چۆنێتی پێوانی فشاری خوێن

تەندروستی

23/02/2021     ژمارەی بینراو 2033

فشاری خوێن

ڕاچڵه‌كین-

خەڵکی خۆمان بە بەرزبوونەوەی فشاری خوێن دەڵێن زەخت، ناوەکە لە عەرەبییەوە وەرگیراوە کە هەڵەیە. ووشەی زەخت واتە پەستان یان فشار، بەڵام ئەمە خۆی لە خۆیدا نەخۆشی نییە، چوونکە هەموو مرۆڤێک ئەبێت فشاری خوێنی هەبێت، جا خۆ نەیبێت واتە خەریکە دەمرێت، دكتۆر زانیار پزیشكی پسپۆڕی هه‌ناوی له‌م بابه‌ته‌دا باس له‌ فشاری خوێن و چۆنیه‌تی پێوانی فشاری خوێن ده‌كات.

نەخۆشییەکە چییە؟
کاتێک فشاری جووڵەی خوێن لەناو بۆرییەکانی خوێنی لاشەماندا زیاد لە پێوویست بوو و بەردەوام بوو ئەوا خراپە و دەبێت بە نەخۆشی. بەڵام ئه‌گەر جار جار بەرز بێتەوە مەرج نییە نەخۆشییەکە بێت چوونکە دەیان هۆکار هەیە کە زەخت بەرز دەکەنەوە و جا ئه‌گەر بێت و ئەم بەرزبونەوە بەردەوامە درێژە بکێشێت ئەوا مل دەنێت بەرەو تووش بوون بە جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک، سست بوونی دڵ، سست بوونی گورچیلە، کوێر بوون، تێکچوونی کارەبایی دڵ.

کەواتە لە ڕووی واقعەوە، نەخۆشی بەرزی زەخت یەکەم هۆکارە کە وای کردووە مرۆڤی ئەم سەردەمە پێش وادەی خۆی بمرێت یان تووشی دەردەسەری بێت لە هەموو هۆکارێکی دیکە زیاتر. بۆیە دۆزینەوە و کۆنترۆل کردنی بەرزی زەخت مەسەلەیەکی زۆر زۆر گرنگە. ئەرکی هەموو پزیشکێکە بیدۆزێتەوە و ئەرکی هەموو بەرپرسێکی تەندووستییە میلەتەکەی لێ بپارێزێت و ئەرکی هەموو پزیشکێکی هەناوییە زۆر بە جوانی کۆنترۆڵی بکات.

چۆن بەرزی زەخت بدۆزینەوە؟
1-هەموو کەسێک لە سەروو تەمەنی ٤٥ ساڵیەوە دەبێت ساڵانە زەختی خۆی بگڕێت. ئەمریکا دەلێت لە سەروو ١٨ەوە، بەریتانیا و ئەوروپا شتی دیکە دەڵێن. لە داهاتوودا ئەگەری هەیە هەموو بچنە سەر ڕای ئەمریکا چوونکە بە كرداری دەرکەوتووە هەتا زوو دەست نیشان بکرێت باشترە. 

2- پێوانی زەخت بە ئامێری جیوە هونەرێکی زۆر ووردە، بۆیە باشترە تەنها کەسە شارەزاکان بیکەن.

3- جیوە باشترە یان ئەلکترۆنی؟ بۆ لای دکتۆر جیوە بەکار دێت. بۆ ماڵەوە ئەلکترۆنی، بەڵام لەبەر بەربڵاوی حاڵەتەکە ئامێری ئەلکترۆنیش درووست کراون کە زۆر باشن و خەڵکی دەتوانن لە ماڵەوە خۆیان بیپێون. لە داهاتوودا لەوانەیە ئامێرە جیوەکان بە تەواوی ئیلغا بکرێنەوە و هەر ئەلکترۆنی بەکار بێت چوونکە ئاسانە و نەخۆش تووشی دڵە ڕاوکێ ناکات.

4-هەموو ئامێرە ئەلکتۆنییەکان نابن، دەبێت دەزگای تەندووستی ئەو ووڵاتە دیاری بکات میلەت کامە بەکار بهێنن.

پێوانی زەخت دوو جۆری هەیە:
1-  پێوانێک بۆ دەست نیشان کردنی نەخۆشییەکە کە پێی دەوترێت بەرزە پەستانی خوێن، لێرە پێی ئەڵێن نەخۆشی زەخت.
2- پێوانێک بۆ زانینی خراپی یان باشی تەندرووستی نەخۆش، ئەمەیان پێی دەوترێت (ڤایتاڵ ساین) واتە (نیشانە زیندەگییەکان). ئەمە وەکو پێوانی لێدانی دڵ و ڕێژەی ئۆکسجین و ئەوانە وایە. بۆیە کە چوویتە نەخۆشخانە زۆرجار دەبینیت زەختت ئەگرن ئەوە مەرج نییە لەبەر نەخۆشی زەخت بێت بەڵکو چاودێری تەندرووستی تۆیە تەنها.

ئەوەی لێرە باسی دەکەم پێوانەیە لەبەر نەخۆشی زەخت:
1-دەبێت نەخۆشەکە دانیشتبێت و قاچی بەرەوخوار بێت وەکو دانیشتنی سەر کورسی.
2- هێور بێت و لە ڕێوە نەهاتبێت بۆ زەخت گرتن، بەڵکو هیچ نەبێت پێنج دەقەیەک پێش ئەوە دانیشتبێت و پشووی دابێت.
3- بە لایەنی کەمەوە نیو سەعات پێشت زەخت گرتنەکە نابێت جگەرەی کێشابێت یان چا یان قاوەی خواردبێتەوە.
4- باشترین ئامێر بۆ زەخت گرتن لە ماڵەوە ئامێرە ئەلکترۆنییەکانە نەک جیوە، وەکو لە بەشی یەک باسم کرد. قۆڵ بەستەری ئامێرەکە نابێت زۆر تووند یان زۆر شل بێت، بەڵکو لە نێوانیدا بێت. دەبێت بەستەرەکە وا دابنرێت چاڵەکەی ئەنیشکی کەسەکە دیار بێت.
5- ئەو کەسەی زەختی دەگیرێت لەو کاتەدا نابێت قسە بکات و تا دەتوانێت هێور بێت.
6- ئەو قۆڵەی زەختی دەگرن دەبێت لەسەر مێزێک دانرابێت و لە ڕێکی ئاستی دڵی زەلامەکە بێت.
7- نابێت لە کاتی زەخت گرتنەکەدا پەنجەکانت بنوقێنیت و قۆڵت کرژ بکەیت. ئەمە لای ئێمە زۆر زۆرە و هەمووی هەڵەیە. زۆر کەس زەخت گرتن بە فەحسی خوێن تێگەشتووە و قۆڵی خۆی کرژ دەکات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن