هۆكاره‌كانی ترس له‌ هاوسه‌رگیری

ستایل

27/01/2021     ژمارەی بینراو 570

هاوسه‌رگیری


ڕاچڵه‌كین-

هاوسەرگیری یەکێکە لە پێداویستییەکانی مرۆڤایەتی، بە مەبەستی مانەوەی مرۆڤ و بەردەوامیدان بەژیان، هەروەها دابینکەری چەندین غەریزەی مرۆڤە، بەتایبەت هاوپەیوەستبوون، سێکس و بوونی منداڵ.

دكتۆر جه‌عفه‌ر پزیشكی پسپۆڕی ده‌رونی له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ڵێت"راستییەکی ژیانی رۆژانەمان ئەوەیە کە هاوسەران توشی کێشەو دەمەقاڵە دەبنەوە بە ئاستی جیاواز و شێوازی جیاواز! ئەم بابەتەش پەیوەندی بە کۆمەڵگە و کلتوریکی تایبەتەوە نییە، بەڵکو بابەتێکی جیهانی و مێژوویی و گشتییە، واتە لە هەموو جیهان هاوسەران توشی کێشە دەبنەوە لە نێوانیان و کێشەی هاوسەرانیش بە درێژایی مێژوو هەبووە و هەموو مرۆڤێکیش لە ژیانیدا لەگەل هاوسەرەکەی ئەزمونی کردووە و دەکات."

ئەوەی جێگەی تێرامانە ئەوەیە لە کۆمەڵگەی کوردی، زۆرجار هاوسەرگیری بە دێوەزمە دەکریت و ترسێکی زۆر دەخرێتە دڵی کەسانێک کە هاوسەرگیریان نەکردووە! ئەم ترساندنەش زۆربەی لە لایەن هاوسەردارانەوەیە نەک رەبەنەکان! بروا وایە کە ناشیرینکردنی پرۆسەکە هەڵەیەکی ستراتیجییە! پێویست ناکات ئەو ترسە بلاوبکرێتەوە چونکە کاریگەری نەرێنی زۆردەکاتە سەر تاکەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت کە هاوسەرگیری دەبێتە ترسێک لای تاک و بەردەوام بە ترسەوە مامەڵەدەکات و ئاوەز و بیری بەشێوەیکی نەرێنی سەیری ژیانی هاوسەری دەکات، دەرئەنجام بەوهۆیەوە کێشەکانی زیاد دەبێت.

هۆکاری زۆربوونی کێشەکانی ناو خانەوادەی کوردی زۆرن و زۆرینەشیان چارەسەریان هەیە! دەتوانین هۆکارە بنەرەتییەکانیش لەم خالانەدا کورتبکەینەوە:

1- ژن و پیاو لە دوو کلتور و پەروەردەی جیاوازەوە دێن و زۆرجار لە لایەن دایبابەوە فێرنەکراون کە ئەو جیاوازییانە قبولبکەن. دەرئەنجامیش لەیەکتری تێناگەن و جیاوازییەکان دەبنە کێشە.
2- جیاوازی بنەرەتی هەیە لەنێوان رەگەزی نێر و مێدا، بەشێوەیەک کە لە بیرکرنەوە، هەسوتوسۆز، تێروانین، دونیابینی، پێداویستییەکان، .. جیاوازی گەورە هەیە لەنیوان و پیاو و ژن. تێنەگەیشتن لەم جیاوازییە و مامەلەکردن بە ئاراستەی یەکسانی نێوانیان کێشەکانیان قولتر دەکاتەوە. ژن و پیاو دەبێت یەکتری تەواوبکەم نەک وەکو یەک مامەڵە بکەن.
3- ژیانکردن گۆراوە: خێرابوونی گۆرانکارییەکان و زۆربوونی پێداویستییەکانی تاک و خێزان کاریگەری گەورەی هەیە. ئەمە هۆکارێکی کاریگەرە کە وادەکات تاکی ئەمرۆ و دوینێ جیاوازبیت، بەڵام مامەڵەکە وەکو دوێنێ دەکریت، بۆنمونە کورێک دەیەوێت ژنەکەی بەوشێوەبیت کە دایکی بۆ باوکی کردویەتی، بەڵام کچەکە دەیەویت وەکو هاورێکەی یان ئەکتەری ناو فلیمەکە بێت کە چۆن ژیان دەکات. تێنەگەیشتن و مامەلەی ناتەندروست لەگەل ئەو گۆرانکارییانە دەرئەنجامەکانی کێشەیە.
4- باوەری هەلەی گشتی چەسپاوی ناو کۆمەڵگە: بۆنمونە کە ئافرەت بە کەسێکی عاتفی و کەمئەقڵ سەیردەکرێت و پیاویش بە بێهەست و توند سەیردەکرێت، ئەم تیروانینە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر سەیرکردنی هاوسەران بۆیەکتری و بەوشێوە مامەلە دەکەن، لەکاتێکدا ئەمە هەڵەیە و راستی نییە. هەندێکجار ئەم باوەرە هەڵانە گرێی دەرونی کۆمەڵی دروستدەکەن و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە بەگشتی دەبیت.
5- مەژغوڵبوونی هەردووک رەگەز: بەهۆی ئەو مەژغولبونە زۆرەی مرۆڤی سەردەم هەیەتی بەتایبەت کە زۆربەی کاتەکانی بە سەیرکردنی شاشەوە بەسەردەبات! وادەکات کاتیان بۆ پەیوەندی هاوسەری کەمببێتەوە و نەتوانن کات بۆ خۆیان و کێشەکانیان دابنێن. بەتایبەت کە لە ئێیستادا ئافرەتان کاردەکەن و پیشەیان هەیە، ئەمەش ماندوبونیان بۆ دروستدەکات و ئەرکێکی زیاترە لەسەر ئەرکەکانی مالەوە.

ئەوەی باسکرا هۆکارە بنەرەتیییەکانە و رەگی کێشەکانە، هۆکارەکانی وەکو کێشەی ئابوری، خۆتێهەڵقورتاندنی کەسوکاری هەردوولا، کێشەی مندالان، لاوازی سێکسی، تورەیی، ... هۆکارە بەرچاو و دیارەکانە کە ئێمە دەیبینن و زۆرینەی لە رەگەکەوە سەرهەلدەدات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن