بەرپرسێكی باڵای حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە سزادرا

عێراق

13/01/2021     ژمارەی بینراو 275

راچڵەكین –

لەدوای فالح فەیاز، بەرپرسێكی باڵای دیكەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە خرایە ناو لیستی سزادراوان.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڕیاریدا سزا بەسەر ئەبوفەدەك محەمەداوی سەرۆك ئەركانی دەستەی حەشدی شەعبی بسەپێنێت.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا، ئەو بەرپرسە باڵایەی حەشدی شەعبی بە كەسێكی مەترسیدار وەسفكردووە، كە بڕیارو رێنمایی لە ئێرانەوە وەردەگرێت.

 

هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكدا، ئەبوفەدەك-ی بە تیرۆریستێكی جیهانی وەسفكرد، كە بە یارمەتی فەیلەقی قودس، كاری بۆ بەرژەوەندییەكانی ئێران لەعیراق كردووەو بەرپرسیشە لەچەندین پيلانی تیرۆریستی.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، لەدوای چەند رۆژێك دێت لە سەپاندنی سزا بەسەر فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، كە رۆژی 8ی ئەم مانگە بڕیاریدا بیخاتە ناو لیستی سزادراوەكان.

حكومەتی عێراق و لایەنە شیعەكان لەسەر بڕیاری سزادانی فەیاز هاتنەدەنگ و ئیدانەیان كرد، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێك لەسەر سزادانی ئەبوفەدەك هەڵوێستی رانەگەیاندووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن