جەبار یاوەر: داعش هەرماوە تەنها ئیماراتەکەی لە دەست چووە

چاوپێکەوتن

26/02/2021     ژمارەی بینراو 620

راچڵەکین-

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، جەبار یاوەر دەڵێت، هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق ماوە و جەخت لەوە دەکاتەوە رێکخراوی تیرۆریستی داعش تەنیا ئیمارەتەکەی لەدەستداوە بەڵام بەردەوامە لەسەر مەشقپێکردنی چەکدارەکانی و کردەوەی تیرۆریستی.

فەریق جەبار یاوەر  لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ، رایگەیاند: "لێکۆڵینەوە لەو ئۆتۆمبێلە دەکرێت کە هێرشەم مووشەکییەکەی هەولێری ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن هاتووەتە سنووری هەولێر".

ئەمینداری گشتی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هەروەها لەبارەی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دوا و وتی: "ئەو هێزانەی لە عێراقدا بوون و هەندێکیان لە کوردستان بوون تاوەکو ئێستا، ئەوانە پێیان دەگوترێت هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ئەو هاوپەیمانێتییەی لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ پێکهێنرا کاتێک داعش هێرشی کردە سەر عێراق و بووە هەڕەشەیەک لەسەر بەغدا ئەو هاوپەیمانێتییە دروست بوو بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ و هەندێک هێزیان هێنا و هەندێک راوێژکار و مەشقپێکارییان هێنا، بەشێک لەو مەشقپێکارەنەشیان پاش رێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا هاتنە هەرێمی کوردستان و دەستییان کرد بە مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و راوێژپێکردنییان و جگە لەوەش دابینکردنی هەندێ چەک و تەقەمەنی لەکاتی شەڕی داعش، ئینجا ئەگەر ئێستا ناتۆ هێز بهێنێتە عێراق ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەو هەواڵانەی لەماوەی رابردوو بڵاوکرانەوە کە ئەو هاوپەیمانێتییەی دژ بە داعش کۆتایی دێت پاش ماوەیەکی دیکە ئەمە رەنگە ببیتە بەدیلی ئەو هاوپەیمانێتییە و ناتۆ رێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ عێراق دەکات و دێتە جێی ئەوان، ئەمە وەک پیشبینییەک دەیڵێم چونکە ئەو ژمارەیەی ئەوان دیارییان کردووە کە نزیکی ٥٠٠٠ کەس دەهێنن هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیش هەر نزیکەی ئەوەندە هێزیان هەیە لە عێراقدا بەگشتی".

فەریق جەبار یاوەر جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان بەشێکن لە عێراق و پابەندی رێکەوتنی حکوومەتی ناوەندین لەگەڵ هەر هێزێک کە بیەوێ لەو وڵاتە ئەرکی پێبسپێردرێت و گوتی: "هەر رێککەوتنێکی فەرمی عێراق بیکات لەگەڵ وڵاتانی دنیا بەتایبەت لەرووی ئەمنی و سەربازییەوە بۆ پشتیوانیکردنی هێزەکانی عێراق بەگشتی بۆئەوەی هێزەکان بتوانن کۆنترۆڵی ئەمنییەتی عێراق بکات بەتایبەت بێگومان هەرێمی کوردستانیش پێشوازی لەوە دەکات".

دەربارەی ئەوەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە راوێژکاری سەربازی هەیە رایگەیاند "بێگومان تاوەکو ئێستاش راوێژکاران و مەشقپێکارانی زیاتر لە ١٣ وڵاتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە هەرێمی کوردستانن، تا ئەم ساتەش هەم راوێژ پێشکەش دەکەن بە وەزارەتی پێشمەرگە لە بواری زۆردا وەک بواری چاکسازی و کاروباری لۆجستی و بوارەکانی دیکەش جگە لەمەش مەشق بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن جگە لەوانەش تاوەکو ئێستا هەندێک هاوکاری پێشکەش بە پێشمەرگە دەکەن بە رەزامەندی حکوومەتی عێراق بەتایبەتی لەنێویاندا ئەمریکا کە ماوەیەک پێش ئێستا دوو لیوای تریان پڕچەککرد و بڕیاریش وایە ئەو وڵاتانەی دیکە کە لێرەن لیواکانی دیکە پڕچەک بکەن".

هەڕەشەی تیرۆر هەر ماوە

جەبار یاوەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد کە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لەسەر عێراق ماوە و داعش لەسەر جموجۆڵەکانی بەردەوامە. ئەو وتی، داعش تەنیا ئیمارەتەکەی لەدەست چووە، ئەگینا بەردەوامە لەسەر رێکخستەوە و کاری تیرۆریستی و هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی کوردستان ماوە، هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەموو عێراق و ناوچەکەش ماوە، لەبەر ئەوەی داعش کۆتایی پێنەهاتووە، رێکخراوی تیرۆریستی داعش رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانییە تەنیا لە کۆتایی ٢٠١٧ ئیمارەتەکەی لەدەستچوو ئەگینا وەک رێکخراوێک خۆی رێکخستەوە و بەردەوامی داوە بە کارە تیرۆریستییەکانی خۆی هەم لەرووی فکرییەوە هەم لەرووی کاری چەکداری تیرۆریستییەوە، ئەشبینین ساڵ بە ساڵ جموجۆڵەکانی فراوانتر دەبێت بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدان لەو هێڵانەی هێزەکانی پێشمەرگە لێی دابەشبوون لەگەڵ ئەو هێڵەی سوپای عێراقی لێیە و بەتایبەتتریش ئەو ناوچانەی کە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناویان دەبەین و سەر بە ماددەی ١٤٠ن لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و کەرکووک و هەولێر و مووسڵ".

ئەو باسی لەو بۆشاییە ئەمنییەش کرد کە لە هەندێک ناوچە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروست بووە و رایگەیاند، "دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە هێڵێکە لە خانەقین دەستپێدەکات و لە رەبیعە کۆتایی دێت، نزیکی ١٠٠٠ کیلۆمەتر زیاترە لەبەرامبەر ئەودا هێڵێکی دابەشبوونی سوپای عێراق و هێزەکانی دیکەی عێراق هەیە لەنێوانی ئەم دوو هێڵەشدا لە هەندێک شوێن بۆشایی ئەمنی هەیە کە لەهەندێکیان دەگاتە ٤٠ کیلۆمەتر پانتایی ٢٠ کیلۆمەتر درێژی لە چەند شوێنێکی زۆر بەتایبەت زیاتر ئەو بۆشاییانە دەکەوێتە پارێزگای دیالە، دەکەوێتە ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و هەندێک ناوچەکانی کەرکووک تا دەگاتە قەرەچوخ، لە ناوچەکانی مووسڵ ئەم بۆشاییە کەمترە هێڵەکان لێک نزیکبوونەتەوە و بۆشاییەکی زۆریان لەنێواندا نییە".

جەبار یاوەر ئاشکرای کرد داعش لەو بۆشاییە کەڵکی پێویستی وەرگرتووە بۆ مەشقپێکردنی چەکدارەکانیان و دەڵێت "جگە لەوەش هەندێک شوێنی درێژی هەیە هێزی تێدا نییە نە هێزی عێراقی و نە پێشمەرگە، ئەمەش وایکردووە کە تیرۆریستانی داعش نەک تەنیا کاری تیرۆریستی ئەنجامبدەن بەڵکو توانیویانە بنکەو بارەگا دابنێن وەک ئەوەی لە قەرەچوغ هەیە و چەند جارێک فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لێیاندان وەک حەمرین و ناوچەکانی دەوروپشتی خانەقین و نێوان خانەقین و جەلەولا و ناوچەکانی قەرەتەپە، ناوچەکانی نێوان دووزخورماتوو- کفری، بنکەیان هەیە لە هەندێک شوێن هەیە مەشق دەکەن".

وتیشی:"بەپێی ئەو ئامارانەی ئێمە توانیومانە تۆماری بکەین لە ٢٠١٨ لەو ناوچانە داعش ٤٥٦ کردەی تیرۆرستی ئەنجامداوە و بووەتە هۆکار بۆ شەهید بوون و برینداربوون و رفاندنی هەزار و ٧٤٢ کەس، ساڵی ٢٠١٩ لەو ناوچانە ٢٧٠ کردەی تیرۆرستییان هەبووە بووەتە هۆکاری شەهید بوون و برینداربوون و رفاندنی هەزار و ٢٦٠ کەس، ساڵی ٢٠٢٠ لەو ناوچانە ٢٣٠ کردەی تیرۆرستییان هەبووە کەبووەتە هۆکار بۆ شەهید بوون و برینداربوون و رفاندنی  ٨١٢ کەس، تەنیا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢١دا لەو ناوچانە ١٥ کردەوەی تیرۆریستییان هەبووە ١٥٠ کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە لە خەڵکی سەربازی و ئەمنی و سڤیل، ئەمە بەردەوامێشە و رۆژانە دەبیستین کە لە دەوروپشتی خانەقین و ناوچەی قەرەتەپە و بەگشتی بەدرێژایی ئەم هێڵە خەریکی کردەوەکانیانن".

لە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەغدا کەمتەرخەمە

لە تەوەرێکی دیمانەکەدا جەبار یاوەر لەسەر پرسی هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دوا و بە راشکاوی رەخنەی لە بەغدا گرت و گوتی: "کاتی خۆی عادل عەبدولمەهدی بڕیارێکیدا و لیژنەیەکی لای حکوومەتی فیدراڵی عێراق دروستکرد ناوی لێنا لیژنەی هەماهەنگی کاروباری سەربازیی و ئەمنی باڵا لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئێمە پێشوازیمان لێکرد و لای خۆمان لیژنەیەکی باڵامان لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراند، لە ٢٠١٩ تاوەکو ئێستا پێنج کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لەسەر زۆر خاڵ گەیشتینە تێگەیشتنی هاوبەش، بنکەی هەماهەنگی لە خانەقین و کەرکووک و مەخموور و مووسڵ دروست بکەین دوو بنکەی سەرەکی لە هەولێر و بەغدا دروست بکەین، هێزی هاوبەش دروستبکەین لەو ناوچانە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بکەین و هێڵەکەمان تێکەڵ بکەین و بیکەین بە یەک هێڵ بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەو بۆشاییانە بکەین بەڵام بەداخەوە هەستەکەین کەمتەرخەمییەکی زۆر لەلایەنی حکوومەتی فیدراڵ یان ئەو لیژنەیەوە کە سەر بە فەرماندەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانە هەیە، نایەنە پێشەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی کە ئێمە تێگەیشتنی هاوبەشمان لەسەر هەبووە تەنیا ئەوەی کە کراوە تا ئێستا بنکەیەکی ئەوەی هەولێر ئەویش بە شەش ئەفسەر و بنکەیەکی بەغدا بە شەش ئەفسەر، هەرئەوەندەیە و هیچی تر نەکراوە و ئەویش دەتوانین بڵێین لاوازترین شێوازی هەماهەنگییە کە لەنێوانی ئێمە و بەغدادا هەیە لەرووی سەربازییەوە". 

وتیشی: "ئەو دوو بنکەیەی کە کردوومانەتەوە پێشتر وامان بڕیاردابوو کە دوو بنکەی هەماهەنگی سەربازیی و هەواڵگری دروست بکەین یەکێکیان لە هەولێر یەکێکیان لە بەغدا بەڵام بڕیارەکە بەوجۆرەبوو کە لەهەر یەکێکیان و لای هەر لایەکمان ١٦ ئەفسەری تێدا بەشداربێت نەک تەنیا لە پێشمەرگە، بەڵکو پۆلیس و ئاسایش و دژەتیرۆر و زێرەڤانی و هێزەکانی بەرگری و دامودەزگا هەواڵگرییەکانیش تیایدا بەشداربن بۆئەوەی هەم ئیشی سەربازی هاوبەش رێکبخەین هەم ئاڵوگۆڕی زانیاری هەواڵگری بکەین هەم بۆئەوەی پرۆسەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامبدەین بەڵام بەداخەوە جگە لەو دوو بنکەیەی کە ئێستا هەیە کە ئەوانیش یەکی شەش ئەفسەری تێدایە هیچی دیکە دروست نەبوو هیچ هەنگاوێکیش بۆ ئەو خاڵانەی دیکە نەنراوە هێشتا".

دەربارەی ئەوەی ئەو بنکانە تەنیا بۆ ئەو ناوچانە پێکهێندراوە یان لە ئایندە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانیش دەگرنە ئەستۆ، جەبار یاوەر رایگەیاند "ئەو لیژنانە تەنیا بۆ ئەو ناوچانە دروست بووە واتە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەو هێڵە دابەشبوونەی لەنێوانماندایە، هەر ناوی بنکەکانیش بەناوی ئەو شوێنانەیە کە لێی دروست دەبن بۆ نموونە بنکەی کەرکووک بە ناوی بنکەی هەماهەنگی کەرکووکە و لە مەخموور بەناوی بنکەی هەماهەنگی مەخموورە و بەوجۆرە واتە تەنیا ئیش لەسەر ئەو ناوچانە دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش".

لەبارەی پرسی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ئەرکی پێشمەرگەش، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتی: "شنگال هەلومەرجێکی تایبەتی خۆی هەیە، ئێمە هیچ هێزێکی پێشمەرگەمان لە شنگال نییە، پێشتر هێزی پۆلیسی فیراڵی تیابوو هێزەکانی حەشدی شەعبی تیایە و سوپای عێراقی تێدایە و کۆمەڵیک هێزی دیکەی تێدایە کەبەسەر لایەنە سیاسییەکان لەو ناوچەیە دابەشبوون بە جۆرەها ناو، لەبەر ئەوەی شنگال بارودۆخێکی تایبەتی هەبوو وە بابەتەکە پاراستنی ئاسایشی ناو شنگالە ئەو رێککەوتنەی کرا لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە نەبوو لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵ کراوە و کۆبوونەوەکانێش لەنێوان ئەواندا کراوە بۆئەوەی کە چۆن بتوانن بارودۆخی نێو شنگال رێکبخەنەوە، بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین راستە ئەو رێککەوتنە کراوە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی نەنراوە، تاوەکو ئێستا ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین هەموو ئەو چەکدارانەی کە پێشتر لەوێبوون هیشتا هەر هەن و هەموو هێزە جیاوازانەی کە هەبوون هێشتا هەر لەوێن و بابەتی ئیدارەدانی هەر وەک خۆیەتی ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە بۆ ئەو ململانێیەی کە هەیە لەناو شنگال بەتایبەت لەنێوان ئەو لایەنانەی کە لەوێن چ پێکهاتەکانی پێکهێنەری خەڵکی دانیشتووی شنگال یان ئەو لایەنە سیاسیانەی لەوێ هەن".

دەربارەی ئەوەی ئەگەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بسپێردرێت ئامادەیە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ و هاوشانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق دۆسیەی ئەمنی ناوچەکە بگرنە ئەستۆ رایگەیاند "لەو رێککەوتنە هیچ بڕیارێکی بەو جۆرە نەهاتووە، لە یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەدا باس لەوە کراوە کە هێزێک لە خەڵکی دانیشتووی شنگال پێکبهێندرێت و دروست بکرێت و وەک پۆلیس بێت و سەر بە حکوومەتی فیدراڵ بێت و ئەمنیەتی شنگال لە ئەستۆ بگرێت، چونکە خۆی هەر لە بنەمادا هێزی پێشمەرگە نایەتە ناو شارەکانەوە ئەرکی هێزی پێشمەرگە پاراستنی ناو شارەکان نییە بەڵکو ئەرکەکەی دابەشکراوە بۆ پاراستنی ئەو هێڵە بۆ پاریزگاری لە کوردستان و دزەنەکردنی داعش، هیچ شارێکی کوردستان ئەرکی پاراستنی بە ئێمە ناسپێردرێت لەبەر ئەوەی ئەرکی ناو شارەکان دەگەڕێتەوە بۆ پۆلیس و ئاسایش و دامودەزگاکانی ئاسایشی ناوخۆ".


- لێکۆڵینەوە لەو ئۆتۆمبێلە دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن هاتووەتە سنووری هەولێر

دەربارەی هێرشە مووشەکیيەکەی سەر هەولێر و ئەو لیژنەیەی پێکهێندرا بۆ لێکۆڵینەوە لێی کە ئایا کارەکانی گەیشت بەکوێ و چ لایەک لەو لیژنەیە بەرپرسە، جەبار یاوەر رایگەیاند "بەهەمان شێوە وەزارەتی ناوخۆ لەمەش بەرپرسە، وەک باسمکرد لەبەر ئەوەی پاراستنی ئەمنییەتی شارەکان ئەرکی هێزەکانی ناوخۆیە ئەرکی پێشمەرگە نییە بۆ نموونە هەموو هەولێر بگەڕیین هیچ شوێنێک نییە پاراستنی بە ئێمە سپێردرابێت، نە وەزارەتەکان نە کۆنسوڵگەرییەکان نە خودی فڕۆکەخانە هەموو ئەو ئەرکە دەگەڕێتەوە بۆ هێزەکانی پاراستنی ناوخۆ لەبەر ئەوە پاش ئەو رووداوە وەزارەتی ناوخۆ خۆی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دروستکرد بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان چونکە بەشێک لەو مووشەکانە لە بارەگاکانی هاوپەیمانان درابوو کە لەناو سنووری فرۆکەخانەدان و ئەوان بەیەکەوە دەستییان کردووە بە لێکۆڵینەوە و هەر ئەو شەوە توانییان ئەو ئوتومبیلە کە لەجۆری کیابوو لە شوێنێکی نزیک هەولێر بدۆزنەوە کە قاعێدەی مووشەکەکانی لەسەر بوو، ئەوەیان دۆزیەوە بەڵام هەتاوەکو ئێستاش لە هەوڵدان بۆئەوەی بزانن بکەرەکان کێن و چۆن ئەو ئوتومبیلە گەیشتووەتە ناو هەولێر و سنووری هەولێر، بۆئەوەی بتوانن رێگری لەوە بکەن جارێکی دیکە رووداوی وا روونەدات".

وتیشی: "رووداوەکەی پێشتری مانگی نۆی ساڵی ٢٠٢٠ لە بەرتلەوە بوو واتە لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بوو و مووشەکەکانیش دوور هاوێژتر بوون بەڵام ئەمەیان لەناو هەرێمی کوردستانەوە بوو دەبێت زیاتر لێی بکۆڵنەوە کە چۆن ئەو ئوتومبیلە گەیشتووەتە ئەو شوێنە و لە هەمان رۆژیشدا کازمی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی دەرکرد و ئەم دوو لیژنەیە بەیەکەوە هەماهەنگی دەکەن بۆ گەیشتن بەوەی کە بزانن کێیە و چۆن بووە و ئەگەر خەڵکێک دەستنیشان بکرێت کە دەستی لە رووداوەکە هەبووە دەستگیربکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت، ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئەرکەکەمان هاوکاریکردنی ئەو لیژنەیەیە بە زانیاری، ئێمە بەرێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری پێشمەرگەمان هەیە هاوکاری لیژنەکە دەکات بە پێدانی زانیاری".



"میکانیزمەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە چاوەڕوانی فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانە"

دەربارەی پرۆژەی چاکسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پشکی شێری بەر وەزارەتی پێشمەرگە کەوتووە بەو پێیەی گرفتێکی زۆر لەناو وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، تاوەکو ئێستا قۆناغەکانی چاکسازی لەنیو وەزارەتی پێشمەرگە بەکوێ گەیشتووە، جەبار یاوەر رایگەیاند "ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە پێنج خاڵە، هەر خاڵێک پەیوەندی بە بابەتێکەوە هەیە، خاڵیک پەیوەندی بە یەکەکانی ژمێریارییەوە هەیە کە چۆن یەکەکانی ژمێریاری یەکدەخرێت، خاڵیکیش پەیوەندی بە کەمئەندامان و خانەنشینانەوە هەیە چۆن پێداچوونەوەیان پێدا بکریت، خاڵێک پەیوەندی بە دۆسیەوە هەیە کە چۆن دۆسیەکانی پێشمەرگە رێکبخرێنەوە، خاڵێکیش پەیوەندی بە پێکهاتەی گشتی وەزارەتی پیشمەرگەوە هەیە، خاڵێکی دیکەیان پەیوەندی بە هەندێک رێنمایی هەیە دەربارەی راژەی پێشمەرگە و پلە بەرزکردنەوە، بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵانە دەبێت لیژنەی وەزارەت هەبێت و خودی وەزیر سەرۆکایەتی لیژنەکە بکات و لێپرسراوە باڵاکان ئەندامبن تیایدا وە پێنج لیژنەی لاوەکیمان دروستکردووە بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران، هەر پێنج لیژنەکە راسپاردەکانی خۆیان ئامادەکردووە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆچۆنییەتی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باسمان کرد، چاوەڕێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانین بۆئەوەی دەستبەکاربن، لەبەر ئەوەی ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە ئێمە هەندێکی پەیوەندی هەیە بە نێوانی ئێمە و وەزارەتی ناوخۆ هەیە کە بابەتی پاسەوانەکانە، هەندێکی پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان ئێمە و وەزارەتی دارایی کە پەیوەندی بە بابەتی ژمێریاری و ئەو بابەتانە هەیە و هەندێکیشی پەیوەندی بە نێوانی ئێمە و وەزارەتی شەهیدان هەیە، لیژنەکانی ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانە دانیشتوون و میکانیزمەکەمان ئامادەکردووە و رای خۆمان پێشکەشکردووە ماوەتەوە سەر فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردن".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن