فەرەنسا باری نائاسایی لە وڵاتەكەی راگەیاند

جیهان

29/10/2020     ژمارەی بینراو 223

ماكرۆن هێرشەكەی تیرۆریستییەكەی خستە ئەستۆی ئیسلامییە توندڕەوەكان

راچڵەكین – 

لە كاردانەوەی هێرشە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی شاری نیس-ی باشووری فەرەنسا كە كوژرانی سێ هاووڵاتی و برینداربوونی چەند كەسێكی دیكەی لێكەوتەوە، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە باری نائاسایی راگەیاندو ئۆباڵی هێرشەكەشی خستە ئەستۆی ئیسلامییە توندڕەوەكان، داواشی لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی كرد، چاوكراوە بن و رێگە نەدەن توندڕەوەكان دووبەركی دروستبكەن.

ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەرەنسا، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، هێرشە تیرۆریستییەكەی شاری نیس و هێرشەكانی دیكەش كە دەكرێنە سەر فەرەنسا، بەهۆی بەرگریكردنمانە لە لە بەهاكانی ئازادیی رادەربڕین، وتیشی:" بڕیارماندا باری نائاسایی لە تەواوی وڵات رابگەیەنین و حەوت هەزار سەربازیش لەناو شارەكاندا بڵاودەكەینەوە بەمەبەستی پاراستنی هاووڵاتیان و ئاسایشی خوێندنگەكان و شوێنە ئاینییەكان".

سەرۆكی فەرەنسا باسی لەوەشكرد، سبەینێ هەینی ئەنجومەنی بەرگریی فەرەنسا كۆدەبێتەوەو بڕیارو رێوشوێنی نوێ رادەگەیەنێت.

ماكرۆن ئاشكرایكرد كە ئیسلامییە توندڕەوەكان دەستیان لە هێرشەكاندا هەیە، بەڵێنیشیدا هاووڵاتیانی فەەرنسا پارێزن و رایگەیاند، پێویستە فەرەنسییەكانیش بەهەموو جیاوازییەكانیانەوە یەكبگرن و چاوكراوەش بن و رێگە نەدەن توندەڕەوەكان دووبەرەكی دروستبكەن. 

بەیانی ئەمڕۆ 29-10-2020، تیرۆریستێك لەشاری نیس لە فەرەنسا، بە چەقۆ هێرشیكردە سەر چەند هاووڵاتییەك و لە ئەنجامی ئەو هێرشەش سێ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداو چەند كەسێكی دیكەش بریندار بوون، لەدوای رووداوەكە، هێزەكانی پۆلیسی فەرەنسا رایانگەیاند كە تیرۆریستە هێرشبەرەكەیان دەستگیركردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن