هه‌نگاوه‌كانی دامەزراندن و چاندنی باخەکانی درەختی میوە

کشتوکاڵ

28/12/2020     ژمارەی بینراو 692

هه‌نگاوه‌كانی دامەزراندن و چاندنی باخەکانی درەختی میوە

ڕاچڵه‌كین-

لەکاتی دامەزراندنی باخی میوە ئێمە پێویستە پێش دامەزراندن ڕەچاوی هەندێک خاڵ بکەین،و زانیاری کۆبکەینەوە کە بەداخەوە لەکوردستان بەهیچ شێوەیەک ڕەچاوی هیچ شتێک ناکرێت هەرکەس هەڵدەسێت بەبێ زانیاری باخێک دادەمەزرێنێت دواتر ڕوبەروی کۆمەڵێک زەرەر و زیانی زۆر دەبێتەوە کەچارەسەرکردنی زەحمەتە بۆیە پێویستە پێش دامەزراندنی باخ ئێمە ڕەچاوی ئەم دوو قۆناغەی دامەزراندنی باخ بکەین .

دامەزراندنی باخیش بۆ دوو مەبەستە :
1.باخی تایبەت : ئەم جۆرە باخانە ڕووبەرەکانیان بچوکن و پۆل و جۆری جیاواز لەدرەختی میوەی تێدا دەچێنرێت و لەچوار دەوری ماڵەکان .

2.باخی بازرگانی :ڕووبەرەکانیان گەورەن و پۆلی ڕووەکەکان کەمن .

لە دامەزراندنی باخی میوەدا دوو قۆناغ هەیە پێویستە ڕەچاویان بکەین ئێستا باسی قۆناغی یەکەم باس ده‌كه‌ین:

یەکەم:قۆناغی لێکۆڵینەوە و پلان دانان .
پێویستە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو ئەنجام بدرێت لە بارەی ناوچەکە و شوێنی باخەکە لەبارەی گونجانی بارودۆخی ئاو و هەواوە بۆ جۆرەکانی ئەو میوەیەی کە دەچێنرێت و بواری بەپیتی خاک و جۆرەکەی و بونی ڕێگای هاتوچۆ و سەرچاوەی ئاو 
.
هەروەها ئەم قۆناغە ئەم خاڵانەی خوارەوەش دەگرێتەوە کەپێویستن لەپلانەکەدا هەبن :

1.پێویستە دەستمایەی پێویست هەبێت بۆ دامەزراندن و بوژانەوەی باخەکە . 
2.پێویستە شووێنی باخەکە لەڕێگای هاتوچۆوە نزیک بێت ، بۆ ئەوەی بەباشی و بەئاسانی بەروبومەکان بنێردێنە باراڕ و پێداویستیەکانیش لەکەلوپەلی کشتوکاڵی و پەین و شتی تر بگەیەنرێنە باخەکە .

3.دەبێت زانیاری تەواو کۆبکرێتەوە لەبارەی هەڵکردنی بای بەهێز و ئاراستەکەی و کاتی هەڵکردنی ، بۆ ئەوەی درەختی باگێڕەوەی تێدا بچێنرێت بۆ بەرهەڵستی کردن و کەمکردنەوەی شکانەوەی لق و پۆی درەختەکان و ئەو زیانانەی کە دەگەن بەبەرەکان ، هەروەها کەمکردنەوەی ئەو زیانە فیسۆلۆجییانەی کەتوشی درەخت دەبن بەهۆی زۆربونی کاری هەڵمێنەوە ڕوو دەدات .

4.کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی کاتی بەستن و دووبارەبونەوە ی ، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە میوانە بچێنرێت کە بەرگەی ئەو بارودۆخە دەگرن .
 
5.زانیاری وەرگرتن لەبارەی نەخۆشی و ئەو مێروانەی کەتوشی درەختی میوە دەبن ، بۆ دیاری کردنی ڕێگاکانی چارەسەرکردن پێش دامەزراندن ، ئەگەر ئەو نەخۆشی و مێروانەش چارەسەری ئەکرێن پێویستە ئەو درەختانە نەچێنرین کەتوش دەبن . 

6.باشترین خاک بۆ هەموو جۆرەکانی درەختی میوە خاکی تێکەڵی بێ خوێ و ئاودەر ( جیدالصرف )ە و دەبێت قوڵی ڕووی ئاوی زەوی لە ( 1,5 بۆ 2 )م لەڕووی خاکەوە کەمتر نەبێت و ئەو درەختانەی کەگونجاوبن بۆ ئەو خاکەی لەم باخەدا دەچێنرێت . 

7.دەبێت سەرچاوی ئاوی شیرین و پێویست هەبێت بۆ ئاودان . 

ئا: بیلال حمەڕەوف - سەرپەرشتیاری گروپی گەشەپێدانی کشتوکاڵ 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن