شاندێكی حكومەتی هەرێم دەچێتەوە بەغدا

کوردستان

23/01/2021     ژمارەی بینراو 233

ئەرشیف

راچڵەكین-

شاندێكی حكومەتی هەرێم كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و لەگەڵ لیژنەی دارایی بۆ رێككەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 كۆدەبێتەوە.
 
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی، رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە شاندێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژە یاسای بوودجەی 2021:" ئەگەر بتوانین بگەینە رێككەوتن، ئەوا بڕگەی تایبەت بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان وەك خۆی پەسند دەكرێت، چونكە لیژنەی دارایی پەرلەمانێكی بچووكە".
  
ئەوەش لەكاتێكدا دێت، كۆتایی هەفتەی رابردوو، د. دارا رەشید- وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا.

د. دارا رەشید، جەختی لەوەكرد، حكومەتی هەرێم بەگوێرەی ئەو رێكەوتنەی لەگەڵ بەغدا ئەنجامی داوە، پابەندە بە رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە سۆمۆ لەگەڵ 50%ی داهاتی نانەوتی.

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەستی حكومەتی فیدرالی بكەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم دابین بكەن. هەمیشە ئامادەشین كێشەكانی نێوانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بكەین و بگەینە ڕێككەوتنێكی هاوبەش كە لە بەرژوەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت."

لەماوەی رابردوودا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی- جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدای كردو دوای زنجێرەیەك دانووستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە فەرمییەكانی عیراق لەلایەك و لایەنە سیاسییە شیعەكان، دەربارەی ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە لەبری داهاتی نەوت، ئەگەر پرۆژەیاسای بوودجەی 2021 پەسەند بكرێت وتی: "ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیبوو لە رابردوو لە ساڵی 2019 لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە مانگی 11ی ساڵی 2019، ئێستاش لە پرۆسەی گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بوودجەی 2021 وتوومانە ئێمە ئامادەین 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای سۆمۆوە بفرۆشین، حەزەكەم ئەمە دووبارە بكەمەوە، ئێمە ئامادەین چۆن لە دەقی پرۆژەیاساكەدا هاتووە وەك خۆی پێوەی پابەند دەبین"

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن