كۆسرەت رەسول و چیرۆكی دەستگیركردنی سەدام حسێن

ڕاپۆرت

30/12/2020     ژمارەی بینراو 3700

راچڵەكین-  ئاسۆ شەیدا

ئەمڕۆ 30ی كانوونی یەكەمی 2020،  14 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حسێن، سەرۆكی رژێمی بەعسی رووخاو تێدەپەڕێت كە لە بەغدای پایتەخت لەسێدارە درا.

بەرەبەیانی رۆژی 30 -12-2006 كە هاوكات بوو لەگەڵ یەكەم رۆژی جەژنی قوربان، پرۆسەی لە سێدارەدانی سەدام حسێن-ی سەرۆككۆماری پێشووتری عێراق لە بەغدای پایتەخت لەباڵەخانەی ئەمنی پێشوو لە كازمیە بەڕێوەچوو.


ئامادەكردنی سەدام حسێن بۆ لەسێدارەدان

رۆژی 5ی تشرینی دووەمی ساڵی 2006 دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق، حوكمی لە سێدارەدانی سەدام حسێن و بەرزان تكریتی و عەواد بەندەر-ی راگەیاند و سەرەنجام لە كۆتایی كانوونی یەكەمی ساڵی 2006دا بڕیاری لە سێدارەدانی سەدام جێبەجێكرا.

موەفەق روبەیعی- كەیەكێكە لەسیاسەتمەدارانی عیراق و هاوكات ئامادەی پرۆسەی لەسێدارەدانی سەدام حسێن بووە، بە میدیاكانی راگەیاندووە، كە خودی خۆی سەكۆی ژێر قاچی سەدام حسێن-ی راكێشاوە كاتێك ملی بەپەتی سێدارەوە بووە. دەشڵێت:" دوای لەسێدارەدانی سەدام حسێن پەتەكەی لای خۆی وەك یادگارییەكی مێژوویی پاراستووە."

سەدام حسێن لەماوەی دەسەڵاتیداو لەهەشتەكانی سەدەی رابردوودا، چەندین تاوانی قێزەونی دژ بەگەلی كوردستان  ئەنجامدا كە دیارترینیان ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بوو، كەبەهۆیانەوە نزیكەی 190 هەزار كەس بوونە قوربانی.

 

سەدام ناوی تەواوی سەدام حسێن مەجید عەبدولغەفور سلێمان عەبدولقادر بن عومەر سانی روفاعیە حسێن عەبدولمەجید-ەو لە 28ی نیسانی 1937 لەگوندی عۆجەی سەربە شاری تكریت لە سنوری پارێزگای سەڵاحەدین لەدایكبووەو لەهۆزی بیجات رفاعیە.

وێنەیەكی منداڵی سەدام حسێن 

 

سەدام هەرگیز باوكی نەناسیوە، لەبەرئەوەی پێنج مانگ بەر لەدایكبوونی سەدام باوكی دیارنەما، بەپێی هەندێك لەگێڕانەوەكان، دایكی سەدام لەكاتی دووگیانیدا هەوڵیداوە خۆی منداڵەكەی (سەدام) بكوژێت، بەڵام پەشیمان بووەتەوە، لەكاتی لەدایكبوونیدا سەدامی ناردووە بۆلای براكەی (خاڵی سەدام) ئەمەش تاوەكو تەمەنی سێ ساڵەی سەدام بەردەوامبوو، دوای ئەوەی سەدام تەمەنی دەگاتە 10 ساڵان دووبارە دەچێتەوە لای خاڵی كە كەسێكی دینداری سوننە بووە و كاریگەری لەسەر سەدام هەبووە.

لە ساڵی 1957 سەدام پەیوەندی بە حزبی بەعسەوە كردووە، ساڵی 1959 لە هەوڵی تیرۆركردنی عەبدولكەریم قاسم، سەرۆكی ئەكاتەی عیراق بەژداربوو، بەڵام ئەو كارەیان سەری نەگرد بۆیە بەناچاری عیراقی بەجێهێشت، تا ساڵی 1963 گەڕایەوە عیراق ئەویش پاش كوشتنی عەبدولكەریم قاسم.

لەساڵی 1963 دا لەگەڵ ساجیدە ژیانی خێزانی پێكهێنا، كە ساجیدە دوو كوڕی بوو بەناوی عودەی و قوسەی و سێ كچیشی لێ بوو بەناوی رەغد، رەنا و حەلا.


سەدام حسێن و خێزانەكەی

 

لە ساڵی 1964 سەدام حسێن دەخرێتە زیندان، بەڵام لە ساڵی 1968 حزبی بەعس دەسەڵات دەگرێتەدەست و سەدامیش دەبێتە كەسی دووەمی  عیراق، لە پاشان لە ساڵی 1979 پاش دورخستنەوەی ئەحمەد حەسەن بەكر، سەدام بووم بە سەرۆك كۆماری عیراق، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی شۆڕش و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و كەسی یەكەمی حزبی بەعس.


سەدام حسێن و ئەحمەد حەسەن بەكر

پاش ساڵێك لە گرتنەدەستی دەسەڵات سەدام حسێن، لە ساڵی 1980 بڕیاری شەڕیدا لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران و ماوەی هەشت ساڵی خایاند، ئەمەش وایكرد ڕێژەیەكی زۆری هاوڵاتی عیراقی بەتایبەت رەگەزی نێرینە لەناو بچێت، جگە لەوەش وڵاتی توشی قەرزێكی زۆر كرد.

سەدام  لە شەڕی ئیراق و ئێران

 

پاش جەنگی عیراق و ئێران، سەدام حسێن لە ساڵی 1988 بڕیاری ئەنفال كردنی گەلی كوردی دەركرد و بەسەرپەرشتی عەلی حەسەن مەجیدی برای، 182 هەزار كوردی زیندەبەچاڵ كرد.

روفاتی كوردانی ئەنفال كراو 

رۆژی 16-3-1988 بە بڕیاری سەدام حسێن، شاری هەڵەبجە كیمیاباران كراو پێنج هەزار هاوڵاتی كورد شەهید بوون و چەندین كەسی دیكەش بریندار بوون.


عومەری خاوەر سومبولی كیمیابارانی هەڵەبجە

ساڵی 1990 سەدام حسێن هێرشی سەربازی كردە سەر كوێت و دەستی بەسەرداگرت، ساڵی 1991 ویلایەتە یەگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان هێرشیانكردە سەر هێزی عیراقییەكان و لە كوێت دەریانكردن، جگە لەمە ئابڵوقەی ئابووری خرایە سەر عیراق.

سەدام حسێن لە كوێت وتار بۆ سەربازانی عیراق دەدات

 

لە ساڵی 2003 جۆرج بۆشی كوڕ بڕیاریدا لەگەڵ هاوپەیمانان هێرشی سەربازی بكاتە سەر عیراق، 48 كاتژمێریش مۆڵەتی بە سەدام حسێندا بۆ ئەوەی عیراق جێبهێڵیت، بەڵام سەدام عیراقی جێنەهێشت و خۆی ئامادەكرد بۆ جەنگ، رۆژی 20\3\2003 هاوپەیمانان هێرشیانكردە سەر عیراق و كۆتاییان بە دەسەڵاتی سەدام حسێن هێنا.

لادانی پەیكەری سەدام حسێن لە پایتەختی عیراق بەهاری 2003

رۆژی 13-12-2003 هێزەكانی هاوپەیمانان، پشتبەستوو بەو زانیاریانەی لەلایەن ( كۆسرەت رەسول عەلی) پێیاندرا كە ئەوكات جێگری سەرۆكی هەرێم و لەهەمانكاتدا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بوو ، سەدام حسێن-یان لە گوندێكی تكریت دەستگیركرد و رووبەڕووی دادگایان كردەوە، پاشان دادگا بڕیاریدا، سەدام حسێن لە سێدارە بدرێت.

 

بەهەمان شێوە هێزێكی تایبەتی سەر بەكۆسرەت رەسول عەلی، لەمانگی ئابی 2003 لەشاری موسڵ، توانیان تەها یاسین رەمەزان- جێگری سەدام حسێن و یەكێك لەبەرپرسانی رژێمی بەعسی رووخاو دەستگیربكەن و دوای هێنانەوەی بۆ شاری سلێمانی بەدەستگیركراوی، رادەستی هێزەكانی ئەمریكایان كرد.

كۆسرەت رەسول عەلی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی عەرەبیە، سەبارەت بەچیرۆكی دەستگیركردنی سەدام حسێن و پاسەوانەكانی دەڵێت:" خەڵكمان لەناو شاری تكریت هەبوو، هۆزەكانی وەك عەبید، جەبوورو عیززە زۆر یارمەتیانداین بۆ دۆزینەوەی پاسەوانەكانی سەدام حسێن."

دەشڵێت:" سەدام حسێن خۆی لەگوندێكی باكوری تكریت لەنزیك ناوچەی دۆرە خۆی حەشاردابوو لەشوێنێكدا كە خاوەنەكەی یەكێك بووە لەكەسوكارەكانی سەدام و چوار بۆ پێنج برا بوون و سەرجەمیان پاسەوانیان دەكرد، كەسانێكی تر لەعۆجەوە دەهاتن و زانیاریان لەسەر شوێنی خۆحەشاردانەكە پێدەداین."

كۆسرەت رەسول دەڵێت:" زانیاری تەواومان هەبوو لەسەر ئەوەی سەدام حسێن خۆی لەكوێ حەشارداوەو كێ خواردنیان بۆ دەبات و كێ یارمەتی دەدات بۆ هاتنەدەرەوەو كێ سەردانی دەكات، تەواوی ئەو زانیاریانەماندا بە ئەمریكییەكان و ئەوانیش هاتن و دەستگیریان كرد، بەبێ ئەو زانیاریانەی ئێمە هیچیان پێنەدەكرا."

 

سەرباری تێپەڕبوونی 14 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حسێن-دا بەڵام هێشتا دۆخی سیاسی عیراق جێگیرنییەو ململانێی لایەنە سیاسییەكان و هێزە عەرەبییە سوننی و شیعەكان بەردەوامەو تەواوی ئەو حكومەتانەی لەدوایی نەمانی رژێمی بەعسەوەدەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، نەیانتوانیوە ژیانێكی ئاسوودە بۆ هاوڵاتیانی عیراق فەراهەم بكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن