ئەمریكا؛ بەهۆی رووداوێكی تەقەكردن سێ كەس كوژران

جیهان

21/02/2021     ژمارەی بینراو 99

راچڵەكین-

لە ئاكامی رووداوێكی تەقەكردن لەناو كۆگایەكی فرۆشتنی چەك لە ویلایەتی لویزیانا باشووری ئەمریكا، سێ كەس كوژران.

كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی بە پشت بەستن بە سەرچاوەكانی پۆلیس بڵاویكردەوە، لە شاری نیو ئۆرلیانز، چەكدارێك هەڵیكوتاوەتە سەر كۆگایەكی فرۆشتنی چەك و تەقەی كردووە و لە ئەنجامدا، سێ كەس لە شوێنی رووداوەكە كوژراون.

 باسی لەوەشكردووە، دوو كەسی دیكە لە رووداوەكەدا برینداربوون و بۆ چارەسەركردن رەوانەی نەخۆشخانە كراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە پۆلیسی ناوچەكەوە دەستكەوتوون، ئەنجامدەری تەقەكان كاتێك چووەتە ناو كۆگاكەوە لەگەڵ خاوەنەكەیدا بووەتە دەمەقاڵەیی و بە چەكەكەی دەستی، دەستڕێژی گوللەی لێكردوون، سەرەتا یەك كەس كوژراوە و دوو كەسەكەی دیكەش بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە كاتێكدا لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستیپێكردووە، بەرپرسانی پۆلیسی ناوچەكە باسیان لەوە كرد كە لە كاتژمێرەكانی داهاتوودا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی ساز دەكەن و روونكردنەوە بۆ رای گشتیی دەخەنەڕوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن