وەزارەتی كشتوكاڵ هەنگاوێكی نوێ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی پەتاتە دەنێت

کشتوکاڵ

26/10/2020     ژمارەی بینراو 461

لەرێگەی گرێبەستێكەوە كارگەكانی جپس بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی دەكڕنەوە

راچڵەكین –

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم هەنگاوێكی نوێ لەبەرژەوەندی جوتیارانی بەرهەمهێنی پەتاتە دەگرێتەبەرو لەرێگەی ئەنجامدانی گرێبەستێك، كارگەكانی جپس بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵی لە جوتیاران دەكڕنەوە.

بەگوێری راگەیاندراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، گرێبەست لەنێوان كارگەكانی جپسی پەتاتەو جوتیارانی پەتاتە دەكرێت بۆ كڕینەوەی بەرهەمی پەتاتەو خولی راهێنانیش بۆ جوتیاران دەكرێتەوە.

لە راگەیاندراوەكە هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 26/10/2020، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كارگەكانی جپسی پەتاتەو نوێنەری جوتیارانی پەتاتەی كرد.

لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆ كرا لەسەر هاوردەكردنی جۆرەكانی بنەتۆی پەتاتە بۆ ئەوەی جوتیاران بیچێن و كارگەكانیش بەرهەمەكانیان لێ بكڕنەوە.

لە بەشێكی راگەیاندراوەكەدا هاتووە، گرێبەستێكی یاسایی لەنێوان كارگەكانی جپس و جوتیارانی پەتاتە دەكرێت، بۆ ئەوەی كارگەكان بەرهەمی جوتیاران بكڕنەوە، وەزارەتی كشتوكاڵیش سەرپەرشتی گرێبەستەكە دەكات بۆ ئەوەی هەردوولا پابەندبن بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكە.

هەر لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا بە كردنەوەی خولی راهێنان بۆ جوتیارانی پەتاتە تایبەت بە دوایین زانیاری لەسەر بەرهەمهێنانی پەتاتە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن