چۆن هه‌ندێك كه‌س دوای جه‌ڵته‌ی‌ مێشك چاكده‌بنه‌وه‌؟

تەندروستی

14/01/2021     ژمارەی بینراو 490

چۆن هه‌ندێك كه‌س دوای جه‌ڵته‌ی‌ مێشك چاكده‌بنه‌وه‌؟


ڕاچڵه‌كین-

لەوانەیە لات سەیربووبێت هەندێک کەس دوای جەڵتەی مێشک یان بەرکەوتنی زەبرێک بە مێشکیان چاکبوونەتەوە، توانای چاکبوونەوە و دروستکردنی پەیوەندی دەماریی نوێ تایبەتمەندییەکی ناوازەی مێشکە و پێیدەگوترێ Neuroplasticity.

نیوۆرۆپلاستیسیتی «Neuroplasticity» کشانی تواناکانی مێشک و تۆڕی دەمارەخانەکانییەتی بەهۆی ئەزموونەکان و فێربوون، گەشەکردن، زیانبەرکەوتن و لەکارکەوتن لە ڕێگەی دووبارە ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و فرمان و پەیوەندییە دەمارییەکان. هەرچەندە هەندێک دەمارەخانەکان فرمانێکی دیاریکراو جێبەجێدەکەن، بەڵام هەندێکییان جگە لە فرمانی سەرەکی خۆیان دەتوانن دووبارە خۆیان ڕێکبخەنەوە. 

گۆڕانەکان و کشانەکانی مێشک بەردەوام ڕۆژانە ڕوودەدەن، هەر لە کاتی درووستبوونی کۆرپە لە منداڵداندا تا کاتی مردن. وە دەتوانرێت بەهۆی ڕاهێنانەوە مێشکت هانبدەیت بۆ کشان و گۆڕانی بۆ باشتر و چالاکترکردنی.

لە سەرەتادا وازانرابوو کە مێشک تەنها لە منداڵداندا و لە سەرەتاکانی لەدایکبوونەوە گەشەدەکات و گۆڕانکاری بەسەردێت، وە مێشک هەر زیانێکی بەربکەوێ ئەوا بە شێوەیەکی هەمیشەیی خانەکان لەناو دەچن و فرمانەکانی ناوچە زیانبەرکەوتووەکە لەکاردەکەون و چاکبوونەوەیان نییە. تا ئەو کاتەی (١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا) ویلیام جەیمس لە کتێبی (بنەمای دەروونزانی) بیردۆزی Neuroplasticity پێشکەش کرد و پێشنیاری ئەوەی کرد مێشکی مرۆڤ توانای دووبارە ڕێکخستنەوە و کشانی هەیە.

گۆڕانەکانی Neuroplasticity بە دوو شێوە ڕوودەدەن: گۆڕانی فرمانیی functional و گۆڕانی پێکهاتەیی structural.
گۆڕانی فرمانی: کە فرمانێک لە شوێنکی زیانبەرکەوتووی مێشک دەگوازێتەوە بۆ شوێنیکیتر، لە کۆتایی تاکە دەمارخانەیەک لە سایناپسەکان ڕوودەدات (سایناپس کۆتایی دەمارە خانەیەکە و لەگەڵ کۆتایی دەمارەخانەیەکیتر بەیەکدەگەن و ئاماژە کیمیاییەکان «neurotransmitter» ئاڵوگۆڕدەکەن).

 گۆڕانەکان ووردن و چەند جۆرێکیان هەیە، یان ژمارەی ئاماژە کیمیاییەکان زیاد و کەم دەکات لەنێوان سایناپسەکان یان ژمارەی وەرگری ئاماژە کیمیاییەکان کەم و زیاد دەکات یان شێوەیان دەگۆڕێت. 

 هەموو ئەم گۆڕانانەش، کەمبوون و زیادبوونی ئاماژەکان و وەرگرەکان، واتە کەمبوون و زیادبوونی چاڵاکی مێشک potentiation and depression، گۆڕانی پێکهاتەیی لە کۆمەڵە دەمارەخانەیەک لە سایناپسەکان ڕوودەدات. بۆ نموونە ئەگەر دوو دەمارەخانە بەردەوام لەگەڵ یەک کارلێکبکەن، ئەوا ژمارەی سایناپسەکان و لق و پۆپی دەمارەخانەکانیش زیاددەکەن. لە ئەنجامدا کۆمەڵە دەمارەخانەیەکی ئاڵۆز درووستدەبێت. لەم حاڵەتە چالاکی لەم ناوچەیەی مێشک بەرزدەبێتەوە و پێیدەگوترێ potentiation. بە پێچەوانەوە ئەگەر دوو دەمارەخانە چالاک نەبن و لەنێوان خۆیان ئاماژەکان ئاڵوگۆڕنەکەن، ئەوا ڕەنگە سایناپسەکان و لق و پۆپەکان لەدەستبدەن، لە هەندێک حاڵەتدا دەمارخانەکە بەتەواوی لەناودەچێت و چاڵاکی ئەم ناوچەیەی مێشک نامێنێت، کە پێیدەگوترێ depression.

لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر فرمانێکی مێشک زیانی بەرکەوێت، ئەوا بەهۆی Neuroplasticity ناوچەیەکی تر ئەم فرمانە چالاک دەکاتەوە. لە هەندێک حاڵەتیتریشدا لەدەستدانی فرمانێک دەبێتە هۆی چالاکترکردنی فرمانێکیتر، وەک لە دەستدانی بینین دەبێتە هۆی چالاککردنی هەستی بیستن.

سێ جۆری سەرەکی Neuroplasticity هەن:

یەکەم- Experience-independent plasticity: ئەو گۆڕانانەن لە کاتی گەشەکردنی گۆرپە لە منداڵداندا ڕوودەدەن. لەم قۆناغەدا دروسبوونی مێشک و پەیوەندییە دەمارییەکان بەهۆی ئاماژە جیناتییەکانەوە ڕوودەدەن، ئەو پەیوەندییە دەمارییانە هەندێک ناوچەی مێشک چالاکتر دەکەن لە هەندێک ناوچەیتر. هەر بۆیە لە سەرەتای لەدایک بوونەوە ژمارەی دەمارخانەکان زۆرترن و بەپێی تەمەن کەم دەبنەوە، واتە ئەو دەمارەخانانەی چالاک نین لەناودەچن. Neuroplasticity لەگەڵ زیادبوونی تەمەن کەم دەبێتەوە. لە سەرەتای لەدایکبوونەوە هەر دەمارێک لە توێکڵی مێشک 2,500 سیناپسی هەیە «واتە ٢٥٠٠ پەیوەندی هەیە لەگەڵ دەمارەخانەکانی دی»، لە تەمەنی سێ ساڵی ژمارەکە دەبێت بە  ١٥،٠٠٠  و کەسێکی پێگەیشتوو نیوەی ئەم ژمارەیە سایناپسی هەیە. لەبەر ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی ئەزموونەکان هەندێک پەیوەندییە دەمارییەکان بەهێزدەبن و هەندێکیشییان لەناودەچن.

دووەم- Experience-expectant plasticity: بەبێ کاریگەری هۆکارە دەرەکییەکان ڕوودەدات و دەمارەخانەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ کارلێکدەکەن. بۆ نمونە دروستبوونی دەمارەگرێکانی (ganglion) تۆڕەی چاو کە لە هەرچاوێک بە شێوەیەکی سەربەخۆ تۆڕێک لە دەمارەخانە درووستدەبێت.

سێیەم- Experience-dependent plasticity: کە بەهۆی کاریگەرییە دەرەکییەکان و ئەزموونەکانی ڕۆژانە ڕوودەدەن. وەک فێربوونی زانیاری نوێ و بیرەوەریەکان و زیانبەرکەوتن وەک جەڵتەی مێشک و تراوما. کاتێک زانیاری نوێ فێردەبین، وەک زمان یان ئامێرێکی مۆسیقا یان وێنەکێشان، ئەوا پەیوەندی نوێ لەنێوان دەمارەکاندا درووستدەبێت، مێشکمان بە حاڵەت و ژینگەی نوێ ڕادەهێنین. بەهۆی فێربوونەوە Neuroplasticity دەتوانێت ئەو پەیوەندییە دەمارییە کۆنانە نوێ بکاتەوە کە مردوون و دەمێکە بەکارنەهاتوون.  

بۆچی هەموو کەسێک دوای جەڵتە یان زیانی مێشک چاک نابێتەوە؟ ئەمە دەوەستێتە سەر تەمەنی کەسەکە، هەتا گەنجتر بێت چانسی چاکبوونەوەی زیاترە، وە قەبارە و شوێنی زیانبەرکەوتنەکە و جۆری چارەسەر و ڕاهێنان و فێربوونی بەهرەیەک و دووبارەکردنەوەی بۆ ماوەیەک بە بەردەوامی.

خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکانیتر زیان بە مێشک دەگەیەنن و تۆڕە دەمارییە ناتەندرووستەکان چالاک دەکەن و تەندروستەکانیش ناچالاک. بەڵام خۆشبەختانە زۆربەی حاڵەتە دەروونییەکان بەهۆی فێربوون و ڕاهێنانەوە چارەسەر دەکرێن و هانی Neuroplasticity دەدەن بەرەو باشتر. بۆیە دەروونناسەکان نەخۆشەکانییان هاندەدەن بۆ ئەنجامدانی چالاکی ڕۆژانەی بەردەوام، وەک گوێگرتن یان فێربوونی ئامێرێکی مۆسیقا، یارییە تەختەییەکان وەک شەترەنج و دۆمینە، فێربوونی زمان و وێنەکێشان. مێدیتەیشن و یۆگا، وەرزشکردن و گەشتکردن.

حاڵەتێکی تایبەتی Neuroplasticity: لە ساڵی ٢٠٠٧ پیاوێکی فەرەنسی تەمەن ٤٤ ساڵ بەهۆی سکانەکانی مێشکییەوە بۆیدەرکەوت بەدرێژایی ژیانی لە %٩٠ی مێشکی زیانی بەرکەوتووە، کەللەی سەری پڕبووە لە ئاو و تەنها چینێکی تەنکی مێشکی ماوە و بەشی ناوەوەی مێشکی بەتەواوەتی داخوراوە. بەڵام تاوەکو ئێستا تەندرووست ژیاوە و ژیانێکی ئاسایی هەبووە. ئەم حاڵەتە بووە جێگەی سەرسوڕمان و بۆ ماوەی ١٠ساڵ زاناکان پێیەوە سەرقاڵبوون ئاخۆ چۆن کەسێک زۆربەی بەشەکانی مێشکی لەدەستدابێت دەتوانێت بیربکاتەوە و بەئاگابێ؟ 

زاناکان بۆیان دەرکەوت کە پیاوەکە لە منداڵییەوە نەخۆشی hydrocephalusی هەبووە (نەخۆشی کۆبوونەوەی ئاو لە سەردا) و لە تەمەنی ١٤ ساڵی ئاوەکە چارەسەرکراوە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئەو تەمەنە بۆتە هۆی داخورانی مێشکی. پێشتر زانایان هۆش و ئاگاییان بەستبووەوە بە ناوچەی claustrum و thalamus، بەڵام ئەم پیاوە کێشەی نەبوو هەرچەندە ئەم ناوچانەی مێشکیشی نەمابوون. دواتر زاناکان بۆیاندەرکەوت لە %٩٠ی مێشکی لە چینە تەنکەکەدا پەستێنراوە و ئەو بەشە کەمەی دەمارەکان کە ماون توانیویانە چاڵاکبن و دەست بەسەر فرمانی ناوچە زیانبەرکەوتووەکاندا بگرن. ئەم حاڵەتە دەرخەری تایبەتمەندی Neuroplasticity و هەم ئەوەش دەردەخات کە هۆش و ئاگایی یان هەر فرمانێک لە مێشکدا پەیوەست نین بە ناوچەیەکی دیاریکراو لە مێشکدا.

ئا: ئیمان ز. ساڵح

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن