هێرشكارانی سەر نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر دەدرێنە دادگا

کوردستان

03/12/2020     ژمارەی بینراو 254

راچڵەكین –

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، وردەكاریی هێرشكردنەسەر نەخۆشخانەی رزگاریی ئاشكرادەكات و سكاڵای یاساییش لەسەر هێرشكارەكان تۆمار دەكات.

تەندروستی هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا كە ئەمڕۆ 3-12-2020 بڵاویكردووەتەوە، هۆكاری هێرشكردنەسەر نەخۆشخانەی رزگاریی و پەلاماردانی كارمەندو پزیشكان و زیانگەیاندن بەچەند ئۆتۆمبیلێك و كەلوپەلی نەخۆشخانەكەی ئاشكراكردووە، كە كەسوكاری نەخۆشێكی توشبووی كۆرۆنا بوون و دوای گیانلەدەستدانی، ئەم كارەیان ئەنجامداوە.

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، نەخۆشەكە تەمەنی 81 ساڵ بووەو دوای 12 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەو سەرباری هەوڵەكانی ستافی پزیشكی، بەڵام بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی گیانی لەدەستدا.

تەندروستی هەولێر رایگەیاندووە، لە بری ئەوەی كەسوكار و هاوەڵی نەخۆش سوپاسگوزاری ستافی تەندروستی بن، هەڵسان بە هەڵسوكەوتێكی دوور لەبەهای رێزگرتن لەئەركی پیرۆزی كاری پزیشكی و ئەنجامدانی پشێوی و هەڵكوتانە سەر ستافی تەندروستی و شكاندنی كەلوپەل و ئەمبوڵانس لەناو نەخۆشخانە.

ئاماژە بەوەشكراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە رێگەی بەشی یاسایی، سكاڵای لەسەر ئەو كەسانە تۆماركرد، كە هەڵیان كوتاوەتە سەر بەها پیرۆزەكانی نەخۆشخانەو دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون، بە بڕیاری دادوەر ئەنجامدەرانی كردەوەكە دەستگیركران.

شەوی رابردوو، ژمارەیەك لە كەسوكاری هاووڵاتییەكی توشبووی كۆرۆنا كە لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر گیانی لەدەستدابوو، بە چەكەوە هێرشیانكردە سەر نەخۆشخانەكەو دوای زیانگەیاندن بە ئەمبوڵانسێك و شكاندنی چەند كەلوپەلێكی نەخۆشخانەكە، پەلاماری ژمارەیەك پزیشك و پەرستاریشیان دابوو، ئەمڕۆش لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن