کەی دەرگای خوێندنگەكان دەكرێنەوە؟

ڕاپۆرت

02/02/2021     ژمارەی بینراو 765

راچڵەكین-

بڕیاربوو لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئەمڕۆ سێشەممە سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی خوێندن ئەنجامبدرێت، بەڵام كۆبوونەوەكە دواخرا بۆ كاتێكی نادیار، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت:" بەهۆی ئامادەنەبوونی بەشێك لە وەزیرەكانەوە كۆبوونەوەكە دوخراوە" یەکێتی مامۆستایانیش دەڵێت:" تا رۆژی ٨ی ئەم مانگە پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە". .

د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لیدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" ئەوەی بە ئێمە وتراوە سەبارەت بە دواخستنی كۆبوونەوەكە لەبەر ئەوە بووە كە بەشێك لە وەزیرەكان سەرقاڵی كاری دیكەن لە وەزارەتەكانی خۆیان و سەرپەرشتی كاری دیكە دەكەن لە شوێنی دیكە".

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنیش وتی:" چاوەڕێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەكەین، بزانین ئەوان رایان چییە لەسەر دەستپێكردنەوەی خوێندن، ئێمەش وەك وەزارەت هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندن".

لای خۆشییەوە عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانیش بە راچڵەكین-ی راگەیاند، خوێندن زۆر دواكەوتووە، بۆیە دەبێت دەستپێبكاتەوە، بەڵام دەبێت حكومەت پلانی جدی هەبێت بۆ دابەشكردنی مووچە و بۆئەوەی مامۆستایان پابەند دەوام بن".

سەبارەت بە دواخستنی كۆبوونەوەكە و دەستپێكردنەوەی دەوام وتیشی:" كۆبوونەوەكە بۆیە دوخراوە بۆئەوەی میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ چۆنێتی دەوامكردن بە تایبەت لەو خوێندنگایانەی كە ژمارەیەكی زۆر خوێندكاریان تێدایە، بەڵام ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە، تا رۆژی 8ی ئەم مانگە دەوامی خوێندن دەستپێدەكاتەوە".

راچڵەكین پەیوەندی بە ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و  د، رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیییەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەیان نەدایەوە.

هەرچەندە پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدابوو ١٦-١-٢٠٢١، پرۆسەی خوێندن دەستپێبكاتەوە، بەڵام رۆژی ٧-١-٢٠٢١، جارێكی تر دواخستنی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندنی درێژكردەوە، هەر ئەو كات یەكێتی مامۆستایان و پەرلەمانیش رایانگەیاند، دواخستنی پرۆسەكە پەیوەندی بە كۆرۆناوە نییە، بەڵكو حكومەت ناتوانێت مووچە دابەشبكات.

رۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ئەمساڵ، ساڵی نوێی خوێندن بۆ قۆناغی ١٢ی ئامادەیی لەناو ناوەندەكانی خوێندن و ١٠-١٠-٢٠٢٠ بۆ قۆناغی یەك و دووی بنەڕەتی لەناوەندەكانی خوێندن دەستیپێكرد، بۆ قۆناغی سێی بنەڕەتی تاوەكو ١١ی ئامادەیی، پرۆسەی خوێندن، بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەستیپێكرد، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان بەگشتی و لە ریزی خوێندكاران و مامۆستایان بە تایبەتی، بڕیاردرا بە داخستنی دەرگای قوتابخانەكان.

 رۆژی ١-١٢-٢٠٢٠، جارێكی دیكە لیژنەیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بڕیاریدا دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بۆ ٧-١-٢٠٢١، دوابخرێت و خوێندن لەزانكۆ و پەیمانگاكانیش بەو شێوەیەی كە هەیە بەردەوام بێت. جارێكی تریش وادەی دەستپێكردنەوەی ئەو پرۆسەیە بۆ ١٦ی ئەم مانگە درێژكرایەوە.

پێشتر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی لەبارەی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەركردو رایگەیاند، رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١ ، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەكانیەوە، لە قوتابخانە و خوێندنگە حكومی و ناحكومیەكان دەستپێدەكاتەوە.

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بۆ قۆناغەكانی ١-١١ی ئامادەیی، وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەكردووە:" دەستپێكی خوێندنی قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی  و پەیمانگاكان ، حكومی و ناحكومی ،  كە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١  دەستپێدەكات ، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێكی نوێ كە پێویست بێت بۆ گۆڕانكاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەكانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و كەمبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا."

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن