ئیدریس كاریتانی: بەراگرتنی نوێژی هەینی لە مزگەتەكان، هیچ شتێك لەبارەی شەرعەوە ناگۆڕێت

چاوپێکەوتن

03/03/2020     ژمارەی بینراو 788

دكتۆر ئیدریس كاریتانی

راچڵەكین-AA

زانایەكی ئایینی كورد ئاماژە بەوەدەكات:" بە راگرتنی نوێژی هەینی لە مزگەتەكان، هیچ شتێك لەبارەی شەرعەوە ناگۆڕێت."، دەشڵێت:" دەڵێن با نوێژی هەینی پێنج خوولەك بێت، جا ئەگەر كۆبوونەوەكە بوو، ئەوا پێنج خوولەك یان زیاتر بوو هیچ جیاوازی نییە."

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان و تۆماركردنی چەند حاڵەتێك لە عێراق و دواترش تۆماركردنی پێنج حاڵەت لە شاری سلێمانی، رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لەلایەن دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گیرانەبەر،  لە هەنگاوێكیی پێشوەختەشدا پشوو لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن بە زانكۆكانیشەوە راگەیەنرا، دوێنێش بەبڕیاری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی راگرتنی پرسە لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان درا. 

زانایەكی ئایینی رایدەگەیەنێت كە قورئان پێنج بنەمای سەرەكی بۆ مرۆڤ داناوە و یەكێك لە بنەماكان پاراستنی گیانی مرۆڤە و جەختیش دەكاتەوە هەر كەسێك ئەو ئەركانەی كە قورئان دیارییكردووە جێبەجێی نەكات ئەوا تووشی سزا دەبێت، داخستنی مزگەتەكانیش لە چوارچێوەی پاراستنی گیانی مرۆڤ بە ئەرك دەزانێت. 

دكتۆر ئیدریس كاریتانی، یەكێك لەزانایانی ئایینی كور دەڵێت:" ڤایرۆسی كۆرۆنا بابەتێكە و سەرتاسەری جیهانی گرتووەتەوە و جیهانی ئیسلامییش بەشێكە لەو جیهانە، بێگومان بابەتی دین ئەساسیەتی عیبادەتی مرۆڤەكانە، بەڵام هەموو كاتێك خوای پەروەردگار كۆمەڵێك بنەما و یاسای بۆ ئێمە داناوە بۆ هەر رووداو یان پێشهاتێك، خوای گەورە پێنج بنەمای سەرەكی بۆ ئێمە داناوە، یەكێكیان پاراستنی گیانە، چونكە مرۆڤ لەلای خودا زۆر گەورەیە، میحوەری بوونەوەرە، قورئانیشی هەر بۆ ئینسان ناردووەتە خوارەوە، مادام وایە، پاراستنی گیانی ئینسان واجبە، كە دەڵێین واجبە مانای وایە ئەگەر جێبەجێی نەكەی، خوا سزات دەدا." 

لەگەڵ تۆماركردنی حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق و گرتنبەری رێكارەكانی حكوومەتی هەرێم، چەند مامۆستایەكی ئایینی رایانگەیاند كە مزگەوتەكان شوێنی موسڵمانانە و ئەو ڤایرۆسە رووی تێناكات، ئەم زانا ئایینییە ئەم وەڵامە بە تۆمەت دەزانێت بۆسەر خەڵكانی دیكە و پێی وایە خەڵكانی دیكەش موسڵمانن و لەمبارەیەوە وتی: "كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتووە و رووی لە جیهانی ئیسلامیی كردووە، دەبێت موسڵمانان ژیر و دانابن، پێش خەڵكی دیكە كار لەسەر پاراستنی خەڵكی خۆیان بكەن، ئێمە سەیر دەكەین لە هەرێمی كوردستان زۆربەی دامودەزگاكان داخراون، ناوەندەكانی خوێندن داخراون، بەڵام دەڵێن نوێژی جەماعەت و جومعە نابێت دابخرێت چونكە ئەوانە موسڵمانن و دەست بە دەستنوێژن، پێش هەموو شتێك ئەمە تۆمەتە بۆ قوتابییان و خەڵكانی دیكە، چونكە ئەوانیش وەكو ئێمە موسڵمانن، خاڵێكی دیكەی ئەوەیە كە ئەم ڤایرۆسە لە شوێنی گردبوونەوە و كۆبوونەوە گەشە دەكات، رۆژانە لە مزگەوتەكان پێنج جار كۆدەبیەوە و ئەمە هەڵەیە، بۆیە دەكرێت خەڵك لە ماڵەكەی خۆی لەگەڵ خێزانی خۆی نوێژی جەماعەت بكات."

لەبارەی ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە مزگەوتەكانیش، لەرووی شەرعەوە، دكتۆر ئیدریس كاریتانی دەڵێت: "بە راگرتنی نوێژی هەینی لە مزگەتەكان، هیچ شتێك لەبارەی شەرعەوە ناگۆڕێت، بەپێی ئەو یاسایانەی لە قورئاندا هاتووە، ئەو یاسایانەی لە فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ)دا هاتووە و، ئەو یاسایانەی لە قاعیدەی فیقهیدا هاتووە، بۆیە وا هەست دەكەم ئەگەر مامۆستایانی ئایینی بێدەنگبن لەم حاڵەتە، گوناهبارن، رەنگە بڵێن هێشتا حاڵەتەكە رووینەداوە، ئەگەر روویدا چی؟، الوقایە خیر من العلاج، یەكێك لە خاڵەكانی دیكە ئەوەیە پێشی ئەوەی نەخۆشییەكەی تەشەنە بكات، تۆ پێشی پێ بگریت، چونكە ئەگەر تەشەنەی كرد ئەوا دەبێتە حاڵەتی دووەم". 

سەبارەت بە فتوانەدانی لیژنەی فتوا لە یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی لەسەر داخستنی مزگەوتەكان بەهۆی هەڕەشەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، دكتۆر ئیدریس كاریتانی وتی: "خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە كە هەست دەكەم جورئەت نییە لە فتوادان لەسەر ئەم بابەتە، چونكە دەترسن خەڵك بڵێت ئەمە دژی دینە، لە راستیدا ئەمە دژی دین نییە بەڵكو ئەمە بنەمای دینە كە پێویستە ئینسانەكان بپارێزیت، چونكە دین بۆ پاراستنی گیان، ئەقڵ، نامووس و وەچەیە، سەیر دەكەین ئەمەش یەكێكە لە پێویستییەكان و پاراستنی گیانە". 

لەبارەی كەمكردنەوەی كاتەكانی نوێژی هەینی و كاریگەری لەسەر تەندروستی هاووڵاتییان، دكتۆر ئیدریس كاریتانی وتی: "دەڵێن با نوێژی هەینی پێنج خوولەك بێت، جا ئەگەر كۆبوونەوەكە بوو، ئەوا پێنج خوولەك یان زیاتر بوو هیچ جیاوازی نییە، چونكە ڤایرۆسەكە لە كەشوهەوایەكەدا دەگوزارێتەوە، ئەمە بەراستی یەك لەو حاڵەتانەیە كە مامۆستایانی ئایینی نەترسن و جورئەت بكەن و گوێ بە قسەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەدەن، چونكە بەڕاستی ئێستا مامۆستایانی ئایینی كەوتوونەتە ژێر كاریگەری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەك فەیسبووك، خودا دەفەرمووێت كەعبە تێك بدە بەڵام ئینسانێك مەكووژە، ئەمە گەورەیی ئینسانە لە چوارچێوەی دینەوە، حەیف و مەخابن كە كەسێكی ئەورووپی كە هیچ لە بنەمایەكی دین نازانێت بەڵام گرنگی بە ئینسان دەدات بەڵام موسڵمانێك بەناوی ئەوەی كە گوایا دەستنوێژی هەیە و دەڵێت مزگەوت شوێنێكی پاكە، بە پێچەوانەوە زۆربەی مزگەوتەكان هۆڵەكانییان نزمە و هەناسە تیایدا ئاسایی نییە، زۆربەی مزگەوتەكان هەواگۆڕكێیان تیادانییە، رەچاوی باری تەندروستیی نەكراوە، هەندێكیان بە شێوازێكی هەرەمەكی بونیادنراوە، بۆیە ئێستا بە بۆچوونی من پێویستە مزگەوتەكان رابگیرێن، نوێژی هەینی رابگیرێت، ئەم حاڵەتە كاتییە، بەڕاستی ئەمە تێگەیشتن لە شەرع نییە كە لێیبگەڕێی خەڵك تووشی تاعوون بێت ئینجا بڵێی با مزگەوتەكان دابخرێن، بۆیە هیوادارم لیژنەی فەتوا و وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتی زانایان بە زووترین كات جورئەتی بڕیاردانییان هەبێت و لە لۆمەی كەس نەترسن."

ئەو زانا ئایینییە ئاماژە بەوە دەكات كە چەندین دەقی شەرعی هەیە كە رێگا بە راگرتنی كۆبوونەوە دەدات و، چەندین بنەمای فیقهی هەیە و، دەتوانی ئەو شوێنانە بەجێبهێڵی كە مەترسی لەسەر تەندروستی موسڵمانان دروستكردووە و لەبارەی هۆكاری فەتوا نەدانیش لەلایەن لیژنەی فەتوا لە یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی، دكتۆر ئیدریس كاریتانی دەڵێت: "لیژنەی فەتوا پیاوی دانا و زانان بەڵام بە بۆچوونی من دانا و زانا بەس نییە، دەبێت سەرەڕای زانایی ئاگای لە مەقاسیدی شەرعیش بێت، ئاگای لە ناوەرۆكی شەریعەتیش بێت، ئاگای لە بوارەكانی پەرەپێدانی رۆشنبیری تەندروستی بێت، بۆیە بە بۆچوونی من كێشەی ئەو فەتوا نەدانە بۆ چەند شتێك دەگەڕێتەوە، یەكەمیان، كاریگەری قسەی خەڵكمان لەسەرە نەكات خەڵك بڵێن لیژنەی فەتوا دژی دینە، لە كاتێكدا فەتوا جورئەتی دەوێت و پێویست ناكات ئەوان لە هیچ بترسن، بەڵكو ئەركی سەرشانییانە باشتر دیراسەی ئەو بابەتە بكەن، چونكە هیچ مەعقول نییە، قوتابخانەت راگرتووە، دەوامی فەرمانبەرانت كەمكردووەتەوە، پرسەت راگرتووە، بەڵام مزگەوتت كردووەتەوە، چ ویقایەك هەیە مزگەوت بپارێزی و ئەوانی دیكە نەپارێزی، جیاوازی چییە كە كەسێك دەچێتە خوێندن، بۆچی ئێمە تەفزیڵی دینداری بدەین بەسەر ئەوانەی پێی دەڵێن ئاوەدانكردنەوە، خۆ ئەوە كەسەی كرێكارە، پێغەمبەر (د.خ) دەستی ماچكردووە چونكە كارێكی پیرۆز دەكات". 

دكتۆر ئیدریس كاریتانی وتیشی: "بۆیە لیژنەی فتوا پێویست دەكات جۆرێك پەلە بكەن بۆ ئەوەی خەڵك تووشی نەخۆشی نەبن، چونكە یەك كەس تووشی ڤایرۆسەكە ببێت، ئەو كاتە وەكو ئەوەیە كە زەڕبەیەكت لەو خەڵكە دابێت".

لەبارەی رێنماییەكان بۆ خۆپارێزی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دكتۆر ئیدریس كاریتانی رایگەیاند: "سەبارەت بە خۆپارێزی، پێش هەموو شت داخستنی مزگەوتەكانە بەشێوەیەكی كاتیی، چونكە ئەگەر ئەو كۆبوونەوە نەمینێت ئەوا پێویستت بە رێنماییەكانی ناو مزگەوت نابێت، ئەگەر هەر دایاننەخست ئەوا با خەڵك نوێژی جەماعەت لە ماڵی خۆی بكات، ئەگەر خەڵك هەر دەچێتە مزگەوت ئەوا دەبێت ماسك بەكاربهێنی و دەستنوێژە لە ماڵەوە بشوات و خۆی لە ماچكردن بەدوور بگرێت، دوای نوێژكردن دەستبەجێ بچێتە دەرەوەی مزگەوت و لە دەرەوە زیكرەكان بكات، بەڵام چارەسەر ئەوەیە كە مزگەوتەكان دابخرێت". 

ڤایرۆسی كۆرنا ساڵی ٢٠١٩ لە رێگای خواردنە دەریاییەكانەوە لە شاری وۆهانی وڵاتی چین بڵاوبووەوە و لە ٩ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠ لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیھانی بە جۆرێكی نوێی كۆرۆنا ناسێندرا. تاوەكو ئێستا ھیچ جۆرە چارەسەر و پێكوتەیەك بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە نەدۆزراوەتەوە و تا ئێستا لە نزیكەی شەست وڵاتی جیهان بڵاوبووەوە و بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە سێ هەزار كەس و تووشبووی زیاتر لە ٨٩ هەزار كەس لە جیهاندا. 

رۆژی ٢٤ی مانگ یەكەم حاڵەت لە پارێزگای نەجەف تۆماركرا و دواترش چەند حاڵەتێكی دیكە لە بەغدا و كەركووك تۆماركرا، سەرەتای ئەم هەفتەیەش پێنج حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شاری سلێمانی تۆماركرا .

كۆرۆنا ڤایرۆسێكی گوازراوەیە، لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگوازرێتەوە و لەنێوان ئاژەڵەكانەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، تووشی كۆئەندامی ھەناسە دەبێت و، نیشانەكانیشی بریتیین لە كۆكەی قورس، تای بەرز و ھەناسە تووندی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن