ئەمریكا پەیامێكی دڵخۆشكەر ئاراستەی ئێران دەكات

جیهان

19/02/2021     ژمارەی بینراو 218

راچڵەكین -

ئیدارەی ئەمریكا ئامادەیی خۆی بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئێران بەمەبەستی دانوستان لەسەر چەكی ئەتۆمی دەردەبڕێت ئەگەر بێتو تاران بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە مەرجەكانی رێككەوتننامەی ئەتۆمی.

ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە نوێترین پەیامی ئیدارەی واشنتۆن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، رایگەیاند "لە ئەگەری پابەندبوونی تەواوەتی ئێران بە ماددەكانی رێككەوتننامەكە، ئەمریكاش ھەمان كار دەكات و ئامادەیە بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ تاران".

لەوبارەیەشەوە، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەی بەوەكرد، وڵاتەكەی بەمەبەستی ھەنگاونانی دیپلۆماسییانە بۆ دانوستان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بانگھێشتی نوێنەری باڵای یەكێتی ئەوروپا پەسەند دەكات، كە وڵاتانی (5+1) لەگەڵ ئێران تێیدا بەشدار دەبن.

هاوكات، گەورە بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئاشكرایكرد تائێستا لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە هیچ بانگهێشتێكیان بەدەستنەگەیشتووە بۆ كۆبوونەوەی وڵاتانی (5+1)، ئاماژەی بەوەشكردووە، واشنتۆن پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكی لەو جۆرە دەكات و ئەگەر بانگهێشتنامەكەیان بەدەستگەیشت، ئامادەن بەشداری تێدا بكەن.

هەوڵەكانی زیندووكردنەوەی دانوستانەكانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، لەكاتێكدا بەرپرسانی باڵای تاران جەختیان لەوە كردووەتەوە كە بەر لە هەر هەنگاوێكی لەو جۆرە، پێویستە ئەمریكا سزا ئابوورییەكانی سەر وڵاتەكەی هەڵبگرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن