عيراق گەشتكردنی بۆ 19 وڵات قەدەغەكرد

عێراق

13/01/2021     ژمارەی بینراو 1006

راچڵەكین – 

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانیی عيراق چەند رێكارێكی نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا گرتەبەر و بڕیاریشیدا گەشتكردن بۆ 19 وڵاتی جیهانی قەدەغە بكات.

لیژنەكە ئەمڕۆ 13-1-2021 بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبووەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ لەپێناو بەرگرتن لە گواستنەوەی كۆرۆنای نوێ بۆناو وڵات، كە ئێستا لەچەند وڵاتێكی جیهانی بەخێرایی بڵاودەبێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا گەشتكردنی هاووڵاتیانی عیراق بۆ 19 وڵات قەدەغە بكرێت كە پەتا نوێیەكەیان تێدا بڵاوبووەتەوە، وڵاتەكانیش بریتین لە: بەریتانیا، نەمسا، بەلجیكا، دانیمارك، فنلەندا، فەرەنسا، جۆرجیا، ئەڵمانیا، یۆنان، ئیرلەندا، لۆكسمبۆرگ، سلۆڤاكیا، ئیسپانیا، بەرازیل، ئەمریكا، كەنەدا، ئوسترالیا، ژاپۆن و ئەفریقای باشوور.

لە بڕیارەكەدا هاتووە، گەشتكردنی چوون و هاتن بۆ ئەو وڵاتانە قەدەغەدەكرێت، جگە لەو عیراقییانەی كە دەیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ وڵات، كە لەكاتی گەیشتنەوەیان بۆ عیراق، بۆماوەی 14 رۆژ كەرەنتینی زۆرمەلێ دەكرێن و رێگە نادرێت لەهیچ كەسێك نزیك ببنەوە.

لیژنەكە بڕیاریشیدا رێكارەكانی خۆپیارێزی لە ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگە حكومییەكان بەردەوام بێت لە بەستنی دەمامك و بەكارهێنانی پاككەرەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن