ئەمریكا: ئەو مووشەكانەی لە هێرشەكەی سەر هەولێردابەكارهێنران.. لەلایەن ئێرانەوە دابینكراوە

کوردستان

23/02/2021     ژمارەی بینراو 190

راچڵەكین-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاشكرایكرد،  ئەو مووشەكانەی لە هێرشەكەی سەر هەولێردا بەكارهێندران لە ئێران دروستكرابوون، لەلایەن ئێرانیشەوە بۆ هێرشكاران دابینكرابوو.
 
نێد پرایس، ووتی، ئەمریكا بەردەوامە  لە لێكۆڵێنەوە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری هێرشەكەی سەر هەولێر و ئاماژەی بەوەكرد: "هەروەكو پێشتر رامانگەیاندووە، ئێمە ئێران بە بەرپرس دەزانین لە بەرامبەر كردەی گرووپە چەكدارە نزیكەكانی كە هێرش دەكەنە سەر ئەمریكییەكان." 
 
روونیشیكردەوە، ئەوان لە هێرشەكەی سەر هەولێر توڕەن كە بووە مەترسی لەسەر سەرباز و هاووڵاتیانی ئەمریكا و ئەندامانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، "پاراستنی سەلامەتیی دامەزراوە، سەرباز و هاووڵاتیەكانیان بۆ ئەوان لە هەمووشتێك لە پێشترە".

لە بارەی كاردانەوەی ئەمریكا لە بەرامبەر هێرشە مووشەكییەكانی ئەو گرووپانە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، ئەوان بە شێوەیەكی پلان بۆ دانراو، لەو كات و شوێنەی كە ئەوان بە باشی دەزانن، بە كۆمەڵێك رێگەی جیاواز وەڵامی هێرشەكان دەدەنەوە، بەڵام نایانەوێت پەلە بكەن بۆئەوەی هیچ بیانوویەك بە دەست ئێرانەوە نەدرێت تاوەكو نەتوانێت پێشێلكاریی زیاتر ئەنجامبدات و سەقامگیریی عێراق زیاتر تێكبدات.
 
شەوی 15/16ی ئەم مانگە،14 مووشەك ئاراستەی هەولێر كران و بەهۆیەوە بەڵێندەرێك و هاوڵاتییەكی مەدەنی كوژران و هەشت بەڵێندەری مەدەنیی دیكە و سەربازێكی ئەمریكیش برینداربوون.
 
دواتر "سەرایا ئەولیا‌و دەم" كەلەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەكەی سەر هەولێر راگەیاند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن