راچڵەکین-
لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ناحیەی شۆڕشی سەر بەقەزای چەمچەماڵ کەسێک کوژراو کەسێکی دیکەش بریندار بوو کە هەردووکیان برای یەکترین، سەرچاوەیەکی پۆلیسیش دەڵێت:" بەهۆی كێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە".
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی چەمچەماڵ بە راچڵەکین-ی راگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە نێوان دوو خێزاندا لە بەردەم نەخۆشخانەی شەهید سەید جەوهەر لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ، تەقە لە ئۆتۆمبێلێک کراوە و تێیدا، کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە کە هەردووکیان برای یەکترین.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ساڵی رابردووش بەهۆی هەمان کێشەوە کە کۆمەڵایەتییە پیاو ژنێک کوژران، بەڵام رووداوەکەی ئەمڕۆ لەسەر پارە بووە.
وتیشی:" دەزانرێت بکوژەکە کێیە، بەڵام کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، پۆلیس چوونەتە شوێنی رووداوەکە و بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەکات.