مستەفا كازمی چوار بەرپرسی باڵای ئەمنی لە كارەكانیان دوورخستەوە

عێراق

21/01/2021     ژمارەی بینراو 228

راچڵەكین –

مستەفا كازمی چوار بەرپرسی باڵای ئەمنیی لە پۆستەكانیان دوورخستەوەو كەسانی دیكەی لە شوێنەكانیان دیاریكرد.

ئەمڕۆ 21-1-2021، لەدوای هەردوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی شاری بەغدا، كە بووە هۆی كوژران و برینداربوونی زیاتر لە 140 كەس، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە باڵاكانی هەردو هێزی ئەمنی و هەواڵگری، فەرمانی دوورخستنەوەی چوار بەرپرسی باڵای ئەمنی لە پۆستەكانیان دەركرد.

بەگوێرەی فەرمانەكەی كازمی، هەریەك لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ كاروباری هەواڵگری، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی و بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و دژە تیرۆری لە وەزارەتی ناوخۆ لە پۆستەكانیان دوورخستەوەو كەسانی دیكەی لە شوێنەكانیان دیاریكرد.

مستەفا كازمی هەروەها بەڕێوبەری بەشی هەواڵگری و ئاسایشی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغداشی لەسەر كارلابرد.

ئەو گۆڕانكارییە نوێیانە، لەدوای شكستهێنانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی عیراق دێت لە بەرگرتن لە روودانی كردەوەی تیرۆریستی لە بەغداو شارەكانی دیكەی عیراق.

 

تەقینەوە خۆكوژییەكانی ئەمڕۆی بەغدا، كاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی لێكەوتەوە، زۆرێك لە وڵاتانی جیهان ئیدانەیان كرد، عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی باڵای شیعەش، داوای لە هێزە ئەمنییەكانی عیراق كرد هەوڵی زیاتر بدەن بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا، راشیگەیاند، پێویستە سەرجەم ئەو پیلانانە پووچەڵبكرێنەوە كە دوژمنان دایانڕشتووە بۆ بەئامانجگرتنی گەلی عیراقی چەوساوەو ستەمدیدە.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن