرسیار، جیاواز لە سەردانەكەی بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا كە بە گەیشتنی بۆ پاریس و بەرلین دیدار و كۆبوونەوەكانی دەستپێكرد، بەڵام لە بەریتانیا رۆژی ٢١ی تشرینی یەكەم، كازمی هیچ دیدار و كۆبوونەوەیەكی ئاشكرای نەبوو، ئەمەش بووە مایەی پرسیار لای میدیاكان.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە لەندەن لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن و جێنشین، شازادە چارلس و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، دۆمێنیك راب كۆبووەوە.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە میانی دیدار و كۆبوونەوكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، تاوتوێی هەماهەنگی نێوان بەغدا و لەندەن لە بەرەنگاربوونەوەی تئیرۆر و بوارەكانی سیاسیی و ئابووری كرد.

هەر لە میانی سەردانەكەیدا بۆ لەندەن، كازمی سەردانی مۆزەخانەی بەریتانیای كرد و ئەو پێنج هەزار پارچە شوێنەوارەی بینی كە بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ بەریتانیا رادەستی عێراقیان بكات كە ئەمەش بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی سەردانەكەی كازمی دادەنرێت.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی لە سەردانەكەیدا بۆ پاریس، بەرلین و لەندەن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەو سێ وڵاتە كۆبووەوە و خواست و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ كۆمپانیاكانی ئەو سێ وڵاتە لە عێراق نیشاندا، بەڵام ئایا ناسەقامگیری رەوشی ئەمنی بەتایبەت دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو رێگایە لەبەردەم كۆمپانیا بیانییەكان واڵا دەكات تاوەكو رووبكەنە عێراق.

لە كاتێكدا كە كازمی بە سەرۆكایەتی شاندێكی وڵاتەكەی لە ئەورووپا بوو، پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی عەرەبی لە رۆژەڤدایە و دەگوترێت پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل یەكێك بووە لە تەوەری كۆبوونەوەكانی كازمی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە.

پێشتر سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ كە لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی پلانی سەدە (صفقە القرن) سەرپەرشتی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئیسرائیل-عەرەب دەكات، رایگەیاندبوو كە پێنج وڵات بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت ئامادەییان نیشانداوە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ تەل ئەبیب ئاسایی بكەنەوە. چاودێران پێیان وایە كە عێراق یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی كە ترەمپ خواستی ئاسایییكردنەوەی پەیوەندییەكانیانی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاندبوو.

لێرەدا كازمی دیسان دەكەوێتەوە بەردەم دووڕیانێكی سەخت بەجۆرێك كە ئەگەر ملكەچی فشاری ئەمریكا نەبێت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسرائیل ئەوا ئەگەری هەیە بكەوێتە ژێر سەپاندنی سزاكانی ئەمریكا و ئەگەر بڕیاری ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی بەغدا لەگەڵ تەل ئەبیب بدات ئەوا لەناوخۆدا رووبەڕووی كاردانەوەی توندی گرووپە چەكدارییەكان دەبێتەوە، بەتایبەت دوای فەتواكەی هەفتەی رابردووی مەرجەعی باڵای شیعە كە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیلی رەتكردەوە و كڕین و فرۆشتن و بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا حەرام كرد.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی دوای گەشتەكەی بۆ ئەورووپا كە لە میانیدا سەردانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیای كرد، ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو گەڕایەوە بەغدا و لە لێدوانێكدا سەردانەكەی بە سەركەوتوو وەسف كرد، بەڵام هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی سەردانەكەی بكرێت و لە داهاتوودا ئەنجامەكانی دەردەكەون. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن