عوسمانی حاجی مەحمود: ناکرێت ئەم جۆرە ئەقڵیەت و شێوازە دەسەڵاتدارییە بەردەوام بێ

کوردستان

07/12/2020     ژمارەی بینراو 365

راچڵەکین-

 

عوسمانی حاجی مەحمود، یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەى گۆڕان پەیامێکی لەبارەى خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، چیتر ئەم جۆرە ئەقڵیەت و شێوازە دەسەڵاتداریە ناکرێت بەردەوام بێت، لەبەر ئەوە پینەوپەڕۆ و تۆمەت بەخشینەوە، ھیچ ئەنجامێکی نابێت جگەلەوەی کە برینەکان قوڵتر دەکاتەوە.

عوسمانی حاجی محمود لە پەیامێکدا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:" داوای هاوڵاتیان لەم قۆناغەدا، بۆ موچە و خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبری گوێپێنەدان و فەرامۆشکردنی مافە رەواکانی هاوڵاتیان و بەکارهێنانی توندوتیژی و داخستنی کەناڵی تەلەفزیۆن و زیندانیکردنی چالاکوانانی مەدەنی و بەکارهێنانی هێز و پارە و زیاترکردنی ستەم، ئاوڕێکی جدی و ئەقڵانی لە ساڵانی ڕابردوی حوکمڕانی وبەرئەنجامەکانی بدەنەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی".

 

دەشڵێت:" چیتر ئەم جۆرە ئەقڵیەت و شێوازە دەسەڵاتدارییە ناکرێت بەردەوام بێت و مێژوش هەر ئەوەی سەلماندوە هیچ دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای گەندەڵی و نادادی و زوڵم کردن لە هاووڵاتییانی ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت. لەبەر ئەوە پینەوپەڕۆ و تۆمەت بەخشینەوە، ھیچ ئەنجامێکی نابێت جگەلەوەی کە برینەکان قوڵتر دەکاتەوە و نیشتیمانەکەمان و ھاونیشتیمانیانی کوردستانیش لەقەیرانێکەوە بەقەیرانێکیتر دەسپێرێت".

دەقی پەیامەکەی عوسمانی حاجی مەحمود

1- چەند رۆژێکە هاوڵاتیانی کوردستان بە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان و بە تایبەتی، موچەخۆران لە چەند شار و شارۆچکەیەک کەتونەتە دەربڕینی ناڕەزایەتی وبێزاری و خۆپیشاندان و ڕێپێوان دژ بە پێنەدانی موچە و بڕینی قوتی رۆژانە و هەمو ئەو ناهەقی و زۆڵمە فرە جۆرانەی بەرامبەریان دەکرێت.  

2- ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، کە گوێیان لێبگرن و مافە رەواکانیان جێبەجێ بکەن و بەهیچ شێوەیەک توندوتیژیان بەرامبەر بەکار نەهێنن، ئەو جۆرە ھەڵسوکەوتە ناشارستانیە و بەکارهێنانی هێز، ھیچ ئەنجامێکی نابێت و بازنەی ناڕەزایەتی وبێزاری فراوانتر و بەھێزتر دەکات و ڕق وتوڕەیی زیاتری لێدەکەوێتەوە.  

3- داوا لەھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و ھێزە چەکدارەکانی ھەرێم دەکەم، بەشێوەیەکی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ ھاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەران و میدیاکاران بکەن و دوربکەونەوە لە ئەنجامدانی توندوتیژی و گرتن وئازاردان، خۆپیشاندەران رۆڵەی بەشخوراوی ئەم گەلەن و لەهەمان کاتدا، کەسوکاری خۆتانن و بارودۆخی ژیانی زۆربەتان وەکو ئەوانن.  

4-  داوا لەھاوڵاتیانی ناڕازی وخۆپیشاندەر دەکەم، بە تایبەت لاو و گەنجە خاوەن ماف و دڵگەرمەکان، کە سەرەڕای ھەر جۆرە بەربەستێک کەلەکاتی خۆپیشانداندا بۆیان دروست دەکرێت، بەشێوەیەکی ھێمن وئاشتی و مەدەنیانە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و زەرەرو زیان بەدام ودەزگاکانی حکومەت و موڵکی گشتی و تایبەت مەگەیەنن وبیانپارێزن، وەھەروەھا لە زیانگەیاندن و سوتانی بارەگا حزبیەکان دوربکەونەوەو پەلاماریان مەدەن چونکە لەو رێگایەوە ھیچ چارەسەرێک بەدی نایەت. 

5- داوای هاوڵاتیان لەم قۆناغەدا، بۆ موچە و خزمەتگوزاری و ژیانێکی شایستەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەبری گوێپێنەدان و فەرامۆشکردنی مافە رەواکانی هاوڵاتیان و بەکارهێنانی توندوتیژی و داخستنی کەناڵی تەلەفزیۆن و زیندانیکردنی چالاکوانانی مەدەنی و بەکارهێنانی هێز و پارە و زیاترکردنی ستەم، ئاوڕێکی جدی و ئەقڵانی لە ساڵانی ڕابردوی حوکمڕانی وبەرئەنجامەکانی بدەنەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی، چونکە چیتر ئەم جۆرە ئەقڵیەت و شێوازە دەسەڵاتداریە ناکرێت بەردەوام بێت و میژوش هەر ئەوەی سەلماندوە هیچ دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای گەندەڵی و نادادی و زوڵم کردن لە هاوڵاتیانی ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت. لەبەر ئەوە پینەوپەڕۆ و تۆمەت بەخشینەوە، ھیچ ئەنجامێکی نابێت جگەلەوەی کە برینەکان قوڵتر دەکاتەوە و نیشتیمانەکەمان و ھاونیشتیمانیانی کوردستانیش لەقەیرانێکەوە بەقەیرانێکیتر دەسپێرێت. 

عوسمانی حاجی مەحمود
٧/١٢/٢٠٢٠

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن