پەتایەكی كوشندە لە شارێكی عیراق بڵاودەبێتەوە

عێراق

15/01/2021     ژمارەی بینراو 2167

راچڵەكین –

لە پارێزگایەكی عیراق ئەنفلۆنزای باڵندە بڵاودەبێتەوەو بە جارێك 60 هەزار مریشك لەناودەبات، دەسەڵاتدارانی پارێزگاكەش قەدەغەی هاتووچۆ لەدەوروبەری ئەو كێڵگەیە رادەگەیەنن كە پەتاكەی تێدا بڵاوبووەتەوە.

عەمار جەبر پارێزگاری سەڵاحەدین، رایگەیاند: ئەمڕۆ 15-1-2021، 60 هەزار مریشك لە كێڵگەیەكی شاری سامەڕا، بەهۆی توشبوونیان بە ئەنفلۆنزای باڵندە، مرداربوونەوە.

وتیشی:" وەك رێوشوێنێكی خێرا بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەو گواستنەوەی بۆ كێڵگەكانی دیكەی بەخێوكردنی پەلەوەر، بەدرێژایی سێ كیلۆمەتر قەدەغەی هاتووچۆ لە دەوروبەی كێڵگەكە راگەیەندراوەو رێگە بە هیچ كەسێك نادرێت لەناوچەكە نزیك ببێتەوە.

پارێزگاری سەڵاحەدین داواشی لە خاوەنی كێڵگەكانی پەلەوەر لەناوچەكە كرد، فریای خۆیان بكەون و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی پەلەوەرەكانیان لە تووشبوون بە ئەنفلۆنزای باڵندە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم ئەو مریشكانەی بەهۆی پەتاكەوە مرداربوونەتەوە، مریشكی هێلكەكەرن، ئەمەش وادەكات كێشەی كەمبوونەوەی هێلكە لە بازاڕەكاندا سەرهەڵبدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن