هەوڵى بە قاچاخ هێنانى کاتیۆشا بۆ عێراق شکستی پێهێنرا

کوردستان

21/11/2020     ژمارەی بینراو 245

راچڵەکین-

وەزارەتی ناوخۆی عێراق شکستپێهێنانی هەوڵێکی هێنانەناوەی مووشەک و تەقەمەنی بۆ ناو وڵاتەکەی راگەیاند.

ئاژانسی هەواڵگریی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانیان دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازیان لەسەر سنوور لەگەڵ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ ئەنجامداوە، بێ ئەوەی ناوەکانیان ئاشکرا بکات.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە هەردوو ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەستگیراوە بەسەر حەوت مووشەکی کاتیۆشیا، ٥٧ گوللـە هاوەن، بڕێک دینامیت، ١٨ دەمانچە و کلاشینکۆف و بڕێک فیشەک کە لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیک ئاب دابووە و لەلایەن کەسانێکەوە هەوڵ دراوە کە بەشێوە نایاسایی بهێنرێتە ناو وڵات.

ئەوەش هاتووە کە دوای دانانی بۆسەیەک بۆ دەستگیرکردنی کەسەکان و دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنییەکان، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و کەسەکان روویداوە و بەناچاری کەسەکان هەڵاتوون و ئۆتۆمبێلەکەیان جێهێشتووە.

لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە، چەندینجار هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش رووبەڕووی هێرشی مووشەکی بوونەتەوە و واشنتۆن گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار دەکات.

ئەم هێرشانە دوای ئەوە دێت کە ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران رووی لە هەڵکشان کرد بەتایبەت دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی،  کە لە سێ کانوونی دووەمی ٢٠١٩دا لە بۆردومانێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کوژران. لە پێنجی کانوونی دووەمی هەمان ساڵدا، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، دەنگی دا لەسەر کۆتاییهێنان بە بوونی سەربازیی بیانی لە عێراق.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن