ئیسپانیا.. دەیان خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركران

جیهان

21/02/2021     ژمارەی بینراو 129

راچڵەكین -

لە ئیسپانیا بەهۆی دەستگیركردنی هونەرمەندێكی راپ، ماوەی چوار رۆژە خۆپیشاندان بۆ ئازادكردنی دەكرێت، تائێستاش بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانەوە، 95 خۆپیشاندەر دەستگیركراون و 100 كەسیش بریندار بوون.

لەدوای دەستگیركردنی هونەرمەندی راپ پابلۆ هەسیل و سزادانی بەتاوانی سووكایەتیكردن بە سیستمی شاهانەی وڵات و بەرزنرخاندنی تیرۆریزم، لەچەندین شاری ئیسپانیا خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەڕێوەچوو.

ئەو هونەرمەندە راپەڕەی ئیسپانیا، بەهۆی بەكارهێنانی ژمارەیەك دەستەواژە لە تویتەر و گۆرانییەكانیدا كە تیایاندا تیرۆریزمی بەرز دەنرخاند و سووكایەتی بە شاهانە و دامەزراوەكانی دەوڵەت كردبوو، بە نۆ مانگ زیندانیكردن سزادرا و لە ١٦ی شوباتدا لەلایەن پۆلیسەوە بە زۆرەملێ دەستبەسەركرا.

هەرچەندە لە مەدرید-ی پایتەخت و چەند شارێكی دیكەی ئیسپانیا، خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانەو دوور لە توندوتیژی بەڕێوەچوون، بەڵام لە شاری بەرشەلۆنە خۆپیشاندانەكە توندوتیژی لێكەوتەوەو خۆپیشاندەران لەسەر شێوەی گروپی بچووك، ئاگریان لە زبڵداندانەكان بەردا و بەربەستیان لەسەر رێگاكان دانا و هێزەكانی پۆلیسیشیان بەردباران كرد.

لەكاردانەوەی ئەو هەڵسوكەوتانەی خۆپیشاندەران، هێزەكانی پۆلیسی ئیسپانیا 95 خۆپیشاندەری دەستگیركرد، كە زۆربەیان لەلایەن دادگاوە ئازادكران، بەگوێرەی میدیاكانی ئەو وڵاتەش، لانی كەم 100 خۆپیشاندەر بریندار بوون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن