"ئەگەر زانایانی تەندروستی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا بەجایز بزانن ئەوە كێشە نابێ"

ڕاپۆرت

15/02/2021     ژمارەی بینراو 336

راچڵەكین-AA

بڕیارە لەنیوەی یەكەمی ئەمساڵ، یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ژەم ڤاكسینی دژەكۆرۆنا دروستكراوی كۆمپانیای ڤایزەر بگاتە عیراق و بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبكرێت، بەهۆی ئەوەی هەر كەسێك دوو ژەم ڤاكیسنەكە وەردەگرێت، بۆیە ئەم بڕەی بۆ عیراق دابین دەكرێت بەشی ٧٥٠ هەزار كەس دەكات. ئەندامیكی لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان دەڵێت:" ئەگەر پزیشكان گوتیان كارێكی پەسەندە ئەوا لە رووی شەرعییەوە كاری پێ دەكرێت

هاووڵاتییان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بەكارهێنان و وەرگرتنی ڤاكسینی دژەكۆرۆنا هەیە و بەشێك پێیانوایە كە پێویستە سەرەتا هێڵی پێشەوەی بەركەوتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڤاكیسنەكە وەربگرێت، هەندێكیش بەهۆی ناڕوونی پێكهاتەی ڤاكسینەكە ئامادەیی خۆیان دەرنەبڕیووە بۆ وەرگرتنی، ئەندامێكی لیژنەی فەتوای باڵای هەرێمی كوردستانیش رایدەگەیەنێت كە ئەوان هێشتا زانیارییان لەسەر پێكهاتەی ڤاكسینەكە نیە و چاوەڕێی ئەنجامی تاقیگەی نەخۆشخانەكان دەكەن.

هاووڵاتی، ئازاد ‌حەمەدئەمین تەمەن ٣٧ ساڵ لەبارەی وەرگرتنی ڤاكسینی دژەكۆرۆنا دورستكراوی كۆمپانیای ڤایزەر، دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی من مانگی تەمووزی پار ساڵ، كۆرۆنام گرتووە پێویستم بە ڤاكسینەكە نییە، بەڵام ئەوانەی كە پێوستییان پێیە، ئەوانەن كە تەمەنیان زۆرە یان نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە، پێویستە سەرەتا لەوان دەستپێبكرێت و من تەمەنم باشە و بەرگرییم بەهێزە".

هاووڵاتی سامان نوری تەمەن ٤٠ ساڵ ئاماژە بەوە دەكات، ڤاكسینەكە بەكارناهێنێت تا نەزانێت پێكهاتەكەی چییە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر پێكهاتەكەی لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا بگونجێت ئەوا بەكاریدەهێنێت و وتی: "ڤاكسینەكە بەكار ناھێنم چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنام گرتووە و پێم باشە دابەشكردنەكەیشی بەجۆرێك بێت كە خەڵك لێی سوودمەندبێت بەتایبەت چینی ھەژار، بە مەرجێك ئەو ڤاكسینە بێت كە لەگەڵ ئایینی موسڵماناندا بگونجێت".

سامان نوری وتیشی: "ئەگەر بێت و ڤاكسینەكە ئەوە بێت كە ماددەی بەرازی تێدا بێت، ئەوا جائیز نییە موسڵمان لەخۆی بدات، هەر بۆیەش من بۆخۆم و كەسوكارەیشم بەكاری ناهێنین، چونكە دیار نییە كە چ جۆرە ڤاكسینێكە، تا ئەو كاتەی بۆمان روون دەكرێتەوە كە چ جۆرە ڤاكسینێكە و پێكھاتەكانی چین".

هاووڵاتییەكی دیكە بەناوی خەسرۆ رەمەزان تەمەن ٧٠ ساڵ كە لەسەر عەرەبانەكەی دانیشبوو و چاوەڕوانی ئەوە بوو كە بارێك هەبێت تا بە كرێ بیگوازێتەوە و بژێوی پێ دابین بكات، بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی هاتنی ڤاكسینەكەی دەكردو وتی: "پێم باشە ڤاكسینەكە بەكاربهێنم، چونكە نەخۆشییەكە لە جەستەم دەردەكات و پێم باشترە بیدەن بە ھەموو ھاووڵاتییەك، چاوەڕێ دەكەم ڤاكسینەكە بگاتە لای ئێمە و وەریبگرم، تا ئێستاش تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبوومە".

هاوكات ئەندامێكی ئەنجوومەنی لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەوان زانیارییان لەسەر پێكهاتەی ڤاكسینەكە نیە و چاوەڕێی ئەوە دەكەن لە پشكینی ڤاكسینەكە لە تاقیگەی نەخۆشخانەكان بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت كە ئەم ڤاكسینە سوودبەخشە یان زیانبەخشە.

مەلا محەمەد ئێنەیی، پێی وایە پێویستە پزیشكان بڕیار لەسەر ئەم پرسە بدەن و  ئاماژەی بەوەكرد، دوای شیكردنەوەی ڤاكسینەكە لە تاقیگەی نەخۆشخانەكاندا، بۆ ئەوەی بزانیدرێت سوودبەخشە یان زیانبەخشە ئینجا بڕیاری لێدەدەین و رایگەیاند: ''ئێمە ھیچ زانیارییەكمان لەسەر ئەو ڤاكسینە نیە كە پێكھاتەكانی چین و، ئایا لە راستیدا ئەم ڤاكسینە سوودبەخشە یان زیانبەخشە، ئەمە زیاتر پەیوەندی بە پزیشكانەوە ھەیە''.

مەلا محەمەد ئێنەیی وتیشی: ''لە رووی شەرعەوە، ئایینی ئیسلام دەڵێ ھەر كەس لەبابەتی خۆی قسە بكات، بۆیە ئەگەر پزیشكان گوتیان كارێكی پەسەندە ئەوا لە رووی شەرعییەوە كاری پێ دەكرێت، مامۆستایان و بە گشتی لیژنەی فەتوا نازانین كە پێكھاتەكانی چین، بۆیە ھەر كاتێك لە تاقیگەی نەخۆشخانە بڕیاری لەسەردرا كە ئەمە سودبەخشە و زیانبەخش نیە،‌ ئەوا ئایینی ئیسلامیش پەسەندی دەكات''.

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر سامان بەرزنجی- وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەوان وەكو وەزارەتی تەندروستی،  پشت بە بڕوانامە نێودەوڵەتییەكان دەبەستن و ھەر ڤاكسینێك سەلامەت بێت، لە ھەرێمی كوردستان ئەو جۆرە دابین دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن