كەرتی زەوی و خانووبەرە لە چاوەڕوانی رێككەوتنی هەرێم و ناوەندە

ڕاپۆرت

25/02/2021     ژمارەی بینراو 658

راچڵەكین-

ئابووری و سیاسەت پەیوەندییەكی بەھێزیان بە یەكەوە ھەیە، ھەر كاتێك بارودۆخی سیاسیی باش بێت یان خراپ، ئەوا دۆخی ئابووریش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، لەئێستاشدا بەھۆی ناكۆكییەكانی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا، دۆخی سیاسیی و دۆخی ئابووریی خراپە، ھەر بۆیەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر جومگەكانی ئابووریی دروستكردووە.

بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە، یەكێكە لەو سێكتەرانەی كە دۆخی ساسیی و ئابووریی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر دروستكردووە و ئەمەش بووەتە ھۆكارێك كە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو بەتەواوی لاواز ببێت و خاوەن نووسینگەكانی عەقاراتیش بۆچوونی چۆنییەكیان ھەیە و پێییان وایە دۆخی سیاسیی و بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار بەرامبەر بە دینار و بەرزبوونەوەی باج لەسەر زەوی و خانووبەرە ھۆكارێكە بۆ سستبوونەوەی بازاڕ.

بەوتەی خاوەن نووسینگەكانی عەقارات، لەم ماوەیەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی زیادكردنی داهات، باجی خانووبەرەی لە لەسەدا یەك بۆ لە لەسەدا سێ بەرزكردووەتەوە و ئەمەش هۆكارێك بووە بۆ سستبوونی بازاڕی ئەوان و پێیان وایە كە پێویست بوو لە بەرامبەردا، خزمەتگوزاریش بۆ ئەو شوێنانە دابین بكرێت كە تا ئێستا لە هەموو خزمەتگوزارییەك بێبەشن.

حاجی پشتیوان- خاوەن نووسینگەی هاوناز بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی، وتی: ''سستبوونی بازاڕی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە بۆچەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانه؛ دۆخی سیاسیی، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، زیادكردنی باج، بێكاری و نەبوونی مووچە كە ئەوانە تێكڕا كاریگەری لەسەر دۆخی بازاڕ بە گشتی و خانووبەرە بە تایبەتی دروست دەكەن''.

حاجی پشتیوان

حاجی پشتیوان وتیشی: ''لەبارەی بابەتی باج، سەیر دەكەین حكوومەت باجێكی ئەورووپایی لە خەڵك وەردەگرێت و ژیانێكی ئەفەریقایی بۆ دەكات، ھیچ خزمەتگوزارییەك نییە و باجیش بە فوولی وەردەگیرێت. لە ئەورووپا كاتێك باجێكی لەم شێوەیە وەردەگیرێت كە خەڵك ئیشوكارێكی چاكی ھەبێت، بەڵام لێرەدا پێچەوانەیە ئەگەر سەیر بكەیت ئەوا خەڵك بێكار و بێ مووچەیە و باجیش بووەتە سێ بەرامبەر''.

حاجی پشتیوان ئاماژەی بەوەكرد: ''ئێستا لە گەڕەكی ھەشتی حەسارۆك و سێبەردان لە هەولێر، ماوەی ٢٠ ساڵە زەوی دابەشكراوە و حكوومەت خزمەتگوزاری بۆ نابات و ساڵانەش ئەو زەوییانە باجی دێتە سەر، ئێستا زەوی ھەیە پێنج ملیۆن دینار باجی لەسەرە، كاتێك پرسیار دەكەی ئەو پارەیە ھی چییە؟ پێت دەڵێت ئەوە باجی خانووبەرەیە، ئێمە دەپرسین كاتێك تۆ خزمەتگوزاری بۆ دابین ناكەیت و ساڵانەش چۆن دەبێت ھەر زەوییەك ٥٠٠ تا ٦٠٠ ھەزار دینار باجی لێ وەردەگرێت''.

ناوبراو پێیوایە لەبارەی دۆخی سیاسییشەوە ئەگەر هەرێم و بەغدا رێكبكەون ئەوا كاریگەری لەسەر بازاڕ دەبێت و لەمبارەیەوە دەڵێت ''لەلایەكی دیكەشەوە ئەگەر ھاتوو هەرێم و بەغدا رێككەون و هەرێم ئەو ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتە رادەست بكات و لەسەدا ١٢،٦٧ی بوودجە بۆ ئێمە بێت، ئەوا بازاڕ تەواو جووڵەی تێدەكەوێت و كاریگەری زۆری لەسەر بازاڕ دەبێت''.

خاوەن نووسینگەیەكی دیكەی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو پێیوایە، ئەگەر هەرێم و بەغدا رێكبكەون ئەوا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە زیادبوونی باج كاریگەری راستەوخۆی لەسەر سێكتەری خانووبەرە دروستكردووە.

دڵشاد رەمەزان

دڵشاد رەمەزان- خاوەن نووسینگەی سەعدی بۆ كڕین و فرۆشتنی خانوو، رایگەیاند: ''بۆ بابەتی لاوازبوونی بازاڕی خانووبەرە، چەند هۆكارێك هەیە وەك بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و پاشان بارودۆخی سیاسیی نێوان عێراق و ھەرێم كە ئەمانە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هاووڵاتییان و بازاڕ ھەیە، ئەگەر بێت و ھەرێم و بەغدا رێبككەون ئەوا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە، چونكە تێكچوونی پەیوەندیی نێوانیان نزیكەی سەدا ٦٠ كاریگەری لەسەر بازاڕ كردووە، هەروەها زیادبوونی باج بە رێژەی سەدا سێ ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە لە سستبوونی بازاڕ''.

بە وتەی دەڵاڵەكانی كڕین و فرۆشتنی خانوو، جگە لە بەرزبوونەوەی باج و بەهای دۆلار بەرامبەربە دینار، نرخی فرۆشتنیش گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە كە دەبوو لەم دۆخەی ئێستا گۆڕانكاری بەسەردا بهاتایە.

رزگار رەحمان

رزگار رەحمان، ئاماژەی بەوەكرد: ''بازاڕی كڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە خاو بووەتەوە، جگە لە بەهای دۆلار كە كاریگەری زۆری كردووەتە سەربازاڕ، بابەتی باجیش پێشتر ئەگەر ٣٠٠ ھەزار دینار وەرگیرابووایە ئێستا یەك ملیۆن دینار وەردەگیرێت و پێشتر باج سەدا یەك بوو، ئێستا بووەتە سەدا سێ، پێشتر ئەگەر زەوییەك بە نرخێك بووبێت ئەوا خاوەنەكەی داوای ھەمان نرخی دەكاتەوە، بێگومان موشتەریش ئەو نرخەی پێ نادات بۆیە ئەمە بووەتە ھۆكارێكی دیكە كە بازاڕی خانووبەرە سست بووە".  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن