یەکەمین کتێبی یانیس ڤارۆفاکیس بە زمانی کوردی بڵاودەکرێتەوە

کەلتوور

14/11/2020     ژمارەی بینراو 466

راچڵەکین-

کتێبێکی نووسەر و ئابووریناسی یۆنانی، یانیس ڤارۆفاکیس، لە هەفتەی داهاتوودا بەزمانی کوردی بڵاودەبێتەوە. ئەوەش یەکەمین کتێبی ئەو نووسەرەیە کە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی. 

کتێبی "لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدوێم؛ کورتەیەک لە مێژووی سەرمایەداری"ـی لە زمانی ئینگلیزییەوە لەلایەن زانا عوسمان کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە و وەشانخانەی پەیک لە دووتوێی 218 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. 

"لەبارەی ئابوورییەوە بۆ کچەکەم دەدوێم" لە بنەڕەتدا بەزمانی یۆنانی لە ساڵی 2013 نووسراوە، دواتر نووسەر بەهاوکاری وەرگێڕێک، کردوویەتی بە ئینگلیزی و لە ساڵی 2018 بڵاوکراوەتەوە. لەو کاتەوە بۆ زیاتر لە 30 زمانی دیکە وەرگێڕدراوە. 

کتێبەکە هەوڵی یانیس ڤارۆفاکیسە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێکی کچەکەی لەبارەی بوونی نایەکسانی لە جیهاندا، بۆ ئەو مەبەستەش لە سەرەتاکانی مێژووی مرۆڤایەتی و داهێنانی دراو و مامەڵەوە دەست پێ دەکات، تا دەگاتە کۆمەڵگا بەبازاڕکراوەکان و دونیای ئەمڕۆ.

زانا عوسمان لەبارەی کتێبەکەوە دەڵێت: "یەکێک لەو هۆکارانەی کە وای کرد دوای خوێندنەوەی کتێبەکە بڕیاری وەرگێڕانی بدەم، ئەوە بوو کە بە زمانێکی سادە و لەڕێی چیرۆکی جیاوازەوە دونیای پڕجەنجاڵی ئابووری و سەرمایەداری ڕوونکراوەتەوە." 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە کتێبەکە بۆ ئەو کەسانەی هیچ پێشینەیەکی خوێندنەوەیان لەبواری ئابووریدا نییە زۆر سەرنجڕاکێش دەبێت، هاوکات بۆ ئەو خوێنەرانەشی کە سەروکارێکیان لەگەڵ ئابووریدا هەیە، بە تێڕوانینی نوێ بۆ پرسە ئابوورییەکان ئاشنایان دەکات. 

یانیس ڤارۆفاکیس یەکێکە لە نووسەر و ئابووریناسە دیارەکانی جیهان کە بەردەوام لەبارەی ئابووری و سیاسەتەوە دەنووسێت. 

لە ساڵی ٢٠١٥ بۆ ماوەی شەش مانگ وەزیری دارایی یۆنان بووە، دواتریش بووە بە هاودامەزرێنەری بزووتنەوەی دیموکراسی لە ئەورووپا (DiEM25) . ڤارۆفاکیس خاوەنی چواردە کتێبە، لە ناودارترینیان «ئایا لاوازەکان ئەوە دەچێژن کە دەبێت بیچێژن؟: ئەوروپا، سیاسەتی دەستپێوەگریی ئابووری و هەڕەشەی سەر سەقامگیری جیهانی»، یادەوەریی ئەزموونەکانی لە حکومەتدا بە ناوی «کەسە ژیرەکانی ناومان: جەنگی من لەگەڵ دامەزراوە ڕەگداکوتاوەکەی ئەورووپادا.»

وەشانخانەی پەیک مافی بڵاوکردنەوەی وەرگێڕانی کوردیی کتێبەی لە دەزگای پاتاکیسی یۆنانی کڕیوەتەوە و کتێبەکە لە دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە سلێمانی بەردەست دەبێت، کە بڕیارە لە ڕۆژانی 18 تا 27ـی 11ـی 2020 بەڕێوەبچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن