بوومەلەرزەیەكی بەهێز توركیای هەژاند

جیهان

30/10/2020     ژمارەی بینراو 310

چەندین باڵەخانە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە رووخان

راچڵەكین – AA

بەهۆی روودانی بوومەلەرزەیەكی بەهێز كە كەناراوەكانی پارێزگای ئیزمیری لە توركیا گرتەوە، ژمارەیەك باڵەخانە رووخان، پۆلیسی ئەو وڵاتەش داوای لە هاووڵاتیان كردووە ناوچەكانی نزیك لە بوومەلەرزەكە چۆڵ بكەن.

ئەمڕۆ هەینی 30-10-2020، بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 6.6 پلە بەپێوەری رێختەر ، كەناراوەكانی پارێزگای ئیزمیری هەژاند و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوبوونەتەوە، بوومەلەرزەكە زیانێكی زۆری ماددی لێكەوتووەتەوە.

یاڤوز سەلیم كۆشگەر، پارێزگاری ئیزمیر، بە میدیاكانی توركیای راگەیاندووە، ''هێشتا هیچ زانیارییەكمان پێنەگەیشتووە لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەكانی بوومەلەرزەكە".

هاوكات، پۆلیسی ئیزمیر ئاشكرایكردووە، ژمارەیەك باڵەخانە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە رووخاون و هاووڵاتیانیشیان ئاگاداركردووەتەوە كە ناوچەكە زیانلێكەوتووەكان چۆڵ بكەن.

هەر لەو بارەیەوە، سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا، لە تویتەر بڵاویكردەوە،  بەپێی ئەو راپۆرتانەی پێیان گەیشتووە، شەش باڵەخانە بەهۆی بوومەلەرزەكەوە رووخاون.

بەگوێرەی نوێترین زانیارییش، تیمەكانی بەرگری شارستانی سێ هاووڵاتیان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەكی رووخاو بە برینداری دەرهێناو بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانەیان كردن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن