لایەنە كوردستانییەكان لەسەر پێكهێنانی فەوجی حەشدی شەعبی كوردی لەكەركوك چی دەڵێن

ڕاپۆرت

13/12/2020     ژمارەی بینراو 785

راچڵەكین-کۆچەر عەزیز

لە كەركووك فەوجێكی كوردی سەر بە حەشدی شەعبی پێكهێنرا كە بارەگاكەی لە گوندی چەخماخەی (دوبزە) و 150 چەكداری كوردی لەخۆگرتووە، لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانیش نیگەرانن لەو هەنگاوەو رایدەگەیەنن، ئەوە بەشێكە لەپیلانی رێگریكردن لەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. فەرماندەی فەوجەكەش (جەبار غازی) یە كە پێشتر فەرماندەی هەواڵگریی پێشمەرگە بووە.


 جەبار غازی- فەرماندەی فەوجی حەشدی كورد لە گوندی چەخماخە

نەجات حاجی تۆفیق- بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی دووی كەركوكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ ( راچڵەكین) ووتی:" یەكێتی دوورو نزیك پەیوەندی بە دروستكردنی ئەو هێزەوە نییە و پشتیوانیان نییە، ئەوانە كۆمەڵێك خەڵكن كە لە یاسا هەڵهاتوون، یەكێك لەوانەی كە سەرپەرشتی ئەو هێزە دەكات بە پێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمەیە پێشتر پلەی نەقیب-ی هەبووە لە هێزەكانی ٨٠ی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەولێرەوە هەڵهاتووە لە ناوچەی دوبز ئەو هێزەی دروستكردووە و یەكێكیشیان پێشتر كادندی گۆڕان بووە لە بزوتنەوەی گۆرانەوە نزیكەوە".

سەبارەت بە پلان و هەڵوێستی ئەوان لەسەر دروستكردنی ئەو هێزە وتیشی:" دامەزراندنی ئەو هێزە سەرەتایە، ئاگاداری دامەزراندنی نەبووین، بەڵام ئێمە پلان و بەرنامەی خۆمان دەبێت، دواتر رایدەگەیەنین، چونكە دامەزراندنی ئەو هێزە یەكێكە لەو بەرنامانەی كە نەیارانی كورد دایانڕشتووە بۆئەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك نەگەڕێتەوە."

 

دكتۆر كەمال كەركوكی، بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك – گەرمیان-ی پارتی دیموكراتی كوردستان،  هەڵوێستی حزبەكەی لەبارەی پێكهێنانی ئەو هێزە ئاشكراكردو وتی:" گفتوگۆ لە نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو ناوچانە لەڕووی ئیداری و ئەمنی و سەربازی و سیاسی بەپێی مادەی ١٤٠-ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق".

راشیگەیاند، بەڵام پەنابردن بۆ دامەزراندنی حەشدی شەعبیی كورد لەو ناوچانە، كارێكی تێكدەرانەیە و ھەوڵدانە بۆ تێكدانی ھەوڵ و كۆششی ھەردوو حكومەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی دادپەروەرانەو بەپێی دەستوری عێراق.

كەمال كەركوكی جەختی لەوەكردەوە كە ئەمە تاوانە دژ بە گەلی كوردستان و گشت عێراق، لە كاتێكدا كە دەبێت حەشد شەعبی خۆی بڕوات و ناوچەكە جێبهێلن، چونكە بەشێكن لەو ھێزانەی كەركوكیان داگیركرد و ماڵی كوردیان تاڵان كرد و تەقاندەوەو خەڵكی سڤیلیان شەھیدكرد.

وتیشی:" حەشدی شەعبی بەناوی پێكهێنانی حەشد شەعبی كورد بەتەمان بەردەوامی بە ستەم دژ بە دانیشتوانەكەی و بەداگیركردنی پارێزگای كەركوك  بدەن، بۆیە ئەوانەی كە تێكەڵاوی ئەو كارە دەبن پێیان ناوترێت حشد شەعبی، بەڵكو دەبنە حەشدی خیانەتكار دژ بە گەل و خاكی كوردستان، خەڵكی سەربەرزی كوردستانیش لێیان نابوورن".

ئەدهەم جومعە، كە سەرپەرشتیای فەوجی حەشدی شەعبی كوردی-یە لە سنووری پارێزگای كەركووك، لەساڵی 2014 دا كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بووە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق.


ئەدهەم جومعە-سەرپەرشتیای فەوجی حەشدی شەعبی كوردی

محەمەد نەسرەدین- سكرتێری مەكۆی كەركوكی گۆڕان لەوبارەیەوە بە (راچڵەكین)ی ووت:  "ئەو كەسە كاندیدی بزوتنەوەی گۆڕان بووە لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڵام بزوتنەوەی گۆران لە ٢٠١٦ لە سەر هەندێك كاری رێكخستن لە ریزەكانی دەریكردووە و هیچ پەیوەندی بە بزوتنەوەكەوە نەماوە."

سەبارەت بەپێكهێنانی ئەو فەوجە كەسەر بەحەشدی شەعبییەو بەجۆرێك لەمەترسی بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ كورد ئەژمار دەكرێت، ووتی:" لەگەڵ هەموو  تێبینیەكانمان لەسەر سیستەمی حكومڕانی لە ماوەی رابردووداو بەحزبی كردنی پێشمەرگە كە هەر لایەن و حزبە و میحوەرێكی داگیركردبوو،لەگەڵ ئەو هەموو تێبینیانە هیچ هێزێكی دیكە بە بەدیلی پیشمەرگە نازانین و بە گونجاوی دەزانین هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركوك ئەگەر بە هاوبەشیش بێت لەگەڵ هێزە عێراقیییەكان بۆ دابینكردنی سەقامگیری بارودۆخی ئەمنی شاری كەركوك، بۆیە هەر هێزێك لە دەرەوەی ئیرادەی كورد و لایەنە كوردستانییەكان دروست ببێت بە هەنگاوێكی خراپی دەزانین، بۆیە لەگەڵ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەین".

بەگوێرەی زانیارییەكانی (راچڵەكین) جگە لەو فەوجەی حەشدی شەعبی كوردی كەلەگوندی ( چەخماخە) پێكهێنراوە، بڕیارە فەوجێكی تری حەشدی شەعبی كوردی لە شارۆچكەی شوان رابگەیەندرێت، لەئێستاشدا ‌سەرۆك هۆزی شوان ‌لەو ناوچەیە 150 كەسی رێكخستووە و چاوەڕێن حەشدی شەعبی بە چەك و تەقەمەنی پڕچەكیان بكات.

لەلایەن خۆشییەوە، محەمەد جەلیل، كارگێڕی راگەیاندن و هەڵبژاردنی مەڵبەندی چواری كەركوكی كۆمەڵی ئیسلامی بە راچڵەكین-ی راگەیاند، ئەوان دژی دروستكردنی هەر هێزێكن لە دەرەوەی پێكهاتەكان و ووتی:" ئێستا لە كەركوك پێویستمان بە هێزێكی لەو جۆرە نییە، پێویستە كار لەسەر ئەوە بكەین لە داهاتوودا هێزێكی نیشتمانی لەسەرجەم پێكهاتەكانی شارەكە دروستبكرێت كە بەرپرسیارێتی ئەمنی شاری كەركوك بگرنە ئەستۆی خۆیان، كوردیش رۆڵی خۆی هەبێت لەو هێزەدا."

ئاماژەی بەوەشكرد:" پێویستە لایەنە ساسییەكان لەسەر ئاستی بەرپرسی یەكەم بێنە سەرخەت و هەر شتێك هەبێت گفتوگۆی لەسەر بكەن میكانیزمێك دابنێن بۆ چارەسەری ئەو دۆخە".

بڕیار وایە بەهەماهەنگی سوپای عیراق، ئەركی پاراستنی گوندە كوردییەكانی سنووری رۆژئاوای كەركوك بەو هێزە كوردیانەی سەر بەحەشدی شەعبی بسپێردرێت، لەكاتێكدا ماوەی سێ ساڵە سەركردایەتی سیاسی كورد هەوڵی دوورخستنەوەی دەستی حەشدی شەعبی دەدات لەكەركوك.

تارق فەریق، بەرپرسی مەڵبەندی ٦ی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە كەركوك بە راچڵكەین-ی راگەیاند:" لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە كەركوك بۆ ئەوەی باڵانسی هێز لە كەركوك راستبیتەوە، بۆیە دروستكردنی ئەو هێزە بە باش نازانین، چونكە كەركوك خۆی بارودۆخی زۆر ئاڵۆزە هەر هێزێكی دیكە لە ژێر هەر ناونیشانێكدا بێت زیاتر بارودۆخی كەركوك بەرەو ئاڵۆزتر دەبات."

تارق دەڵێت:"راستە هێزی حەشدی شەعبی فەرمی و دانپێدانراوە بە بڕیار لە پەرلەماندا دەرچووە، بەڵام تەمسیلی هێزی كوردستان ناكات، لە رابردووشدا حكومەتی هەرێم و عێراق بە چاودێری ئەمریكا لەسەر ئەوە رێكەوتوون دەبێت كەركوك بە هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ببرێت بەڕێوە".

حەشدی شەعبی هێزێكی چەكداری شیعەیە، لە 42 یەكە پێك دێن و 79 گروپن، ژمارەی چەكدارەكانیان بە 120 هەزار ئەژمار دەكرێن، حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 لەدوای فەتوایەكی مەرجەعی گەورەی شیعەكان علی سیستانی دروست بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن