كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی هەرێم دەكات

کوردستان

05/12/2020     ژمارەی بینراو 227

راچڵەكین-

وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەڵێت، ئەگەر حكومەتی هەرێم دەتوانێت ئەو چاكسازییانەی كە باسی كردووە ئەنجامی بدات ئەوا باشە، ئەگەریش ناتوانێت ئەوا با دەستلەكاربكێشێتەوە و هەڵبژاردن بكەن و دەستێكی ئەمین بێتە سەر دەسەڵات.

ڕێبوار حەمەد، لەلێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی حزبەكەی، هەڵوێستی كۆمەڵی ئیسلامی لەسەر خۆپیشاندانەكانی سلێمانی ڕاگەیاند و وتی: خۆپیشاندان مافێكی سەرەتایی هاووڵاتیانە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە ئەوەندە بە حەقی هاووڵاتیانیان ستەم دەكەن كە مووچە و بودجەی گشتی خەڵكیش دەخۆن و ڕێگەشیان پێ نادەن ناڕەزایی دەرببڕن، گازی فرمێسكڕێژ و گوللەی پلاستیكی لە دژی هاووڵاتیان بەكاردەهێنن و دەستگیریان دەكەن، كە بەم سەركوتكردنە دەسەڵاتدارانی هەرێم سەلماندیان كە وەك باقی دروشمەكانیان لەگەڵ دروشمی دیموكراسی و ئازادیش ڕاستیان نەكردووە.

وتەبێژی كۆمەڵ وتیشی:" هیچ كات لەبەرامبەر مافخواردنی هاووڵاتیان بێدەنگ نەبووین و لە ئێستاشدا هەرگیز لەبەرانبەر ئەو دزی و قاچاخچێتی و گەندەڵییەی هەیە بێدەنگ نابین."

ڕێبوار حەمەد، ئاماژەی بەوەشكرد: دەبیت حكومەت بە كارنامەی كاری خۆیدا بچێتەوە و بزانێت چەندی جێبەجێكردووە، ئەگەر دەتوانێت ئەو چاكسازییانەی كە باسی كردووە ئەنجامی بدات و دەستی دزی و گەندەڵی ببڕێت و بنەبڕی بكات، ئەوا باشە، ئەگەریش ناتوانێت ئەوا با دەستلەكاربكێشێتەوە و هەڵبژاردن بكەین و دەستێكی ئەمین بێتە سەر دەسەڵات كە پارەی ئەو خەڵكە بگەڕێنێتەوە بۆیان.

وتیشی:" فراكسیۆنەكانمان چ لە پەرلەمانی كوردستان و چ لە ئەنجومەنی نوێنەران لە بەرەی خەڵكی مافخوراو دەمێننەوە و دەستكراوەمان كردوون كە هەموو ڕێگەیەك بۆ فشاركردن بگرنە بەر، تا یان ئەوەی حكومەت ناچار بكەن مووچەی مووچەخۆران لەكاتی خۆیدا دابەش بكات و چاكسازی ئەنجام بدات، یان دەستلەكار بكێشێتەوە."

ڕێبوار حەمەد، ڕەخنەی لە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان گرت و وتی:" هەر لە سەرەتاوە بەجۆرێك دەستەی سەرۆكایەتییان پێكهێنا كە بە ئاسانی دەستەمۆ بكرێت و ئەو كارانە ئەنجام بدات كە حكومەت دەیەوێت، بۆیە ئێمە ئەوە بە توندی ڕەتدەكەینەوە و لامان وایە دەبێت پەرلەمان وەك گەورەترین و باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان بە ڕۆڵی خۆی هەستێت و چاودێرێكی باش و جیددی بێت بەسەر حكومەتەوە و ڕۆڵی نوێنەرایەتی هاووڵاتیان لەدەست نەدات."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن