ترەمپ بەر لە جێهێشتنی كۆشكی سپی چەند بڕیارێك دەردەكات

جیهان

19/01/2021     ژمارەی بینراو 1004

سبەینێ كۆتایی بە ماوەی سەرۆكایەتی ترەمپ دێت

راچڵەكین –

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەنیازە بەر لە كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ چەند كەسێك دەربكات، لەوانەش راوێژكارێكی پێشووی خۆی و دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكیلیكس و گۆڕانیبێژێكی راپ.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن، لەسەر زاری بەرپرسانی نزیك لە ترەمپ بڵاویكردەوە، سەرۆكی ئەمریكا بەر لە كۆتایی هاتنی وادەی سەرۆكایەتییەكەی و جێهێشتنی كۆشكی سپی، بەنیازە 100 بڕیاری لێخۆشبوون بۆ دەستگیركراوان و حوكمدراوان دەربكات.

وەك بەرپرسە نزیكەكانی ترەمپ ئاشكرایانكردووە، سەرۆكی ئەمریكا بەنیازە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ هەریەك لە جۆلیان ئاسانج دامەزرێنەری ماڵپەڕی ویكیلیكس و ستیف بانون راوێژكاری پێشووی كۆشكی سپی و لیل واین گۆرانیبێژی راپ دەربكات.

راوێژكارەكەی پێشووی ترەمپ كە بەتاوانی تەڵەبازی و وەرگرتنی پارە بەبیانووی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ دروستكردنی دیواری بەربەست لەسەر سنووری مەكسیك، بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركرابوو، ترەمپ بەنیازە بە دەركردنی بڕیاری لێخۆشبوونی تایبەت، لەو تاوانە رزگاری بكات. 

سەرۆكی ئەمریكا بەنیازە بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ئەو كەسانەش دەربكات، كە تۆمەتی هەڵكوتانەسەر بینای كۆنگرێسی ئەمریكایان خراوەتەپاڵ و ئەگەری هەیە بە چەندین ساڵ زیندانیكردن سزابدرێن.

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە 20-1-2021، جۆ بایدن براوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، لە رێورەسمێكی فەرمیدا لە كۆشكی سپی، وەك 46ەمین سەرۆكی ئەمریكا سوێندی یاسایی دەخوات و لەشوێنی دۆناڵد ترەمپ دەستبەكار دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن