قۆناغەکانی ئامادەکردنی گۆشتێکی تەندروست بۆسەر خوانەکان

ڕاپۆرت

25/12/2020     ژمارەی بینراو 618

راچڵەکین-AA

 سامانی ئاژەڵ پێکهێنەرێکی سەرەکی کەرتی کشتوکاڵە و بە دووەم سەرچاوەی ئەو کەرتە دادەنرێت لە دوای بەرووبوومی دانەوێڵە، سەوزە و میوە و سەرچاوی دابینکردنی گۆشتی سەر سفرە و خوانەکانی هاووڵاتییانە، هەروەها بەشداریش دەکات لە کەرتی پیشەسازی وەک کەرستەیەکی خاو.

بەهۆی ئەوەی سەربڕینی ئاژەڵ بە مەبەستی گۆشتەکەی تا ئێستا لە چەندین شار و شارۆچکە بە فلتەری پزیشکی ڤێتەرنەریدا تێپەڕ نابێت، دەکرێت زیانەکانی ئەو گۆشتە دەیدات لە بەشێکی کۆمەڵگا زیاتر بێت و ببێتە هۆی بڵاوبوونەوە و گواستنەوەی چەندین نەخۆشی لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ.

کوشتارگەی سلێمانی (٢٠ کیلۆمەتر باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی)، رۆژانە لە دوو هەزار بۆ سێ هەزار سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک دابین دەکات بۆ ناو شاری سلێمانی کە زۆربەیان بەسەر گۆشتفرۆشەکاندا دابەش دەکرێن.

پرۆسەی سەربڕین، پشکنین و بەتەندروستییکردنی گۆشتەکان بەوردی لەو کوشتارگەیە بەڕێوەدەچێت.

چەندین تیمی پزیشکیی ڤێتەرنەری و کرێکار لە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کاری پشکنین، سەربڕین و پاککردنەوەی گۆشتی ئاژەڵ ئەنجام دەدەن لە پێناو بەدەستخستنی گۆشتێکی تەندروست و سەلامەت بۆ هاووڵاتییان.

 شاڵاو عارف، بەرپرسی بەشی ڤێتەرنەری لە کوشتارگەی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات کە پێش دەستپێکردنی پرۆسەی سەربڕین، شەش کاتکۆ ئاژەڵەکان گل دەدرێنەوە و تەنها ئاویان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی هێور ببنەوە و گلایکۆجینی لەشیان بەکارنەیەت، چونکە ئەگەر بەکارهات دەبێتە ترشی لاکتیک، ئەمەش وا دەکات خوێنی لەشی ئاژەڵەکە بەباشی دەرنەچێت و دواجار میکرۆب و ڤایرۆس لە لەشی ئاژەڵەکەدا گەشە دەکات.

شاڵاو عارف گوتی: ''ستافێکمان هەیە پێش سەربڕین پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکات دوای دەرچوونیان، ئاژەڵەکان بەڕێ دەکرێنە ژوورەوە بۆ سەربڕین، ئەوانەشی شیاوی سەربڕین نین، وەلا دەنرێن و نابێت بەهیچ جۆرێک سەر ببردرێن. دواتر پرۆسەی سەربڕین دەستپێدەکات و جارێکی تر تیمەکانمان پشکنین بۆ لاشەی ئاژەڵە سەربڕدراوەکە دەکەنەوە بۆ ئەوەی هیچ جۆرە بەکتریایەکی زیانبەخش تێپەڕ نەبێت. دوای شووشتنەوەی بەرەو بەڕادەکان بەڕێ دەکرێن. لەوێش ١٢ سەعات دەهێڵدرێنەوە. بۆ ئەوەی ترشی لاکتیک ئەگەر لە جەستەیدا مابێت لای بەرێت و هەرچی جۆرە میکرۆبێک ئەگەر مابێت تێیپەڕێنێت، هاوکات کوالیتیەکی باش دەداتە گۆشتەکە لە رووی تام، بۆن و رەنگەوە".

 ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو ئاژەڵانەی رەت کراونەتەوە، لەناو دەبرێن و دەسووتێنرێن، تاوەکو هیچ زیانێکی تەندروستییان لێنەکەوێتەوە.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەری کارگێڕی کوشتارگەی سلێمانی، محەمەد محێدین ساڵح ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆسەی سەربڕینەکە حەوت کاتژمێری پێدەچێت، بەڵام ئامادەکردنی گۆشتێکی تەندروست زیاتر لە ٢٤ کاتژمێری پێدەچێت.

محەمەد محێدین ساڵح وتی: ''پرۆسەکە کاتکۆ ٧:٠٠ی بەیانی دەستپێدەکات کاتێک تیمی ڤێتەرنەری دوای گلدانەوەی سەر ئاژەڵەکان رەزامەندی نیشان دەدەن لەسەر سەربڕینی ئاژەڵەکان، بزانن ئاژەڵی دووگیانی تێدایە، یان نەخۆش دواتر ئێمە دەست دەکەین بەکاری خۆمان و ئەگەر رەزامەندی نەدرێت لەسەریان، ئەوا ئێمە رەتی دەکەینەوە''.

بەڕێوەبەری کارگێڕی کوشتارگەی سلێمانی، محەمەد محێدین ساڵح سەبارەت بە نرخی سەربڕینی ئاژەڵی گەورە و بچووک لە کوشتارگەکە بە شێوەیەکی تەندروست و گواستنەوەیشی بۆ ناو شار، ئاماژەی بەوەشکرد: ''بۆهەر سەر ئاژەڵێکی بچووک ئێمە شەش هەزار وەردەگرین، شەو سەعات ١١ی شەو بەبەرادەوە بەشۆراوی گۆشتەکە دوای مۆرکردنی لەلایەن تیمەکانی تەندروستی ڤێتەرنەرییەوە، دەبرێتە بەردەم دووکانەکانی گۆشتفرۆشی. بۆ وڵاخی گەورەش کە زۆر زەحمەتییان هەیە بۆ ئێمە لەکاتی سەربڕینیاندا و زۆربەیان لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێندرێن، بۆهەر سەر ئاژەڵێک ٣٠ هەزار وەردەگرین، بە سەربڕین، پشکنین، مۆرکردن، پاککردن و شووشتنەوەی و گواستنەوەی بە بەڕادەوە بۆ نێو دوکانەکان".

محەمەد محێدین ساڵح سەبارەت بە خستنەبازاڕی گۆشت و کاری رۆژانەیان وتی: ''لە جەژنەکاندا دوو هەزار و ٨٠٠ ئاژەڵی بچووکمان سەربڕیوە لە رۆژێکدا. بانگی بەیانی دەستمان پێکردووە و بە ٤٨ سەعات یان ٢٤ سەعات کارەکانمان تەواو کردووە، بەڵام ئاژەڵی گەورە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ سەر وڵاخمان سەربریوە''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن